هەسەدە: داعش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە 153 هێرشی ئەنجامداوە

شەیری بکە لە:
هەسەدە: داعش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە 153 هێرشی ئەنجامداوە

دیمەنی چەند چەکدارێکی داعش لە سووریا. وێنە؛ میدیا عەرەبییەکان

ئاڤا نیوز

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ڕایدەگەیێنێت، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە دیمەشق لە 8ـی 12ـی 2024ـەوە تا 20ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، داعش 153 هێرشی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە 2025-9-22، ئەبجەر داود، وتەبێژی فەرمی هێزەکانی هەسەدە، لە شاری حەسەکە ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لەدوای قەیرانی سووریا لە 2011 و دروستبوونی بۆشایی ئەمنییەوە، ڕێکخراوە تووندڕەوەکان، بەتایبەتی داعش، گەشەیان کردووە و بوونەتە هەڕەشەیەکی جیهانی.

ڕاگەیێنراوەکە ئەمانەشی تێدایە:

٠ هەسەدە، بە هاوکاری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، لە دژوارترین شەڕەکانی سەردەمدا دژی داعش وەستاوەتەوە، لە کۆبانێ  تا ڕەقە و دواتر باهۆز، توانیویەتی زیانی گەورە بە داعش بگەیێنێت و قەڵای خەلافەتەکەی تێکبشکێنێت. سەرەڕای ئەو زیانانەی بەری کەوتوون، داعش هێشتا هەوڵدەدات خۆی ڕێکبخاتەوە و سوود لە نائارامییەکانی هەندێک ناوچە وەربگرێت.

٠ لە 10 مانگی ڕابردوودا، هەسەدە 70 ئۆپەراسیۆنی دژی داعش ئەنجامداوە، لەنێویاندا سێ ئۆپەراسیۆنی فراوان، کە 95 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 3 سەرکردە و 6 چەکداری دیکەیان کوشتووە، کە دووانیان سەرکردە بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی داعشیشدا، 30 چەکدارمان گیانیان لەدەستداوە و 12ـی دیکە بریندار بوون، هەروەها 6 هاووڵاتی سڤیلیش کوژراون.

٠ هەسەدە جەخت لەسەر بەردەوامبوونی شەڕ دژی داعش، گرنگی هاوبەشی نێودەوڵەتی و پێویستیی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیرۆکەی تووندڕەوی و دابینکردنی سەقامگیری. داواشی کرد پشتگیریی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت بۆ یارمەتیدانی ناوچە ڕزگارکراوەکان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ