ڕێبوار تاڵەبانی بۆ یەکەمجار نهێنیەک لەسەر ڕیفراندۆم دەدرکێنێت

شەیری بکە لە:

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئاڤا نیوز

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ئاڤا میدیاوە بۆ یەکەمجار نهێنیەک لەبارەی ڕیفراندۆم دەدرکێنێت و دەڵێت، هەرچەندە مەرجی یەکێتی بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم ئەوەبوو کە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیش ئەنجام بدرێت، کەچی دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر ئەو هەڵوێستە فەرمییەی یەکێتی، هەڵوێستی بەشێک لە سەرکردایەتیی ئەو حیزبە بەکتوپڕی گۆڕا و ئامادەش نەبوون بە ئاشکرا بیدرکێنن.

چیرۆکی سەرەکی: هەشت ساڵ بەسەر ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێپەڕدەبێت، کە خەڵکی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە، بەزۆرینەی 93% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا.

لێدوانی فەرمی: ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەرچەندە مەرجی یەکێتی بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم ئەوەبوو کە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیش ئەنجام بدرێت، کەچی دوای تێپەڕبوونی 3 مانگ بەسەر ئەو هەڵوێستە فەرمییەی یەکێتی و بەدیاریکراوی لە 23ـی ئەیلوول، هەڵوێستی بەشێک لە سەرکردایەتیی ئەو حیزبە بەکتوپڕی گۆڕا، بیانووشیان ئەوەبوو کە ئەگەر ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بکرێت، عێراق هێرش دەکاتە سەرمان و دەستیانکرد بە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.

چی ڕوویدا: لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکارییەی لە گوتاری سیاسیی یەکێتی ڕوویدا، سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی 23ـی ئەیلوولی 2017، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم سەرکردایەتیی حیزبەکان کرد و مەبەستی بوو بەڕاشکاوی گوێ لە بۆچوون و سەرنجی سەرجەم لایەنەکان بگرێت.

سەرۆک بارزانی پێی وتن، "ئەگەر ترسەکە ئەوەیە عێراق هێرش دەکات، ئەوا هێزی چەکدار و چەکی پێویست بۆ سەنگەرەکان دەنێرین و سەرجەم پێداویستییەکان بەردەست دەخەین."

سەرۆک بارزانی ڕوو لە ڕێبوار تاڵەبانی دەکات و پێی دەڵێت، "تۆ چی دەڵێیت؟"

تاڵەبانیش لە وەڵامدا وتوویەتی: "ئەو ترسەی برادەرانی یەکێتی لە کاتێکی هەستیاردایە و تەنها دوو ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم؛ بۆچی ماوەی سێ مانگە ئەو بابەتەیان باس نەدەکرد کە هەر داوا و پێشمەرجی خۆیان بوو."

ڕێبوار تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکە ئەوەشی وتووە کە ئەگەر پێیان باشە لە کەرکووک نەکرێت با لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بە ڕای گشتی ڕابگەیەنن کە باشتر وایە ڕیفراندۆم لە کەرکووک نەکرێت بە خاتری ئەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان تێک نەچێت.

وەڵامی سەرکردایەتی یەکێتی چی بوو: سەرکردایەتی یەکێتی ئامادە نەبوون ڕای گشتی لەو پێشهاتە ئاگادار بکەنەوە و خۆیان بخەنە هەڵوێستەوە.

چۆن کەرکووک هاتە نێو پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە: لە مانگی ئازاری ساڵی 2017 و دوای 10 ساڵ لە جێبەجێنەکردنی قۆناغی کۆتایی ماددەی 140 کە ئەو قۆناغە پەیوەست بوو بە ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر ئاییندەی کەرکووک، هەرچەندە ئەوکات ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەو بابەتەی بۆ حکومەتی فیدڕاڵ ڕەوانە کرد کە هۆکاری چییە کار لەسەر قۆناغی سێیەم و کۆتایی ماددەی 140 ناکرێت؛ ئەوسا ئەنجوومەنەکە پێشنیازی کرد کە ئەگەر حکومەتی فیدڕاڵ خۆی بەو کارە هەڵنەستێت، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.

وەڵامی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوکات حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران ئەوەبوو کە لە کاتی ئێستادا ناتوانن قۆناغی کۆتایی 'دیاریکردنی ئاییندەی کەرکووک'، لە ئەرزی واقیعدا بکەن.

بە نووسراوی فەرمی جەختمان لەسەر ئەو بابەتە کردەوە و بۆمان ڕوونکردنەوە کە جێبەجێ نەکردنی قۆناغی کۆتایی پرسەکە، بەواتای پێشێلکاری ئاشکرای دەستووری عێراق و بەدیاریکراوی ماددەی 140ـی دەستوور دێت و، ناچارین سکاڵا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار بکەین. هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماتکارانمان لەو پێشێلکاریە دەستوورییە ئاگادار کردەوە. دواتر کە سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بڕیاری گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دەرکرد، بەباشمان زانی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کەرکووکیش لەگەڵ ئەو ریفراندۆمە بکەینە یەک پاکێج.

 

 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ