سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی نامەیەکی مەزڵووم عەبدیدا: پابەندییەکانی سەرشانمان جێبەجێ دەکەین

شەیری بکە لە:
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی نامەیەکی مەزڵووم عەبدیدا: پابەندییەکانی سەرشانمان جێبەجێ دەکەین

وێنەی کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیران بەریتانیا و مەزڵووم عەبدی،

ئاڤا نیوز

شاندێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بەشداری لە کۆنگرەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کرد و لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا چاویان بە  کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیران و جۆن هێلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا کەوت و نامەیەکی فەرماندەی گشتی هەسەدەیان پێگەیاند تا لەندەن هانی چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکانی سووریا بدات، ستارمەریش ڕایگەیاند، بەریتانیا پابەندییەکانی سەرشانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا جێبەجێ دەکات.

وێنە گەورەکە: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە ئێستا پارتی حکومڕانی ئەو وڵاتەیە کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بەست، لە کۆنگرەکەدا دۆسییەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی و هەڵوێستی لەندەن لەبارەیانەوە هەڵسەنگێندرا، شاندێکی مەسەدەش بەشداریی کۆنگرەکەیان کرد.

لێدوانی فەرمی: حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی مەسەدە ڕایگەیاند، لە پەراوێزی کۆنگرەی پارتی کرێکاراندا شاندی مەسەدە نامەیەکی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی گەیاندووەتە کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە نامەکەیدا مەزڵووم عەبدی داوای کردووە حکومەتی بەریتانیا ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕێت لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سووریا، پشتیوانی ئاشتی ناوخۆیی و هاندان بۆ چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای گشتگیریی و دادپەروەریی.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی مەسەدە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هیوای خوستووە گەلی سووریا لە ئاشتییدا بژیی، جەختیشیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی بەریتانیا هەموو پابەندییەکانی سەرشانی بۆ سەرکەوتنی ئاشتی بۆ گەلی سووریا جێبەجێ دەکات.

لە دیدارەکەشیاندا لەگەڵ وەزیری بەرگری بەریتانیا شاندەکەی مەسەدە باسیان لە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکانی سووریا کردووە، هاوکات پرسیارەکانیش لەبارەی ئاستی پابەندبوونی حکومەتی سووریا بە ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان دیمەشق و هەسەدە تاوتوێ کراون.

بەوتەی هاوسەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی مەسەدە، ڕێککەوتنی 10ی ئازار سەرەتای پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە کە بنەماکەی لامەرکەزیی و بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسییە بۆ سووریا کە پەرلەمانەکەی لە دوو ئەنجوومەن پێکبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ