چەند پەیامێک لە سەرۆکوەزیرانەوە دەربارەی مووچە و کابینەی نوێ و پۆستی سەرۆککۆمار

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، هەموو هەوڵی حکومەتی کوردستان بۆ ئەوەیە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواو لەسەر حکومەتی فیدراڵی دەکەین کە هەموو مووچەکان بنێرن. لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقیش دەڵێت، ئەو پۆستە بۆ کوردە بەڵام لەناو کورددا دەبێت ڕێککەوتن بکرێت و هێشتا بۆ هیچ لایەنێک یەکلایی نەبووەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-11-2025، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی کارگەی تەکنەلۆژیای زێڕین2ـی لە شاری هەولێر دانا، دواتریش لەسەر بابەتی مووچە، سەرۆککۆماری عێراق، کردنەوەی کونسولخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و پێکهێنانی کابینەی نوێ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە هێندە دوابکەوێت، جێی داخە ئێمە هێشتا چاوەڕێی مووچەی مانگی نۆین بەڵام حکومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کردووە، ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە و داوامان کردووەکە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوخۆی لە کاتی خۆی بنێرن، ئێستاش چاوەڕیی دەکەین، ئەوەی بیستوومانە بەڵێنیان داوە ئەو مووچانە لە زووترین کات بنێرن، بەڵام ئەوە تەنیا مووچەی مانگی نۆ نییە، ئێمە خەریکین بەرەوە کۆتایی ساڵ دەڕۆین.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مووچەخۆرانی دڵنیا کردەوە، کە "هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیەی کە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت، فشاری تەواو لەسەر حکومەتی فیدراڵی دەکەین، کە هەموو مووچەکان بنێرن، ئیتر ئەگەر ئەمە نەکرێت دەبێت گلەییەکە ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی بکرێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە وەڵامی پرسیاری کوردستان حەسەن، پەیامنێری دیپلۆماسی ئاڤا گوتی: کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، ئاماژەیەکی ڕوونە لەسەر هێز و ئەو پەیوەندییە باشەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە، پەیوەندییەکی زۆرباش لە نێوانمان هەیە، کردنەوەی ئەو کونسوڵخانەیەش ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە کە بە نیازن بەردەوام بن و هیوادارم بەردەوام بن لەوەی بتوانین زیاتر یارمەتی یەکتر بدەین، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.

پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گوتی: پێشتریش گوتوومانە هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە، ئێمە زۆر هەوڵماندا پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، بێگومان ئەو وەختە نەرمی زیاتر و هەلی زیاتر لەپێش بوو، بەڵام لایەنەکانی تر وایان پێخۆشبوو بابەتەکە دوابخرێت تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، ئێستاش وەک ئەوەی خۆیان ویستوویانە هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە پێش، ئێمەش بەپێی ئەو هەلومەرجانە هەڵسوکەوت دەکەین.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق  مەسرور بارزانی بە ئاڤای گوت، "ئێمە داکۆکی دەکەین پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت، بەڵام لەناو کورددا دەبێت ڕێککەوتن بکرێت، ئەو پۆستە بەهیچ شێوەیەک بۆ هیچ لایەنێک یەکلایی نەبووەتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ