ڕووپێوێکی گشتی لەسەر تەندروستیی ئافرەتان و منداڵانی کوردستان ئەنجامدەدرێت

شەیری بکە لە:
ڕووپێوێکی گشتی لەسەر تەندروستیی ئافرەتان و منداڵانی کوردستان ئەنجامدەدرێت

دیمەنی دوو کارمەندی پرۆسەی سەرژمێری. وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دەستەی ئاماری کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف ڕووپێوێکی نوێ لەسەر ڕەوشی تەندروستیی خێزانی کوردستان بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان ئەنجام دەدات.

وێنە گەورەکە: پێنج ساڵ جارێک ڕووپێوێکی نوێ لەسەر ڕەوشی خێزان بە گشتیی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان  ئەنجامدەدرێت، بۆ زانینی تەندروستیی خێزان بە گشتی و تەندروستیی ئافرەتان و منداڵ بە تایبەتی، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە پڕۆسەکە دەستپێبکات و 45 ڕۆژ دەخایەنێت.

لێدوانی فەرمی: شوان عەباس، سەرپەرشتیاری ڕووپێوی لە دەستەی ئاماری کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگە لە سەرانسەری کوردستان ڕووپێوێکی مەیدانی ئەنجام دەدەین، بە ئامانجی زانینی ڕەوشی تەندروستیی خێزان بە گشتیی و تەندروستیی ئافرەتان و منداڵان بە تایبەتی.

زانیاریی زیاتر: شوان عەباس، دەڵێت، ڕووپێویەکە لە چوار پرسیارنامە پێکهاتووە:

٠ پرسیارنامەی یەکەم تایبەتە بە خێزان بە گشتیی، وەکو تایبەتمەندییەکانی خێزان لە ڕووی نیشتەجێبوون و ژمارەی ئەندامانی خێزان و ئاستی خوێندن.

٠ پرسیارنامەی دووەم تایبەتە بە ئافرەتانی تەمەن 15 ساڵان تاوەکو 49 ساڵان، ئەوانەی لە تەمەنی وەچەخستنەوەن، بەسێ قۆناغ چاودێری دەکرێن ئەو ئافرەتە دووگیانانەی پێش ئەوەی منداڵیان ببێت، کاتی منداڵ بوون و دوای منداڵ بوون.

٠ پرسیارنامەی سێیەم تایبەتە بە منداڵانی تازە لەدایکبوو تاوەکو پێنج ساڵان، چاودێری ڕەوشی تەندروستیان دەکرێت.

٠ پرسیارنامەی چوارەم تایبەتە بە منداڵانی پێنج ساڵان تاوەکو 17 ساڵان.

ئەمەش بزانە: بۆ ئەو پرۆسەیە 45 کارمەند ئامادەکراون، ڕاهێنانیان پێکراوە، لەسەرجەم پارێزگاکان دەست بە پرۆسەکە دەکرێت، لەلایەن ڕێکخراوی یونسیف پاڵپشتی دەکرێت و بودجەی بۆ دابینکراوە.

شێوازی جێبەجێکردن: کارمەندەکان لە هەر پارێزگایەک چەند نموونەیەک وەردەگرن، نزیکەی هەزار و 80 خێزان لە هەر پارێزگایەک وەردەگیرێت، لەو خێزانانە پرسیار لەسەر تەندروستیی ژن و منداڵان دەکرێن، بۆ ئەوەی بیزانرێت ڕەوشی تەندروستییان چۆنە و لە چ ئاستێکن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: