بەرگریی شارستانیی کوردستان و عێراق هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدەن؛ ئەگەری لافاو هەیە

شەیری بکە لە:
بەرگریی شارستانیی کوردستان و عێراق هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدەن؛ ئەگەری لافاو هەیە

دیمەنی بارانبارین لە شاری هەولێر. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

لەسەر داوا و پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاو، بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان سەرجەم تیمەکانی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات.

وێنە گەورەکە: بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت لافاو لە بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت، بۆیە سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی، هۆشداری بە هاووڵاتیانیش دەدرێت لە کاتی بارانبارین لە ماڵەکانیان دەرنەچن ئەگەر بۆ کارێکی پێویست نەبێت.

لێدوانی فەرمی: موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە تا پێنجشەممە تەواوی تیمەکانمان بە ئامێر و کەلوپەلی ڕزگارکەر لە سەرجەم شار و شاروچەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

زانیاریی زیاتر: وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە هەر ناوچەیەک پێویستییان بە تیمەکانمان هەبوو، دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 115ـەوە بکەن بۆ ئەوەی تیمی فریاگوزارییان بۆ بنێرین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو ئۆتۆمبێل و کەرەستانەی بۆ ئەگەری نەخوازراو و لافاو پێویستن بۆ هاوکاریی خەڵک، لەلایەن بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئامادەکراون بۆ بەکارهێنانیان لەکاتی دروستبوونی لافاو و حاڵەتی پێویست.

لەلایەکی دیکەوە: نەواس سەباح، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ڕایگەیاند، جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی دەکەینەوە لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دووربکەونەوە لە ستوونەکانی هێڵی کارەبا و تەلە هەڵواسراوەکان و دووربکەونەوە لە تێلەکانی کارەبا بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی بریسکە، هاوکات داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە ماڵەکان نەچنە دەرەوە لە کاتی بارانباریندا جگە لە حاڵەتە فریاگوزارییەکان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ