ناوەندێکی ئەمریکی: چارەسەرکردنی کێشەی حەشدی شەعبی "نا واقیعییە" پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت
- ڕاپۆرت
- 11 ئایار

چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی و ئاڵای ئەمریکا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
ناوەندێکی فیکری ئەمریکی باس لە پێویستی چاکسازی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات بۆ " دوورکەوتنەوە لە کەوتنە ناو ململانێی ناوچەیی"، کە وا لە سیستەمی سیاسی لە عێراق دەکات "ڕووبەڕووی قۆناغێکی چارەنووسساز ببێتەوە کە پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە."
وێنە گەورەکە: دوای ئەوەی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد، بە فتوای ئاینیی لە نەجەف ئەو گرووپە چەکدارییە دروستکرا، دواتر یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بە زۆرینەی دەنگ لە 2016 پەسندکرا و هێزەکەی کرد بە هێزێکی یاسایی لە چوارچێوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: حکومەتی عێراق زیاتر لە جارێک داواکاری لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی پێگەیشتووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت لەلایەن لایەنە چەکدارەکانەوە. هاوکات چەند جارێکیش هەڕەشەی لێدان لەو هێزانە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ستیمسۆن "ترسی پەرەسەندنی تووندوتیژی ناوچەیی بۆ عێراق، لەوانەش ئەگەری شەڕی ئەمریکی-ئیسرائیلی دژی ئێران، گفتوگۆی تووندی لەسەر داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی زیندوو کردووەتەوە."
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەم مشتومڕە دوای نزیکەی 11 ساڵ لە دامەزراندنی ئەم گرووپە چەکدارانە دێت کە بە ئامانجی بەشداریکردن لە ڕاگرتنی پێشڕەوی ڕێکخراوی داعش دروست بوو."
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لەبەر ڕۆشنایی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ڕووبەڕووی ساتێکی چارەنووسساز دەبنەوە کە پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداری داوە کە شکستی واشنتۆن و تاران لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ناوەکی دەکرێت ببێتە هۆی 'ئاکامی مەترسیدار' بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
بۆ پاراستنی عێراق لە مەترسی ڕاکێشان بۆ ناو ململانێیەکی ناوچەیی فراوان، ڕاپۆرتەکە پێیوایە "پێویستە چاکسازییەکی بنەڕەتی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نابێتە بیانوویەک بۆ لاوازکردنی ئەو سەقامگیرییە لاوازەی کە بە زەحمەتێکی زۆر لە وڵاتدا بەدەست هاتووە."
ئیدارەی ترەمپ پێشبینییەکی ڕوونی بۆ عێراق داناوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی تووندوتیژیەکانی ناوچەکە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە مانگی ئازاری ڕابردوو بەسترا، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی دڵنیابوونی حکومەتی عێراق لە "کۆنترۆڵکردنی تەواوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە ناو سنوورەکانیدا، لەوانەش هێزەکانی حەشدی شەعبی" کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم هێزانە دەبێت ملکەچی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن نەک ئێران."
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە "بۆچوونی باوی ڕۆژئاوا کە هێزەکانی حەشدی شەعبی تەنها ئامرازێکن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام نکۆڵی لە بوونی خراپبوونی ناوخۆیی و تووڕەیی گشتی بەرامبەر بەم ڕێکخراوە ناکات. لەکاتێکدا کەس نکۆڵی لەو ڕۆڵە گرنگە ناکات کە هێزەکانی حەشدی شەعبی شان بە شانی لایەنەکانی دیکە لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش و ئازادکردنی خاکی عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017 گێڕاویانە، بەڵام ئەو وێنەیەی کە ڕێکخراوەکە و لایەنگرانی هەوڵیان داوە وەک پێشەنگی سەروەری نیشتمانی جێگیری بکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە."
هاوکات ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ڕەخنەگرانی ئەم ڕێکخراوە ئاڵۆزە، کە چەندین گرووپی چەکداری جۆراوجۆر و هاوپەیمانی سیاسی ڕکابەر لەخۆ دەگرێت، زۆرجار کورتی دەکەنەوە بۆ ئەوەی تەنها نوێنەری ئێرانە و ئەوە پشتگوێ دەخەن کە ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییە قووڵەکانی لە ناوچەکانی دەسەڵاتی شیعە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقە."
سەرەڕای ئەمەش، ڕاپۆرتەکە پێیوایە "ئەو بانگەشەیەی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی لە دەرەوەی فەرماندەیی حکومەت کار دەکەن، وێنەی ڕاستەقینە پیشان نادات و بە بەڵگەوە باس لە پابەندبوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە مانگی کانوونی یەکەم دەکات، کە خۆی لە دەستێوەردان بۆ پشتگیریکردنی بەدوور ڕاگرت، سەرەڕای بانگەوازی ئاشکرا لە هەندێک لایەنەوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕدا."
لە بەرامبەردا، لایەنگرانی سەرسەختی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ڕێکخراوەکە و قوربانییەکانی بەرز بنرخێنن و هەر ڕەخنەیەکی ڕەوا بە پیلانگێڕی دەرەکی بۆ لاوازکردنی سیستەمی سیاسی شیعەی عێراق ڕەتدەکەنەوە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە "داواکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەوانەیە گرژی تائیفی زیاتر بکات و لە جیاتی ئەوە جەخت لەسەر ڕێگەیەکی کرداری بۆ نوێکردنەوەی دامەزراوەکان بکرێت." ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە حکومەتی عێراق لە مانگی ئازاردا پڕۆژە یاسایەکی نوێی پێشکەش بە پەرلەمان کرد بە ئامانجی جێگرتنەوەی یاسای ساڵی 2016 کە حەشدی شەعبی بە فەرمی کردبوو، بەڵام کێشەی یاسایی و پێکهاتەیی گرنگی بە هەڵپەسێردراو هێشتەوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "ناڕوونی لە پێکهاتەی سەرکردایەتییەکەی، چاودێری بودجە و تێکەڵبوون لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی هێشتا سەرچاوەی گرژی بەردەوامن، پڕۆژە یاسا نوێیەکە هەوڵ دەدات ئەم کەلێنانە چارەسەر بکات لە ڕێگەی دانانی پێوەری ڕوونتر بۆ ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو دەوڵەتی عێراقدا."
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی چاکسازی، دەبێت ڕوونکردنەوەی ئامانجی ستراتیژی حەشدی شەعبی بێت. پڕۆژە یاسا نوێیەکە ئەرکی ڕێکخراوەکە وەک بەشداریکردن لە پاراستنی دەستوور و سیستەمی دیموکراسی عێراق و پشتیوانیکردن لە بەرگری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک و هەوڵەکانی دژە تیرۆر پێناسە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکە ڕەخنە لە پشتگوێخستنی یاساکە دەگرێت بۆ کێشەی قوڵتر، کە تیایدا گرووپەکان کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوەکەیان کردووە و سەرچاوەکانی دەوڵەتیان وشککردووە و پێگەکانیان بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان قۆستووەتەوە و خۆیان لە لێپرسینەوە پارێزراو کردووە بە بەکارهێنانی میراتێکی نەتەوەیی کە چیتر نوێنەرایەتی ناکەن. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە یاخیبووەکان نەک تەنها لە دەرەوەی پێکهاتەی سەرکردایەتی فەرمی کار دەکەن، بەڵکو هەندێک جار چالاکانە دەسەڵاتی دەوڵەت لاواز دەکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ڕووداوەکەی کانوونی دووەمی 2024 دەکات کە تێیدا "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، وەک گرووپێکی سەر بە ئێران لە ناو حەشدی شەعبی، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر تاوەری 22 کە خاڵێکی سەربازی ئەمریکایە لە نزیک سنووری عێراق و ئوردن و سووریا و سێ سەربازی ئەمریکی کوژران." لە بەرامبەردا ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر بەغدا و بووە هۆی کوژرانی ئەبو باقر ساعدی، سەرکردەی دیاری میلیشیای کەتائیبی حیزبوڵڵا کە پۆستێکی فەرمیشی لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی هەبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێیوابووە کە ئەو کەسە ڕاستەوخۆ دەستی لە هێرشی درۆنییەکە هەبووە".
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆستی بەرزی ساعدی لە دامەزراوەیەکی حکومی، متمانە و دەستپاکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی لاواز کرد."
ڕاپۆرتەکە هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە دەدات و ئاماژە بە هەڕەشەکانی پێشووی ئیسرائیل لە دژی حەشدی شەعبی دەکات، لە ئەگەری ئەوەی ئەمجارە چاوەڕێی ئیدارەی ترەمپ نەکات بۆ هێرشێکردنە سەریان، ئەگەر بێت و عێراق جڵەوی توخمە یاخیبووەکان لە ناو پێکهاتەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی نەگرێت.
ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەم ئەگەرە زیاتر دەبێت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڕەشەکانی بۆ لێدانی ئێران بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل جێبەجێ بکات لە حاڵەتی شکستهێنانی دانوستانەکانی ناوەکی."
ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "داڕشتنی دیدگایەکی ستراتیژی درێژخایەن بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی و دووبارە پێناسەکردنی ڕۆڵی لە خزمەتی پێکهاتەی ئەمنی بەرفراوانتری عێراق پێویستی بە کات و ڕێککەوتنی سیاسی هەیە، بەڵام پێشنیازی هەنگاوی دەستبەجێ دەکات بۆ دانانی بنەماکانی چاکسازی قووڵتر:
یەکەم؛ ڕاپۆرتەکە داوا لە حەشدی شەعبی دەکات پەیوەندییە نافەرمییەکانیان لەگەڵ ئێران بەتەواوی بپچڕێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆچوونە چەسپاوانەی سەبارەت بە ئاراستەی سیاسی دژە ڕۆژئاوا و باوەڕیان بەوەی داهاتووی ستراتیژی عێراق بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێدراوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حەشدی شەعبی خۆی لە دەربڕینی بیروبۆچوونی سیاسی لەسەر کاروباری ناوخۆ و دەرەوە دوور بخاتەوە و ئەندامەکانیان کۆنەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە سیاسەتی حکومەت. هەروەها پێشنیاز دەکات کە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە سەرۆکی دەستەکەشەوە بۆ ڕاوێژکردن سەردانی ئێران و هیچ وڵاتێکی بیانی نەکەن و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی تەنها دەبێت سەرۆکوەزیران وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەم کۆبوونەوەیانە بەڕێوە ببات.
دووەم؛ ڕاپۆرتەکە بە پێویستی دەبینێت پەلە لە گۆڕینی سەرکردایەتی حەشدی شەعبی بکرێت و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە "بەردەوامبوونی فالح فەیاز، سیاسەتمەداری بەئەزموون، لە پۆستی سەرۆکی دەستەکە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پرسیار لەسەر ڕاددەی بێلایەنی ئەو دروست دەکات" و جەختی لەوە دەکاتەوە کە "پێویستە کەسانێک کە لایەنگری سیاسی یان خواستی خۆ کاندیدکردنیان هەیە، سەرکردایەتی دەستەکە لە ئەستۆ نەگرن". بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی لەلایەن سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بۆ چاکسازی لە سەرکردایەتی باڵای حەشدی شەعبی هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بەرەو دوورخستنەوەی ڕێکخراوەکە لە سیاسەت."
لەوەش زیاتر، ڕاپۆرتەکە داوای "پێویستی ڕاگرتنی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ دەستکەوتی کەسی دەکات، ئەوەی کە زیادی کردووە لەگەڵ زیادبوونی بودجەی ڕێکخراوەکە." ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ڕووداوی "هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوی نیشتەجێبوون لە جادریە لە بەغدا لە ساڵی 2023 لەلایەن کەسانێکەوە دەکات کە پێیوایە پەیوەندییان بە کەسایەتییە دیارەکانی دەستەی حەشدی شەعبییەوە هەبێت، کە بووە هۆی تووڕەیی گشتی بەرفراوان و دەستێوەردانی مەرجەعی باڵا ئایینی عەلی سیستانی بۆ سەرکۆنەکردنی."
سێیەم؛ ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کەموکوڕی بەردەوام لە شەفافیەت لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی. ئاماژە دەکات بە "نەبوونی ڕاپۆرتی ورد لەسەر خەرجی ڕێکخراوەکە، بە پێچەوانەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، کە نیگەرانی جدی دروست دەکات سەبارەت بە چاودێری دارایی و دزینی پارەی گشتی."
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە "ڕەتکردنەوەی حەشدی شەعبی لە هاوبەشیکردنی داتاکانی کارمەندەکانیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێش هەڵبژاردنەکانی 2021 و بەردەوامی خەمڵاندنە ناکۆکەکان سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە لیستی مووچەکانیاندا تۆمارکراون و ئاسانکاری بۆ خراپ بەکارهێنانی پارە و دەستکاریکردنی سیاسی و زیادبوونی ژمارەی کارمەندان" دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە داوا لە سەرکردایەتی شیعەکانی عێراق دەکات "بڕیارێکی ڕوون سەبارەت بە داهاتووی حەشدی شەعبی بدەن" و هۆشداری دەدات لەوەی "هێشتنەوەی بەبێ چاودێری لەوانەیە ببێتە هێزێکی سیاسی و دووبەرەکی و لاواز بۆ دەستکاریکردنی دەرەکی."
پێیوایە کە بانگەشەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە یان یەکخستنی "نا واقیعین"، بەڵام "جەخت دەکاتەوە کە نابێت لەسەر حسابی بەرژەوەندیی نیشتمانی عێراق بمێننەوە.
ڕاپۆرتەکە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئامانجی سەرەکی خۆی بۆ بەرگریکردن لە عێراق لە هەڕەشەی تیرۆر و داماڵینی ئەجێندای تایەفەگەری و چەوساندنەوە کە یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراق لاواز دەکات.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر "پێویستی گەڕاندنەوەی ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە عێراق لە هەڕەشەی تیرۆر، هاوکات داماڵینی ئەو ئەجێندا تایەفەگەرییەی کە یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراق لاواز دەکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
چوار تیکتۆکچی لە سلێمانی دەستگیر کران
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
سعودییە پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە ژیری دەستکرد ڕادەگەیێنێت
12 ئایار
حکومەتی تاڵیبان یاریی شەترەنج قەدەغە دەکات
11 ئایار
حەوت لایەنی سیاسی لە کوردستان دەیانەوێت بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
10 ئایار
ڕاگواستنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد
10 ئایار
لەنێوان ئیتاڵیا و یۆنان 43 کۆچبەری کورد ڕزگارکران
10 ئایار