چاودێرانی سیاسیی عێراق: ناكرێت مووچەخۆران ببنە قوربانیی ناكۆكی سیاسی

شەیری بکە لە:
چاودێرانی سیاسیی عێراق: ناكرێت مووچەخۆران ببنە قوربانیی ناكۆكی سیاسی

ئاڤا نیوز

سەركردەی حیزب و لایەنە عێراقییەكان و چاودێرانی سیاسیی كۆكن لەسەر ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانیی ناكۆكییە سیاسییەكان، هاوكات بە پێویستی دەزانن گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵا بكرێت بۆ ئەوەی چارەسەریی ڕیشەیی ئەو پرسە بكرێت.

چیرۆكی سەرەكی: وا بڕیارە سبەی یەكشەممە، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەردانی هەرێمی کوردستان بكەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، كۆببنەوە، هەوڵەكان بۆ چارەسەریی ڕیشەیی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن.

لێدوانە فەرمییەكان:

سەلاح بوشی، چاودێری سیاسیی تایبەت بە ئاڤای ڕاگەیاند، "بۆچوونمان وایە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەشێكن لە فەرمانبەرانی عێراق و دامەزراوە فەرمییەكانی، بۆیە ناكرێت ببنە بەشێك لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان، پێویستە مێزێكی سیادیی گفتوگۆ هەبێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، ڕكابەری سیاسی نابێ دەستوەردان لە مافە بنەڕەتییەكان بكات، ئەوەش بەمە دەكرێت هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق پابەندییەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن."

جەلیل لامی، ئابووریناسی دیاری عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: حكومەتی عێراق پەلەی كرد لە بڕیاری ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕاستكردنەوەی بڕیارەكە كۆمەڵێك دانیشتن و گفتوگۆ بەدوای خۆیدا دێنێت، كە چەندین كەسایەتی سیاسیی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكانن، سەرەڕای جیاوازیی سەرنج و تێڕوانینەكان، هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن كە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەمجۆرە ناكۆكی و لێكتێنەگەیشتنانە، دووربخرێتەوە.

حوسێن جەنابی، چاودێری سیاسی دەڵێت، "گومان لەوەدا نییە هەر لایەنێكی سیاسی بۆ خۆدەرخستن و گەمەی سیاسی بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن، بابەتی دیكە دەڕووژێنن و دەیكەنە كەرەستەی ڕكابەری، هەر لایەنێك دەیەوێت قەناعەت بە دەنگدەرانی بكات كە ئەوەی دەیكات یان كردوویەتی پاساوی گونجاوی هەیە، بەتایبەت لە پرسێكی گرنگی هاوشێوەی دارایی، كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی تێكڕای خەڵكییەوە هەیە.

محەمەد فەیسڵ، چاودێری سیاسی تایبەت بۆ ئاڤا بۆچوونی وایە، بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە ناردن و نەناردنی مووچە و شایستە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بابەتەكە تەنها سیاسییە و پەیوەندی بە هەموو جەستەی سیاسیی عێراقەوە هەیە، لە هەر قۆناغێك ئەو جۆرە بابەت و قەیرانانە دەژیێننەوە و دووبارە بەكاریدەهێننەوە. تاكە لایەنیش كە باجی ئەو ململانێیە دەدات و بووەتە قوربانی؛ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانن.

بابەتە ستراتیژییەكە: لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەكەی سبەی یەكشەممە بە پێویست دەزانن و لەمبارەیەوە موعین کازمی، سەرکردە لە رێکخراوی بەدر بە ئاڤای ڕاگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی دەسپێشخەریەكی هەیە بۆ ئەوەی جۆرێك گونجان و لێتێگەیشتن بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان دروست بكات، پێویستە سەرجەم لایەنەكانیش هاوكار و هەماهەنگ بن لە سۆنگەی هەستی نیشتمانییەوە ئەرك و پابەندییەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن، تا هەموو لایەك ماف و شایستەكانیان وەربگرن بەبێ جیاكاری."

بەتەنیشت ئەم بابەتەوە: رەحم عەبوودی ئەندامی دەستەی گشتیی ڕەوتی حیکمە، وتی: "ناکرێت پرسی مووچە تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان بکرێت و بە پێویستی دەزانین کۆبوونەوەیەکی فراوان لە ئاستی باڵا بۆ چارەسەركردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا، سبەی، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر دێتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە."

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ