ئاڤا وردەکاری ڕووداوی کێڵگە نەوتییەکەی کفری دەخاتەڕوو

شەیری بکە لە:
ئاڤا وردەکاری ڕووداوی کێڵگە نەوتییەکەی کفری دەخاتەڕوو

گرافیکی کێلگەیەکی نەوت

ئاڤا نیوز

دوای ئەوەی وا بڵاوكرایەوە كە هێزێكی سەر بە سوپای عێراق هاتوونەتە ناوچەی گەرمیان بەمەبەستی داگیركردنی چەند بیر و كێڵگەیەكی نەوت و گوایە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە بكەونە ئینزاری 'جیم'ـەوە، ئاڤا وردەکاری ڕووداوەکە ڕووندەکاتەوە.

شوێنێك هەیە ناوی گومارە، لادێیەكە، دەكەوێتە سنووری ناحیەی كوڵەجۆ كە كۆكسی پێ دەگوترێت و لە سنووری قەزای كفرییە، وەك باس دەكرێت ئەم گومارە شوێنێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بیرێكی لێیە كە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو بۆ ئاشکراکردنی نەوت لێدراوە، بەڵام ئێستا هیچ نەوتێكی لێ دەرنایەت و نەكراوە بە كێڵگەی نەوت و سەری داخراوە.

چی ڕوودەدات: تیمێكی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق و چەند كۆمپانیایەكی نەوتی چینی و ئیماراتی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، مانگانە یان دوو مانگ جارێك دەچنە نزیك ئەو گومارە بۆ ئەوەی سەیری ئەو بیرە نەوتە بكەن كە مەبەستیانە وەبەرهێنانی تێدا بكەن، بەڵام هەموو جارێک لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت و دواتر دەگەڕێنەوە.


لێدوانی فەرمی: ساهر عەلی، قایمقامی كفری بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ئەو تیمە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەر بۆ هەمان مەبەست هاتبوونە نزیك ناوچەی گومار، بەڵام دیسان لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازەوە ڕێگرییان لێ كرا و هیچ پێكدادانێكیش ڕووی نەداوە.


زانیاریی زیاتر: قایمقامی كفری ڕەتی كردەوە كە هێزی سوپای عێراق چووبێتە شوێنەكە، بەڵكو گوتی، تیمەكە مەدەنین و فەرمانبەری وەزارەتی نەوت و كۆمپانیاكانن، هەموو جار پۆلیس و پێشمەرگەش پێیان گوتوون كە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن ئینجا بچنە شوێنەكە، بەڵام ئەوان هەر لەخۆیانەوە دەچنە نزیك گومار و هەموو جارێكیش ڕێگەیان پێنادرێت. تیمەكە هەموو جار هەر لە دوورەوە سەیرێكی بیرە نەوتەكە و ناوچەكە دەكەن و دەگەڕێنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ