چیرۆکی ژەهراویبوونی 19 سەربازی تورکیا لە ئەشکەوتێکی کوردستان؛ تا ئێستا 12 گیانیان لەدەست داوە

شەیری بکە لە:

گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

ئاڤا چیرۆکی ژەهراویبوونی 19 سەربازی تورکیا لە ئەشکەوتێکی کوردستان ئاشکرا دەکات کە 12 سەرباز بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

چیرۆکی سەرەکی: ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 6-7-2025، هێزێکی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان لە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان لە نزیک زاخۆ کردووە و بە دوای تەرمی ئەفسەرێک گەڕاون کە مانگی پێنجی ساڵی 2022 لەو ناوچەیە کوژراوە، ئەو کات هەر چەند هەوڵیان داوە نەیانتوانیوە تەرمەکەی بێننەوە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا 19 سەرباز چوونەتە ناو ئەشکەوتێک کە پێشووتر شوێنی مانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بووە کە ئەشکەوتێکی قووڵ بووە تونێلێکیش لەنێو ئەشکەوتەکە لێدراوە.

ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا؟

کاتێک سەربازەکان لە ئەشکەوتەکە دەچنە ژوورەوە بێ ئەوەی هەست بە هیچ بۆنێک بکەن تا کۆتایی ئەشکەوتەکە دەڕۆن، لە پڕێکدا هەست دەکەن هەناسەیان تەنگ بووە، هەر لەوێدا چەند سەربازێک بێ هۆش دەبن، هەندێکیان دۆخی تەندروستییان باشتر بووە پەیوەندی بە سەرووی خۆیان دەکەن و خێرا تیمێک فریایان دەکەوێ و دەیانبەن بۆ نەخۆشخانە.

پێنج لەو سەربازانەی گەیێنرانە نەخۆشخانە، لەوێ گیان لەدەست دەدەن، لە دوێنێ ئێوارەشەوە تا ئێستا حەوتی دیکەش گیانیان لەدەست داوە، واتە تا ئێستا 12 سەرباز گیانیان لەدەست داوە و حەوت سەربازەکەی دیکەش دۆخی تەندروستییان باش نییە. 

کاریگەریی و لێککەوتەکان: ڕووداوەکە کاردانەوەی زۆری لەناو خەڵکی تورکیا دروست کرد، لەبەرئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەراسیمی چەکدانانی پەکەکە دەکرێت و ڕێککەوتنی ئاشتی هەیە لە تورکیا، بۆیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەمبارەیەوە پەیامیکی بڵاوکردەوە و دڵگرانی خۆی ڕاگەیاند.

هاوکات، ئەردۆغانیش تەنیا سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی سەربازەکان نارد و هیوای زوو چاک بوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست. هەروەها سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، بەهەمان شێوە تەنیا سەرەخۆشییان نارد، هیچ کاردانەوەیەکی تووندیان نیشان نەدا، بێ ئەوەی هۆکاری ڕووداوەکە بخەنە ئەستۆی هیچ لایەنێک و هەڕەشە بکەن. 

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: بەشێک لە شرۆڤەکارە سیاسییەکانی تورکیا ئەم ڕووداوە بە تەڵەیەک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی ناودەبەن، پێشووتریش ئەردۆغان چەند جارێک وتویەتی "ڕێگە نادەین کەس پرۆسەکە تێک بدات".

تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی تورکیا، جگە لەوەی باس لە گازی میسان دەکرێت، بۆ هۆکاری ڕووداوەکە هیچ کەس و لایەنێکی تۆمەتبار نەکردووە. 

گازی میسان چییە و لە چی و چۆن دروست دەبێت؟

ئاڤا میدیا قسەی لەگەڵ پسپۆڕێکی ئەم بوارەدا کرد، د.سەنگەر ساڵح، پسپۆری كیمیای پیشەسازییە دەڵێت، گازی میسان یەكێكە لە گازە ژەهراوییەكان و دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤ.

گازی میسان لە كاربۆن و هایدرۆجین پێكدێت لە قوڵایی زەویی هەیە و وەك گازەكانی تر لە ژێر زەوی دێنە دەرەوە، لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و شیبوونەوەی لاشەی مرۆڤ و ئاژەڵیش دروست دەبێت. هاوکات کێشی زۆر سووكە و زۆر زووش دەسووتێ و زۆر بە ئاسانی جێی خۆی دەكاتەوە لە هەر شوێنێك ئۆكسجین كەم بێت میسان بە ئاسانی جێی دەگرێتەوە.

لەبارەی ڕووداوەکە د. سەنگەر دەڵێت، پێدەچێت ڕووداوەکە 95%ی سروشتی بێت،  لە قوڵایی زۆر ئەشكەوت هەیە و ئەمە حاڵەتێكی ئاساییە، ئەو سەربازە توركانە كاتێك چوونەتە ژوورەوە لەبری ئەوەی ئۆكسجین هەڵبمژن گازی میسانیان هەڵمژیوە، بەبێ ئەوەی هەستی پێبكەن، ڕەنگە ئەو گازە لەو شوێنە لە ئەنجامی شیبوونەوەی تەرمی مرۆڤ و لاشە و پاشماوەی زۆری ئاژەڵیش دروست بووبێت، ئەمە یەكێكە لە ئەگەرەكان.

پێشتر گەریلاکانی پەکەکە لەم ئەشکەوتە بوون، چۆن ئەوان ژە‌هراوی نەبوون؟

د.سەنگەر دەڵێتت ئەو سەربازە توركانە شارەزا نەبوونە و زۆر چوونەتە قوڵایی ئەشكەوتەكە،  ئەگەر پێشتر پەكەكەش لەو شوێنە بووبن، بێگومان شارەزابوونە و زانیویانە هەتا چ ئاست و قوڵاییەك ئۆكسجین هەیە لەوە زیاتر نەڕۆشتوون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ