پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر ستانداردە جیهانییەکان تێدەپەڕێنێت
- ڕاپۆرت
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش

پاڵاوگەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر، وێنە: محەممەد شوانی، ئاڤا
ئاڤا نیوز
هەولێر لە دابینكردنی ئاوی شیرین، بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك، ستانداردە جیهانییەكان تێدەپەڕێنێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێتە خاوەنی گەورەترین و ستراتیژیترین پرۆژەی ئاو لە عێراق و ناوچەكە، بەجۆرێك؛ پێداویستیی شارەكە بۆ ئاو بۆماوەی چەندین ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.
چیرۆكی سەرەكی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێککەوتی 8ـی ئەیلوولی 2024، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێری دانا، كە بە یەکێک لە پرۆژە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەندرێت؛ گرفتی كەمئاوی لە هەولێر بۆ ماوەی 30 ساڵی دیکە چارەسەر دەکات.
زانیاریی زیاتر: بەپێی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاو، هەر هاووڵاتییەك ڕۆژانە 250 لیتر ئاو بەكاردەهێنێت، بەڵام بە تەواوبوونی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو، هەولێر ئەم ستاندەرە جیهانییە تێدەپەڕێنێت و بۆ هەر تاکێک 450 لیتر دابین دەکرێت.
وردەكاریی پرۆژەكە:
- لەسەر ئاوی زێی گەورە بوونیادنراوە و گوژمەی 470 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێكردنی تەرخانكراوە.
- هێمن گروپ كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكەیە و 100%ـی كارەكانی پرۆژەكە بە دەستی كاری خۆماڵی تەواو كرا.
- ڕۆژانە 480 هەزار مەرتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت، كە دەكاتە سێ ملیۆن و 191 هەزار و 10 بەرمیل ئاوی سازگار و شیرین كە بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر. بەمەش بارگرانی و فشار لەسەر بۆڕیی ئاوی ئیفراز یەك، دوو، و سێ كەم دەكاتەوە كە ئێستا هەر سێ هێڵەكە ڕۆژانە 13 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن كە دەكاتە 81 هەزار و 767 بەرمیل.
- پرۆژەكە 20 عەمباری گەورەی ئاوی هەیە كە دەتوانێت نزیکەی 300 هەزار مەترسێجا ئاو کۆگا بکات.
- لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا دەپاڵێوێت.
- ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنێت.
- تیرەی بۆرییەکان هەزار و 600 ملیم (مەترێک و 60 سانتیم) دەبێت.
- ماوەی دیاریكراو بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە 14 مانگە، بەڵام بە كەمتر لە ساڵێك ئاو بەشێوەی ئەزموونی گەیشتە شاری هەولێر.
- پرۆژەكە 60%ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات، هەر سێ هێڵەكەی ئیفرازیش 40%ـی ئاوی هەولێر، بەمەش گرفتی كەمئاوی هەولێر بەیەكجاری چارەسەر دەبێت.
- لەگەڵ سێ ئیفرازەکە ڕۆژانە نزیکەی 650 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکەن.
چۆن كاردەكات:
لە کۆگاکانی دابەشکردنی ئاو بە چوار بۆری گەورە ئاو دەگەینرێتە شاری هەولێر بەمجۆرە:
بۆڕی یەکەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە سێبیرانەوە دەگوازێتەوە و بە شەقامی 150 مەتریدا تێدەپەڕێت تا ڕێگای کۆیە، لەو ئاڕاستەیە ژمارەیەک لقی لێدەبێتەوە کە ئاو دەگوازنەوە بۆ 'سێبیران ، شێخەشل، گەزنە، بەحرکە، پیرزین، شاوێس'.
بۆڕی دووەم، لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دێتە ناوشار، تا دەگاتە شەقامی بەحرکە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی ئەم سنورە دابین دەکات
بۆڕی سێیەم، 1200 ملیمەتر ئاو لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی 'مامزاوە، قەتەوی، ژیان، تۆبزاوە ئەحمەد، دارەتوو، بنەسلاوە، هەشتی حەسارۆک و کەسنەزان.
بۆڕی چوارەم، لەناوەوەی شەقامی 120 مەتریەوە ئاو دەگوزێتەوە بۆ گەڕەکەکانی 32ی پارک، شادی، بەهاری نوێ، بەهاری کۆن، کوردستان، کرێکاران، نێرگز، ڕاستی و 94ی باداوە.
تۆڕە ناوخۆییەكان: لەپاڵ تۆڕی سەرەكی گەیاندنی ئاوی پرۆژەكە، كۆمپانیای كەی وەن پرۆژەی بەیەکەوە بەستنی تۆڕە ناوخۆییەكانی گەڕەكەكان جێبەجێ دەكات كە ئێستا لە سنووری شارەوانییەکانی چوار، پێنج و شەش کارەکانی بەستنەوەی تۆڕە ناوخۆییەكانی ئاو بە پڕۆژەی گەیاندنی خێرایی ئاو تەواو بووە، لە شارەوانییەکانی دیکەش پیش کۆتایی ئەمساڵ بەستنەوەی تۆری ئاو بە پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.
خاڵە ئەرێنییەکان: ئێستا بەشێک لە گەڕەک و پرۆژەکانی هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، ئەمەش بووەتە قەیرانێکی ژینگەیی و ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ زیاتر لە 70 مەتر دابەزیوە، بە تەواوبوونی سەرجەمی پرۆژەکە، نزیكەی هەزاری بیری ئاو لە سنووری هەولێر، پڕدەكرێنەوە و ئاستی ئاوی ژێرزەوی ئاسایی دەبێتەوە.
ئاوی پرۆژەكە بە كردەیی گەیشتە هەولێر:
لێدوانی فەرمی: ئەندازیار ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە ئاڤای گوت، "هەرسێ وێستگەی ئینتەیک، وێستگەی چارەسەرکردن و پاڵاوتنی ئاو و وێستگەی دابەشکردنی سەرەکی ئاو، کارەبایان بۆ دابینکراوە و ئێستا هەر چوار قوفڵی تووڕەق، سەركارێز، ڕۆشنبیری و ژیان بەشێوەی تێست لە ڕۆژی 12ـی ئەم مانگەوە كراونەتەوە و تا ڕۆژی چوارشەممە 16-7-2025 تاقیكردنەوەی ئەزموونی دەبێت، كە ناوچەکانی شەقامی مووسڵی کۆن و نوێ، شەقامی کۆیە، شەقامی مەخموور و شەقامی کۆیە، دورووبەری شەقامی 120 مەتری دەگرێتەوە، كە لەماوەی ڕابردوو زۆرترین گرفتی كەمئاوییان هەبوو."
له زۆنی ڕێگهی كۆیه تا مووسڵ له دهرهوهی بازنەی شهقامی 120 مهتری، بۆ ماوهی 72 كاتژمێر ئاوی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرا بهشێوهی ئهزموونی (تێست) دهگاته ماڵان له 20 گهڕهك و شوێنی ههولێر، تیمهكانیش بهردهوام چاودێریی پرۆسهكه دهكهن.
لەلایەکی دیکەوە: لەهەمان كاتدا وەزارەتی شارەوانی لە ڕاگەیێنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو: لهگهڵ تهواوبوونی كارهكانی پڕۆژهکە و دانانی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەکییەکان، بەستنەوەی بە هێڵە سەرەکییەکانی پرۆژەی فریاگوزاری لە زۆنی دەرەوەی بازنەی 120 مەتری کە لە تووڕەقەوە دەستپێدەکات، شەقامی مەخموور، شەقامی کەرکووك تا شەقامی کۆیە دەگرێتەوە، ڕۆژی 12ـی تەمموزی 2025، گشت قفڵهكانی سنووری زیاتر له 20 گهڕهك و شوێنی شاری ههولێر له دهرهوهی بازنهی 120مهتری كرانهوه، ئاو بۆ 72 كاتژمێر بهشێوهی ئهزموونی دهگاته ماڵان.
ئهو گهڕهك و شوێنانەی كە بەشێوەی ئەزموونی ئاوی پرۆژەكەیان پێگەیشتووە بریتین له: تووڕەق، مامزاوا، سەرکارێز، قەتەوی، میرزا ئەحمەد، نازماوە، گردمحهمهد، ژیان، قەرەبووی ژیان، گردەڕەشە، قەرەبووی تۆبزاوا، ئاسوودە، ڕۆشنبیری، فەرمانبەران، زیلان، 5ی حسارۆك، گەلاوێژ، هاوکاری، بێرکۆتی نوێ.
قۆناغی داهاتوو چی دەبێت: ئەندازیار هێمن، ئەندازیاریی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بۆ ئاڤا دەڵێت، دوای سەركەوتنی كردنەوەی ئاوی هێڵی یەكەم بەشێوەی ئەزموونی، هێڵەكانی دووەم و سێیەم و چوارەمیش تا كۆتایی ئەمساڵ كارەكانیان تەواو دەبێت و قوفڵەكانیان بەڕووی گەڕەكەكانی هەولێر دەكرێتەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 53 خولەک لەمەوپێش
ئاڤا سەرچاوەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی ئاشکرا دەکات
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتەکانی بۆ ئێران دەستپێدەکاتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ڕیهانا بەشداری لە فیلمی بابە سەمفوور دەکات
3 کاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بازرگانی ڕیشهێشتنەوە لە فەرمانبەرانی قەدەغە دەکات
3 کاتژمێر لەمەوپێش
دێربی بادینان لە سلێمانی دەکرێت
4 کاتژمێر لەمەوپێش
پەیوەندی نێوان شەکرەی خوێن و نەخۆشییەکانی چاو ئاشکرا دەکرێت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
بەکارهێنانی بیستۆک هەڕەشە لە بیستنی گەنجان دەکات
7 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق چۆن لە "هەڕەشەیەکی چارەنووسساز" ڕزگاری بوو؟