دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە؛ ئاستەنگی و دەرفەتەکان
- ڕاپۆرت
- 15 تەممووز

ژنێکی ئاوارەی شنگال
ئاڤا نیوز
دوای ئەوەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە، ئومێدەکان بۆ باشتربوونی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارە بۆ ناوچەکانیان زیاتربوون، بەڵام وەک پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئەمنیی باسی دەکەن، سەرەڕای کاریگەری ئەرێنیی بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر دۆخی شنگال، بەڵام هۆکاری ناوخۆیی و هەرێمیی ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە لەماوەی نزیک مەودادا.
چیرۆکی سەرەکی: 11ی تەمموز پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکەم قۆناغی داواکارییەکەی ئۆجەلانی بۆ چەکدانان جێبەجێکرد، ئەنقەرەش دەڵێت دەبێت چەکدانانەکە هەسەدە لە سووریا، پژاک لە ئێران و هەموو گرووپەکانی دیکەی سەر بە پەکەکەش بگرێتەوە.
لێدوانی فەرمی: یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئاوارەکان بۆ شنگال ناگەڕێننەوە، چونکە دۆخی ئەمنیی، مرۆیی و خزمەتگوزاری قەزاکە تائێستاش ئاستەنگییەکی گەورەیە و ڕێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هۆکارە زانراوەکان: بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە چوار هۆکار دەبنەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوانیش بریتین لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر قەزاکە، دوورخستنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بەشێوەیەکی کارا و هەوڵێکی دەستبەجێ و خێرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
لەلایەکی دیکەوە: سەیف ڕەعد، شارەزای کاروباری ئەمنیی و ستراتیژیی بۆ ئاڤا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە مانای کەمبوونەوەی بوونی سەربازی تورکیایە لەو ناوچەیە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کە ساڵی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا، دەتوانێت گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاسانتر بکات.
مەترسییە پێشبینیکراوەکان: بەوتەی ئەو شارەزایە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاوارەکان ئەوەیە یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) پابەندی بڕیارەکەی پەکەکە بۆ چەکدانان نەبن، چونکە ئەوان لەڕووی باوەڕ و سەربازییەوە سەر بە پەکەکەن، بەڵام لەڕووی کارگێڕیی و داراییەوە لەسەر دەستەی حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێن و ئێستا زیاتر لە 1500 چەکداریان لەناو ئەو دامەزراوە فەرمییەی عێراقدا هەیە.
گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: دووەم گەورەترین ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، خاپووربوونی 70%ی ژێرخانی قەزای شنگالە، لەوانەش خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، خوێندن و تەندروستی. بەردەوامی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداش لەسەر خاوەندارییەتی ناوچە کوردستانییەکان و لەناویاندا شنگال، بوونی هاوسۆزی بەشێکی ئێزدییەکان بۆ یەبەشە و بوونی هێزی سەربازیی تری خاوەن بەرژەوەندی جیاواز، ئاستەنگی دیکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: هۆکارێکی دیکەی مانەوەی کێشەی شنگال بەهەڵواسراوی پەیوەندی بە گرنگی پێگەی جوگرافی قەزاکەوە هەیە، بەجۆرێک تورکیا وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی سەیری دەکات و بەهۆکاری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی ناکشێنێتەوە، ئێرانیش بە ڕێڕەوی هاتووچۆی نێوان عێراق و سووریا و لوبنان سەیری دەکات و نایەوێت گرووپەکانی نزیک لە تاران قەزاکە چۆڵ بکەن، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی ئاسایشی قەزاکە کۆنترۆڵ بکەن، بەوەش هەژموونی ئێران کەم دەبێتەوە.
ئەوەی پێشبینیی دەکرێت: بەوتەی سەیف ڕەعد شارەزای ئەمنی، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی هەرێمیی و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، بە هاتنی سوپای عێراق و ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش، کێشەکانی قەزاکە هەر دەمێنن، ئەویش بەهۆی کاریگەری پەکەکە لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی شنگال و هاوسۆزی بەشێکی ئێزدییەکان لەگەڵیدا، ئەویش لە دەرئەنجامی ڕۆڵی ئەرێنی لە ئازادکردن و پاراستنی ئێزدییەکان لەژێر دەستی داعش.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 25 چرکە لەمەوپێش
20 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی موجتەبا میرزادە تێدەپەڕێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
گەورەترین پارچە بەردی هەسارەی مەریخ دەفرۆشرێت
9 کاتژمێر لەمەوپێش
لەماوەی شەش مانگدا زیاتر لە حەوت هەزار ژوانی نێوان هاوسەران لە چاکسازییەکان بەستراون
16 تەممووز
ڕیهانا بەشداری لە فیلمی بابە سەمفوور دەکات
14 تەممووز
وەزارەتی بازرگانی ڕیشهێشتنەوە لە فەرمانبەرانی قەدەغە دەکات
14 تەممووز
دێربی بادینان لە سلێمانی دەکرێت
14 تەممووز