وردەکاری سیستمی هەڵبژاردنی کاتی بۆ ئەنجوومەنی گەل لە سووریا ئاشکرا دەکرێت
- ڕاپۆرت
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش

ئاڤا نیوز
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا، وردەکارییەکانی سیستمی هەڵبژاردنی کاتی و ئەو میکانیزمەی ئاشکرا کرد کە وڵات بۆ یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد پەیڕەوی دەکات.
چیرۆکی سەرەکی: بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە نێوان 15 بۆ 20ـی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، لەژێر ڕێوشوێنی تایبەتدا کە ڕەچاوی دۆخی قۆناغی گواستنەوە و ئاڵۆزییەکانی دیمۆگرافی و ئیداری دەکات. ژمارەی کورسییەکانیش لە 150 کورسییەوە بۆ 210 کورسی زیاد کراوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی دەستووری کاتیی سووریا، ماوەی قۆناغی ڕاگوزەر پێنج ساڵە، لەو ماوەیەدا پەرلەمانی نوێی سووریا لە کەسانی پسپۆڕ، شارەزا و نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکان بەبێ هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت، ئەرکی پەرلەمانە کاتییەکەش دەرچوواندنی یاسا، پەسەندکردنی بودجە و ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
فەلسەفە و میکانیزمی سیستمی هەڵبژاردنی کاتی
بەپێی وتەی بەرپرسانی لیژنەکە، سیستمی هەڵبژاردنی پەسەندکراو، هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ هەموو هاووڵاتیان، بەڵکو "حاڵەتێکە لە بەشداریی نێوان هەڵبژاردن و دەستنیشانکردن". بەهۆی ئاڵنگارییە لۆجستییەکانی وەک نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی، گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی گەورە و بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر، پەنا براوەتە بەر میکانیزمێک کە پشت بە پێکهێنانی لیژنەی لاوەکی دەبەستێت بۆ دروستکردنی "دەستەی هەڵبژێرەر" (هيئات ناخبة) لە 60 بازنەی هەڵبژاردندا. ئەم دەستانە کە ژمارەیان نزیکەی حەوت هەزار ئەندام دەبێت لە سەرتاسەری وڵاتدا، 140 ئەندامی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێرن.
ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی گەل
ئەنجوومەنی گەلی داهاتوو "دەسەڵاتی یاسادانانی سووریا"ـی دەبێت و ئەرکی دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی حکومەتی لە ئەستۆ دەبێت. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتی تەواوی هەیە و ئەگەر حکومەت یاسایەک دەربکات و ئەنجوومەن ڕەتی بکاتەوە، ئەوا یاساکە کاری پێناکرێت. تەنانەت دەتوانێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، یاساکە تێبپەڕێنێت "تەنانەت ئەگەر سەرۆککۆماریش ناڕازی بێت".
گرەنتییەکانی سەربەخۆیی و نوێنەرایەتی
بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە، سەرۆککۆمار 70 ئەندامی ئەنجوومەنەکە دادەمەزرێنێت. ئامانج لەم کارە "قەرەبووکردنەوەی کەموکورتیی نوێنەرایەتییە بۆ پێکهاتەکان، ژنان، یان خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان" و هەروەها هێنانی کەسایەتیی پسپۆڕ و لێهاتووە کە ڕەنگە لەڕێگەی دەستە هەڵبژێرەرەکانەوە دەرفەتیان نەبێت. ئەندامانی ئەنجوومەن پارێزبەندیی پەرلەمانییان دەبێت و هیچ لایەنێکی جێبەجێکار ناتوانێت لەسەر کار لایان بدات.
ئاڵنگارییەکانی نوێنەرایەتیی ناوچەکانی دەرەوەی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت
لیژنەکە جەختی کردەوە کە "هەموو ناوچە و بستێکی خاکی سووریا پشکی خۆی لە نوێنەرایەتیکردندا دەبێت". سەبارەت بە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت، وەک سوەیدا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە)، بەرپرسانی لیژنەکە دووپاتیان کردەوە کە "پشکیان پارێزراوە" و چاوەڕێی پێشهاتە سیاسییەکان دەکەن بۆ دیاریکردنی میکانیزمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا.
لەم بارەیەوە، حەسەن دغێم، بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەکان، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکان لەگەڵ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەردەوامن، سەرەڕای بوونی "دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوتلە سەربازییەکانی پەیوەست بە بزووتنەوەیەکی قەشەیی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەسەڵاتی پێدراوە" کە ڕەتی دەکاتەوە بەشداری بکات.
ئەرکە لەپێشینەکانی ئەنجوومەنەکە
یەکەمین ئەرکی ئەنجوومەنی داهاتوو "شۆڕشێکی یاسادانان" دەبێت بۆ گۆڕینی ئەو یاسا کۆنانەی کە چیتر لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریادا ناگونجێن. لیژنەکە جەختیشی کردەوە کە هەموو ئەم هەنگاوانە "کارکردنە لە قۆناغێکی کاتیدا" و ئامانجی کۆتایی بریتییە لە "گەیشتن بە دۆخێکی ئاسایی و ئەنجوومەن و دەستوورێکی هەمیشەیی" بۆ سووریا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 2 خولەک لەمەوپێش
24 گەنجەکەی لیبیا گەڕانەوە ئیدارەی ڕاپەرێن
- کولتوور
- 13 خولەک لەمەوپێش
پرسەی کوردۆی شاعیر لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
- کولتوور
- 19 خولەک لەمەوپێش
هۆزان دینۆ و خێرۆ عەباس "درەنگ نەیە" پێکەوە دەڵینەوە
- کولتوور
- 26 خولەک لەمەوپێش
ئاڤا بەرهەمێکی هونەری نوێ بڵاودەکاتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
شهڕێكی جیاوازی دوو دراوسێ له ههولێر
1 کاتژمێر لەمەوپێش
فانتاستیک فۆر ڕیزبەندیی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی ئەم هەفتەی گرتووە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرتاشێکی ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی جیاواز ئەنجام دەدات
4 کاتژمێر لەمەوپێش
خراپترین میوەکان کامانەن بۆ دەستپێرکردنی ڕۆژەکەت؟
11 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە بۆشایی ئاسمان ئامادە دەکات
21 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 21 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مووچە و نەوت گۆڕانكاری بەسەردا دێت