دانیشتنی پەرلەمانی عێراق گرژیی تێکەوت و بڕگە پەسەندکراوەکانیشی "هەڵوەشێنرایەوە"
- هەواڵ
- 5 ئاب

دیمەنی ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق
ئاڤا نیوز
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەهۆی زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی خزمەت لەلایەن شیعەکانەوە، گرژی تێکەوت و دوو پەرلەمانتاری شیعە و سوننە کردیان بە شەڕی دەستەویەخە، بەهۆی شکانی نیسابی دانیشتنیش دانیشتنەکە و بڕگە پەسەندکراوەکانی "هەڵوەشێنرایەوە".
وێنە گەورەکە: بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگ لەسەر پێنج پڕۆژەیاسا بدرێت، پێشتریش سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان ڕێککەوتبوون کە بەبێ ڕێککەوتن نابێت هیچ بڕگەیەک بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان زیاد بکرێت، ئەوەی ئەمڕۆش ڕوویدا پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەبوو کە 2ی ئاب ڕاگەیێنرا.
لێدوانی فەرمی: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، فراکسیۆنەکەی ئەوان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کردبوو، لە کۆبوونەوەکەشدا کە نیسابیشی نەبوو، لیستێکی نۆ کەسی ئەنجوومەنی خزمەتیان هێناوە تا دەنگی لەسەر بدرێت، لە لیستەکەدا یەک ئەندامی سەر بە یەکێتی تێدایە کە ئەویش کوردێکی فەیلییە ولە بەرامبەردا هیچ نوێنەرێکی پارتی و هەرێمی کوردستانی تێدا نیە، دانیشتنەکەش نیسابی یاسایی نەبوو، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەڵوەشاندەوە.
لەلایەکی دیکەوە: عامر عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر زیادکردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی، گرژیی لەنێوان مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکدا دروستبوو، سەرۆکی پەرلەمان وتی نابێت بەبێ ڕێککەوتن هیچ بڕگەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەن زیاد بکرێت.
لای خۆیەوە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی نەبوونی نیسابی یاساییەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێنراوەتەوە.
گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی نیسابەوە، بەتەواوی هەڵوەشێنرایەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەنجوومەنی خزمەت دامەزراوەیەکی حکومی عێراقە و کارەکانی بە یاسا ڕێکخراوە، ئەرکی ئەم دامەزراوەیە گەشەپێدان و دۆزینەوەی پلەی فەرمانبەرییە لە کەرتی گشتی لەگەڵ چاودێری دامەزراوە کارگێڕییەکان و پەرەپێدانی توانای فەرمانبەران، ئەنجوومەنی دەوڵەتیش دامەزراوەیەکی ڕاوێژپێدانی سەربەخۆیە لە عێراق و سەرۆکەکەی پلەی وەزیرە، ئەرکی ئەم دامەزراوەیەش دەربڕینی بۆچوونی یاساییە لەسەر ئەو بابەتانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاراستەی دەکات لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکان دەخرێتە بەردەمی، بۆچوونی ئەنجوومەنەکە لەسەر ناکۆکییەکانیش بۆ هەردوولایەنی ناکۆک پابەندکەر دەبێت.
زانیاریی لە پەیامنێرەوە: دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا ڕایگەیاند، بەهۆی ناکۆکی لەسەر کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان، لەناو هۆڵی پەرلەمان هەریەکە لە عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری شیعە لەگەڵ ڕەعد دەهلەکی، پەرلەمانی سوننەکان بووەتە شەڕی دەستەویەخەیان و لەیەکتریانداوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 34 خولەک لەمەوپێش
مەسرور بارزانی بەشی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ دەکاتەوە
- عێراق
- 39 خولەک لەمەوپێش
لە بەغدا حەشدی شەعبی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆر دەکات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
15 گەنجی سکۆتلەندی بەشداری لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە هەولێر دەکەن
30 خولەک لەمەوپێش
خانمێكی دهستڕهنگینی ڕۆژههڵاتی كوردستان له ههولێر كاری دهستیی نمایش دهكات
1 کاتژمێر لەمەوپێش
دوو گەنجی هەڵەبجە ئەپڵیکەیشنێک بۆ دۆزینەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان دروست دەکەن
2 کاتژمێر لەمەوپێش
شاخەوانانی کورد سەرکەوتنێکی مێژوویی لەسەر لووتکەی زنجیرە چیاکانی قەفقاز تۆمار دەکەن
9 کاتژمێر لەمەوپێش
گەورە و بچووکی پێنجوێن سەرقاڵی کۆکردنەوەی گوێزن
14 کاتژمێر لەمەوپێش
- کوردستان
- 34 خولەک لەمەوپێش
مەسرور بارزانی بەشی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ دەکاتەوە
- عێراق
- 39 خولەک لەمەوپێش
لە بەغدا حەشدی شەعبی ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆر دەکات
- عێراق
- 45 خولەک لەمەوپێش
سەرۆککۆمار پەیامی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەباتە نیویۆرک
- هەواڵ
- 53 خولەک لەمەوپێش
زێلینسکی پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی هاوپەیمانانی کیێڤ دەکات