ئاڤا وردەكاری كێشەكانی كۆرنیشی مارینا لەسەر ڕووباری سیروان ئاشكرا دەكات

شەیری بکە لە:
ئاڤا وردەكاری كێشەكانی كۆرنیشی مارینا لەسەر ڕووباری سیروان ئاشكرا دەكات

دیمەنێکی کۆڕنیشی مارینا لە کەلار

ئاڤا نیوز

ئاڤا بەدواداچوون دەكات بۆ ڕێگرییەكانی بەردەم كارەكانی كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی كۆرنیشی مارینا لەسەر ڕووباری سیروان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان تایبەت بۆ ئاڤا دەڵێت، "كێشەكان نزیكە لە چارەسەربوون"، پارێزەری كۆمپانیای جێبەجێكاریش ئاشكرای دەكات، "خاوەنی كارگەیەكی چەو و لم، كە ڕێگری لە تەواوكردنی پرۆژەكە دەكات، فەرمانی دەستگیركرنی بۆ دەركراوە و دەستگیریش ناكرێت."

وێنە گەورەكە: پرۆژەی مارینا یەكێكە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان كە  بە درێژایی هەزار و 600 مەتر لەسەر ڕووباری سیروان بە شێوازێكی مۆدێرن و بە سەرمایەی 160 ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت و چەندین سێكتەری جۆراوجۆری بازرگانی، نیشتەجێبوون، گەشتیاری، وەرزشی و پەروەردەیی، لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر جێبەجێكردنی پرۆژەكە، بەشێك لەو زەوییە تەرخانكراوەی دەمێنێتەوە، بە كۆمپانیای جێبەجێكار دەدرێت و سەرجەم سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی لەسەر دروست دەكرێت.

لێدوانی فەرمی: دیار ئیسماعیل، پارێزەری پرۆژەی مارینا، تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، "بەشێكی پرۆژەی كۆرنیشەكە، پێكهاتووە لە دیوارێكی ڕاگر و مەودای 450 مەتر لەو دیوارە تەواوبووە، بەڵام لەكاتی دروستكردنی بەشی دووەمی بەربەستەكە، لەلایەن كارگەیەكی چەو و لم كە دەكەوێتە ئەوبەری ڕووباری سیروان، ڕێگری لەكارەكانمان كرا، بەبیانووی ئەوەی دروستكردنی بەربەستەكە، زیان بە كارگەكە دەگات".

"كارگەكەی چەو و لم لە ڕۆژی 12ـی مانگی تەمموزی ڕابردوو، چەند بەربەست و ساترێكی دروستكرد كە بووە هۆكاری گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی سیروان بەڕووی دیواری ڕاگری پرۆژەی كۆرنیشی مارینا، بەهۆی ئەوەش كارەكانی پرۆژەكە پەكی كەوت و ناتوانین كارەكانی بەشی دووەمی تەواو بكەین".

چی ڕوویدا: كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی مارینا، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی لەو پێشێلكارییە ئاگاداركردەوە بەمەبەستی لابردنی ڕێگرییەكە، بەو پێیەی دەستكاریكردنی ڕێڕەوی ڕووبار، پێویستی بە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی گەرمیان هەیە، كەچی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕەزامەندی نەداوە و لەو پێشێلكارییەی كارگەكەی چەو و لم، هیچ هەڵوێستێكی نەبووە و بێدەنگ بووە، هاوكات بڕیاربوو لیژنەیەكی هاوبەشی هەمەلایەن لە ئیدارەی گەرمیان، شارەوانی، وەبەرهێنان، ئاودێریی گەرمیان پێكبهێنرێت، بەڵام بە گووتەی كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی كۆرنیشی سیروان، تا ئێستا لیژنەكە هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە.

زانیاریی زیاتر: جێگرایەتیی داواكاری گشتیی كەلار، ژمارەیەك كەیسی لەسەر ئەو بابەتە لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار جووڵاندووە، سەرەڕای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ خاوەنی كارگەكە دەركردووە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەستدرێژیی بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی كردووە، بەڵام زیاتر لە دوو هەفتەیە، نە خاوەنی كارگەكە دەستگیركراوە، نە ڕێگرییەكان لابراون.

لەلایەکی دیکەوە: هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، كێشەكە لەسەر گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی ڕووباری سیروانە، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكار پێویستی بە دروستكردنی ڕاگر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئیشوكارەكانی پرۆژەی كۆرنیش تەواوبكات، بەڵام بەهۆی ئەم جووڵەیە و لەبەر گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەكە، لە دیوی ئەوبەری سیروانەوە لەلایەن كارگەیەكی چەو و لم، كارەكان وەستاوە.

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان ئاماژە بەوەش دەكات، بە خۆشحاڵییەوە، لەڕێگەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لایەنە پەیوندیدارەكانی دیكەوە لەنێویشیاندا، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی گەرمیان و شارەوانی، لیژنەیەكی هاوبەش دروستكراوە و چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان دۆزراوەتەوە.

ئەوەش بزانە: كارگەی چەو و لم كە بووەتە هۆكار و گرفت لەبەردەم تەواوكردنی كۆرنیشی مارینا، مۆڵەتی كاركردنی لەوەتەی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بەسەرچووە.


 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ