دوای هەنگاوەکانی سوودانی دژی حەشد هۆشداری لە پێکدادانی ناوخۆیی و دەستی دەرەکی دەدرێت

شەیری بکە لە:
دوای هەنگاوەکانی سوودانی دژی حەشد هۆشداری لە پێکدادانی ناوخۆیی و دەستی دەرەکی دەدرێت

دیمەنی سوودانی و ئەندامێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ داننان بە بوونی "کەموکورتی" لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی و لێپێچینەوە لە دوو فەرماندەی باڵای سەربازی، کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو هێزە سیاسییە شیعەکان و چاودێراندا لێکەوتووەتەوە.

وێنە گەورەکە: لە کاتێکدا حکومەت جەخت لەسەر سەپاندنی یاسا و ڕێکارە سەربازییەکان دەکاتەوە، لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانییەکەی مالیکی، ئەم هەنگاوانە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و "کارکردن بەپێی ئەجێندای دەرەکی" دەزانن.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی شەممە 9ـی ئاب فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەرئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی شەڕەکەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە 27ـی مانگی ڕابردووی ڕاگەیاند، لیژنەکە دەڵێت، بێسەروبەری لە بەڕێوەبردنی پێکهاتە و لیواکانی حەشدی شەعبیدا هەیە، بۆیە بڕیاردرا فەرماندەی لیواکانی 45 و 46ـی حەشدی شەعبی کە ئەندامەکانیان لەو ڕووداوە تێوەگلاون، لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە.

لێدوانی فەرمی: عەدی خدران، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "لێدوانەکانی سەرۆکوەزیران دەبێت لە چوارچێوەی پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی ئەم دامەزراوە نیشتمانییەدا ببینرێت، نەک لاوازکردنی."

ناوبراو جەختی کردەوە کە حەشدی شەعبی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بەرگریی عێراق و هەر تێبینییەک لەلایەن حکومەتەوە دەبێت لەپێناو "چاکسازیی ناوخۆیی" و پڕکردنەوەی کەلێنەکاندا بێت.

خدران وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی هەموو هەنگاوێکی چاکسازی دەکات کە دامەزراوەییبوونی حەشد بەهێز بکات، بەڵام هاوکات هۆشداری دەدەین لە بەکارهێنانی سیاسی و میدیایی ئەم لێدوانانە بۆ شکاندنی حەشد." ئەو دووپاتیکردەوە کە چاکسازی ئەرکێکی هاوبەشە و ناهێڵن ورەی چەکدارەکان لاواز بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە: عەباس جبووری، شارەزای بواری ستراتیژی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "هۆشداری دەدەین لە مەترسیی پەرەسەندنی میدیایی و سیاسی لەنێوان سەرۆکوەزیران و کەتائیبی حیزبوڵڵادا، چونکە ئەم دۆسیەیە زۆر هەستیارە و پێویستی بە دانایی و بەرپرسیارێتیی باڵا هەیە."

جبووری پێی وایە ورووژاندنی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی ئاشکرا، ڕێگە بۆ "شێواندنی ناوبانگی حەشد و دەستێوەردانی دەرەکی" خۆش دەکات. ئەو جەختی کردەوە کە قۆناغی ئێستا بەرگەی هیچ لەرزینێک لە متمانەی نێوان حکومەت و حەشد ناگرێت و چارەسەرکردنی هەر کەموکورتییەک دەبێت لە ڕێگەی میکانیزمی ناوخۆیی و دوور لە میدیاوە بێت، بۆ ئەوەی وڵات تووشی دابەشبوونی ناوخۆیی و پێکدادانی سیاسی نەبێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی گشتی دەبێت.

هەنگاوەکان لەژێر فشاری دەرەکیدان

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، تووندترین هەڵوێستی نواند و ڕاستەوخۆ سوودانی بە کارکردن لەژێر فشاری دەرەکیدا تۆمەتبار کرد.

حوسێن مالیکی، سەرکردە لە هاوپەیمانییەکە، ڕایگەیاند کە هەنگاوەکانی سوودانی هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی نوێنەری بەریتانیا و ڤیتۆی ئەمریکا دژی یاسای حەشد، ئەمەش "پەیامێکی نەرێنی" دەداتە هاووڵاتیان.

ناوبراو هۆشداریدا کە ئەم هەنگاوانە هەوڵێکن بۆ هەڵگیرساندنی "شەڕی شیعە-شیعە" و وتی: "ئەگەر ئەم ململانێیە ڕووبدات، پرۆسەی هەڵبژاردن پەکی دەکەوێت و وڵات بەرەو ئاژاوە پەلکێش دەکات." هاوپەیمانییەکەی مالیکی داوای چارەسەری سیاسی دەکات، وەک لێپێچینەوە لە کەسەکان بەبێ ناوهێنانی گرووپەکانیان، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت.

هەندێک لایەن پیلانی دووژمن جێبەجێ دەکەن

حیزبوڵڵای عێراقی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکەی بەغدای ڕەتکردەوە و دەڵێت، دەرئەنجامی کاری لیژنەکە و هەندێک لایەنی ناوخۆییش خزمەت بە دوژمن دەکەن و پیلانەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: حیزبوڵڵای عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ئەوەی بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەیانویست جێبەجێی بکەن، ئێستا بەدەستی عێراقییەکان و گوشاری ناوخۆیی جێبەجێی دەکەن، دوایین هەنگاویش  کاریگەری ئەو گوشارانەبوو لەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی بەغدا، کە تەنیا "خزمەت بە دوژمن دەکات."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوایان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردبوو لیژنەیەکی بێلایەن لە ژێر چاودێری سەرکردەکانی ئەم بەرەیە پێکبهێنرێت و کاربکات نەک "نەیار حوکم لەسەر ڕووداوەکە بدات و دادوەریی بکات"، بەتایبەتیش کە هەردوو کوژراوی ڕووداوەکە لەسە دەستی هێزە ئەمنییەکان بوون.

ناکۆکییەکانی نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان قووڵتر بووەتەوە و عێراقی خستووەتە سەر دووڕیانێکی هەستیار. لە کاتێکدا حکومەت جەخت لە سەپاندنی یاسا دەکاتەوە، لایەنەکانی دیکە بە پیلانگێڕییەکی سیاسی و دەرەکیی دەزانن. چارەنووسی قۆناغی داهاتوو بەندە بەوەی ئایا لایەنەکان دەگەنە چارەسەرێکی سیاسی یان وڵات بەرەو پێکدادانێکی کراوە هەنگاو دەنێت.

شەیری بکە لە: