بارهەڵگرێک دەبێتە هۆی سنووردارکردنی هاتووچۆی نێوان هەولێر - سۆران

شەیری بکە لە:
بارهەڵگرێک دەبێتە هۆی سنووردارکردنی هاتووچۆی نێوان هەولێر - سۆران

پردی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ئاڤا نیوز

درەنگانی شەوی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە بارهەڵگرێکی خۆی دەکەشێت بە پردی یەکەمی خەلیفان و دەبێتە هۆی داڕووخانی بەشێکی پردەکە، بەهۆی ئەمەوە هاتووچۆی نێوان سۆران و هەولێر سنووردار بووە.  

چیرۆکی سەرەکی: شەوی پێنجشەممە، بارهەڵگرێک کە بارێکی ئاسنی بارکردبوو، کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات و خۆی دەکێشیت بە دەروازی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر، کە پردی یەکەمی خەلیفان و دەکەوێت سەر ڕێگەی هامڵتۆن، بەهۆیەوە بەشێک لە پردەکە داڕووخاوە و هاتووچۆکردن سنووردار بووە. 

زانیاریی پەیامنێر:
هاوار حەباس، پەیامنێری ئاڤا ڕایگەیاند: هاتووچۆکردن لەسەر ئەو پردە زۆر ئەستەم بووە و تەنیا ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی بچووک دەدرێت بەڵام مەترسی ڕووخانی تەواوی پردەکە زۆرە.

ئێستا تیمەکانی ڕێگاوبانی سۆران، سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگەیەکی جێگرەوەن لە تەنیشت ئەو پردە ڕووخاوە، بۆ ئەوەی هاتووچۆ لەو سنوورە بە تەواوی پەکی نەکەوێت. 

لێدوانی فەرمی: ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بەئاڤا میدیای ڕاگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو ئێوارە ڕێگا لاوەکییەکە دروست بکەین و گرفتی هاتووچۆ چارەسەر بکەین.

ئێستا دوو دوو برانکۆ بەتیرەی سێ مەتر هێندراون، تاوەکو لەناو ئاوی ڕووبارەکە دابنرێت و ڕێگای هاتووچۆکەی پێبکرێتەوە.

زانیاریی زیاتر: ئێستا هاونیشتمانییان دەتوانن ڕێگەی بەدیل بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە سۆران، ئەوانیش؛ ڕێگەی ئیدارەی ڕاپەڕین لەوێشەوە بۆ ناحیەی وەرتێ، یاخود ڕێگەی دەڤەری بارزان بۆ سۆران، هەردوو ڕێگەکە ماوەی گەیشتن بەو ناوچەیە درێژ دەکەنەوە ئەمەش دروستبوونی ئاستەنگییەکی دیکەیە  بۆ هاووڵاتییان. 

باکگراوند: لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا، دوو ڕووداوی هاوشێوەی یەک لە سنووری سۆران ڕوویانداوە، مانگی 12 ساڵی ڕابردووش بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە پردی گەلی عەلی بەگ و بەهۆیەوە نزیکە  15 ڕۆژ هاتووچۆ لەو ڕێگەیە پەکی کەوت. 
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: