یاسای حەشدی شەعبی لەنێوان فشارەکانی واشنتن و هەژموونی تاراندا

شەیری بکە لە:
یاسای حەشدی شەعبی لەنێوان فشارەکانی واشنتن و هەژموونی تاراندا

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز



ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای حەشدی شەعبی، گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە و گفتوگۆکانی لە پەرلەماندا دواخستووە. ئەم یاسایە بووەتە خاڵی یەکلاکەرەوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر داهاتووی عێراق و وڵاتەکەی لەنێوان دوو بەرداشدا هێشتووەتەوە: لە لایەکەوە نیگەرانی لە سەپاندنی سزای ئەمریکا و لە لایەکی دیکەشەوە ترسی بەهێزتربوونی هەژموونی ئێران.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمریکا بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پەسەند کردنی یاسای نوێی حەشدی شەعبی دەربڕیووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی 23ـی تەممووزی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆبیۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم پڕۆژەیاسایە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەیی کردنی هەژموونی "ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات."

 

بڵاوکراوەی فەرمی: ماڵپەڕی "دۆیچە ڤێلە"ی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناونیشانی "ئێران یان ئەمریکا.. یاسایەکی نوێ چۆن سەربەخۆیی عێراق تاقی دەکاتەوە؟" بڵاو کردووەتەوە.

 

ناوەڕۆکی یاساکە و مشتومڕەکان


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یاسا پێشنیازکراوەکە، کە هەموارێکە بۆ یاسای ساڵی 2016، بە وتەی لایەنگرانی ئامانجی ڕێکخستنەوە و تێکەڵ کردنی حەشدە بە دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە. بەڵام دژبەرانی پێیانوایە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو دامەزراندنی سوپایەکی هاوتەریب. ڕەشنووسەکە بڕگەی مشتومڕاوی وەک دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بە حەشد و شەرعیەتدان بە "کۆمپانیای گشتیی موهەندیس" لەخۆدەگرێت، کە ڕێگە بۆ بەهێزبوونی ئابووری و سەربازیی حەشد خۆش دەکات.

 

هەڵوێستی ئەمریکا و هۆشدارییەکان


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا فشاری توندی خستووەتە سەر بەغدا بۆ پەسەند نەکردنی یاساکە. مایکل نایتس، شارەزای کاروباری عێراق لە "پەیمانگای واشنتن"، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر یاسا نوێیەکە پەسەند بکرێت، ئەوا حەشدی شەعبی، کە وەک قەوارەیەکی سەربازیی کاتی دەستیپێکرد، دەگۆڕێت بۆ هێزێکی چەکداریی هاوتەریب... حەشد دەبێتە دامەزراوەیەک وەک وەزارەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەوە، و دواتر چاکسازی تێدا یان هەڵوەشاندنەوەی قورس دەبێت." هەڕەشەکانی ئەمریکا بریتین لە: سەپاندنی سزای دارایی، هەڵپەساردنی هاوکاریی ئەمنی و بەکارهێنانی کاریگەریی خۆی لەسەر سیستمی بانکیی جیهانی بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنی داهاتی نەوتی عێراق.

 

دیدگایەکی واقیعیتر و پێویستیی چاکسازی


بەڵام هەندێک شرۆڤەکاری دیکە دیدگایەکی واقیعیتریان هەیە. عەلی مەولەوی، بەڕێوەبەری "دامەزراوەی هۆرایزنی ڕاوێژکاری"، پێیوایە داوای داماڵینی چەکی حەشد یان هەڵوەشاندنەوەی، واقیعی نییە. ناوبراو دەڵێت: "داواکارییەکان بۆ داماڵینی چەکی حەشد یان هەڵوەشاندنەوەی، واقیعی نین، چونکە مەترسیی وروژاندنی گرژیی تائیفی دروست دەکەن". ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە حەشد تەنیا بریکاری ئێران نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لەناو کۆمەڵگەی عێراقدا هەیە. بە بۆچوونی مەولەوی، چاکسازی "پێویستییەکی حەتمییە" و دەبێت حەشد کەمتر سیاسی بکرێت، لە ئێران دوور بخرێتەوە، شەفافیەت لە داهاتەکانیدا هەبێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەرکە سەرەکییەکەی کە پاراستنی ئاسایشی عێراقە.

 

دیدگای ئەوروپی و ڕێگەچارەی گونجاو


شارەزایانی ئەوروپی ئاماژە بەوە دەکەن کە حەشد، بەهۆی بینینی چارەنووسی حیزبوڵڵا لە لوبنان، لەوانەیە نەرمیی زیاتر بنوێنێت، بەڵام ئەستەمە دەستبەرداری دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆی ببێت. بۆیە چارەسەر لەوەدایە کە هەر پرۆسەیەکی چاکسازی دەبێت دڵنیایی بداتە گرووپە نزیکەکان لە ئێران کە ئەمە هەڕەشەیەکی بوون نییە بۆیان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی جێگەیەکی گونجاو بۆیان لەناو سیستمی سیاسی و ئەمنیی نوێی عێراقدا.

 

ئەوەی لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی پێویستە بیزانیت:

 

پڕۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی لە 18 ماددەی سەرەکی پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی ماوە، لە ئەگەری پەسەند کردنیدا دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی 70 گرووپی چەکداری جیاواز کە لەناو حەشدی شەعبیدان. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ