ژمارەی کاندیدە دوورخراوەکان 750 کەسی تێپەڕاند

شەیری بکە لە:
ژمارەی کاندیدە دوورخراوەکان 750 کەسی تێپەڕاند

لیژنەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

ئاڤا نیوز

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوورخستنەوەی 751 کاندیدی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن راگەیاند.

وێنە گەورەکە: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11-11-2025 بەڕێوە دەچێت، کۆمسیۆنیش بەپێی خشتەی کاری خۆی بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە.

چیرۆکی سەرەکی: لە دوای وردبینیکردنی لیستی کاندیدەکانی لیست و قەوارە و کاندیدە سەربەخۆکان، ئەو کاندیدانەی مەرج و رێنمایی کاندید بوون نایانگرێتەوە لەلایەن کۆمسیۆن دووردەخرێنەوە.

لێدوانی فەرمی: عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە ئاڤا میدیای گوت: تا ئێستا 751 کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە.

هۆکارە زانراوەکان: کاندیدەکان بەهۆکاری جیا جیا دوورخراونەتەوە وەک تێوەگلانی کاندیدەکە لە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری، كۆتوبەندەكانی تاوانکاری، یان لەبەر ئەوەی تۆمەتبارە بە تاوانی پەیوەست بە گەندەڵی.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم حەوت خاڵەی خوارەوە مەرجەکانی شایستەیی کاندیدانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ،هەر کاندیدێک یەکێک لەم حەوت مەرجەی تێدانەبێت، دووردەخرێتەوە:

٠ تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت.

٠ لانیکەم بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەگوێرەی ڕێژەی دیاریکراو بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت.

٠ هاوسەنگی ڕێژەی ژنان لەناو لیستی کاندیدەکان دەبێت ڕەچاوبکرێت.

٠ یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی نەیگرێتەوە.

٠ بە گەندەڵی دارایی و کارگێڕی یان تاوانی پەیوەست بە شەرەف سزانەدرابێت.

٠ خاوەن ڕابردوو و ڕەوشتێکی باش و سەنگین بێت.

٠ ئەندامانی ئێستای هێزە ئەمنییەکان، دادوەرەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناتوانن خۆیان کاندید بکەن.

ئەمەش بزانە: زیاتر لە حەوت هەزار کاندید لە لایەن کۆمسیۆنەوە تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 751 کاندید دوورخراونەتەوە، وابڕیارە لیستی کۆتایی کاندیدانیش پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت و بڵاوبکرێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ