دانیشتووانی تەق تەق داوای ڕێکارەکانی بەقەزابوون دەکەن

شەیری بکە لە:
دانیشتووانی تەق تەق داوای ڕێکارەکانی بەقەزابوون دەکەن

دیمەنێکی قەزای تەق تەق لە ئاسمانەوە

ئاڤا نیوز

دانیشتووانی قەزای تەق تەق داوای گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بەقەزابوون لەڕووی ئیدارییەوە دەکەن، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت "پێمان دەڵێن پارە نییە".

وێنە گەورەکە: لە ڕۆژی 23-10-2024، بڕیاری بەقەزابوونی تەق تەق دەرکرا، دانیشتووانی ئەم قەزایەش گلەیی ئەوە دەکەن کە هیچ هەنگاوێکی ئیداری بۆ کردنەوەی دامودەزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان نەنراوە، دەپرسن ئاخۆ چ ڕێگرییەک لەپێش گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شارەکەیان هەیە، "لە کاتێکدا ناوچەکەمان گرنگی ئابووری لە ڕووی کشتووکاڵ و گەشتوگوزارەوە هەیە".

لێدوانی فەرمی: حاکم ئاسۆ مستەفا، قایمقامی تەق تەق بە ئاڤای ڕاگەیاند: نووسراوم بۆ هەموو فەرمانگەکان کردووە تا بە بەڕێوەبەرایەتی بکرێن، هاوکات بە نووسراو ئەو پڕۆژە ستراتیژی و گەورە و مامناوەند و بچووکانەی پێویستمانن بۆ پارێزگای هەولێرمان بەرزکردووەتەوە، ئەوانیش ئاراستەی وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە، بەڵام پارێزگاری هەولێری پێی وتین "با کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، ئێستا پارە نییە".

قایمقامی تەق تەق دەڵێت: نزیکەی یەک ساڵە بڕیاری بەقەزابوون بۆ تەق تەق دەرکراوە، بەڵام یەک پڕۆژەی بۆ نەکراوە، ئێمە کێشەی نەبوونی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبانمان هەیە، داوا دەکەین پارێزگای هەولێر بەدواداچوونی جدی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانمان بکات.

لەلایەکی دیکەوە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: پڕۆسەکە پەیوەندی بە کابینەی نوێوە نییە، هێنانە کایەی قەزای کۆیە تەواو بووە و بە وەکالەت فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ قایمقامەکەی دەرکراوە، پیرمام، قوشتەپە، هەریر، بەحرکە و عەنکاوە بڕیاری قەزابوونیان نوێیە و کارەکانیان بە ڕۆژ و دوو ڕۆژ تەواو نابێت، لە ڕووی پڕۆژەش هەموویان وەکو یەکن.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ئێستا پلانی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکرێت، ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ڕەزامەندی هەبووبێت، بۆ ساڵی ئایندە ئامادە دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: قەزای تەق تەق دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، 22 گوند لە خۆی دەگرێت، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 25 هەزار کەسە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ