ئیسرائیل لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری عێراق و چەند وڵاتانی دیکە دەکات

شەیری بکە لە:
ئیسرائیل لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری عێراق و چەند وڵاتانی دیکە دەکات

کارمەندێکی دەزگای مۆساد چاوەدێری یەکێک لەو ئامانجانە دەکات کە بۆی دیاریکراوە

ئاڤا نیوز


ئیسرائیل بە هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕیی "ئۆفێک 19"، قۆناغێکی نوێی لە پێشبڕکێی چەکی تەکنۆلۆژیدا دەستپێکرد. ئەم مانگە دەستکردە، کە بە "چاوی سەربازی" ناسراوە، توانای چاودێریکردنی بەردەوامی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەموو بارودۆخێکدا هەیە.

چیرۆکی سەرەکی: ئیسرائیل دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، مانگی دەستکردی سیخوڕیی نوێی "ئۆفێک 19"ی هەڵداوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک وەسف کرا کە پەیامێکە بۆ نەیار و دوژمنەکانی کە هەمیشە لەژێر چاودێریدان.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم مانگە دەستکردە، دوای شەڕی غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران هات، دەستی بە ناردنی داتای سەرەتایی کرد و چەندین تاقیکردنەوەی تێپەڕاند، پاشان کارپێکردنی دەگوازرێتەوە بۆ یەکەی هەواڵگری بینایی و جوگرافیای سەربازی لە سوپادا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مانگە دەستکردەکە بە تەکنەلۆژیای ڕاداری پێشکەوتوو تەیار کراوە، ڕێگە بە چاودێریکردنی بەردەوام و لە هەموو بارودۆخێکی کەشوهەوادا دەدات و تایبەت کراوە بۆ فراوانکردنی چاودێری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە ئێران، یەمەن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەنێویاندا عێراق، میسر، سووریا تا دەگاتە تورکیا.

مانگی دەستکردی "ئۆفێک 19": وردەکارییە تەکنیکییەکان و ئامانجەکان

لە 2ی ئەیلوولی 2025، ئیسرائیل مانگی دەستکردی سیخوڕیی "ئۆفێک 19"ی لە بنکەی ئاسمانی پاڵماخیمەوە هەڵدا. ئەم مانگە دەستکردە بە تەکنەلۆژیای ڕاداری پێشکەوتوو تەیار کراوە، کە توانای چاودێریکردنی وردی هەیە لەسەر بنەمای 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، لە هەموو بارودۆخێکی کەشوهەوادا. خێراییەکەی 8 کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا و دەتوانێت وێنەی ڕوون و وردی ڕووی زەوی بگرێت، تەنانەت لە شەودا و لە بارودۆخی کەشوهەوای سەختدا. ئامانجی سەرەکی ئەم مانگە دەستکردە فراوانکردنی تواناکانی چاودێری ئیسرائیلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئێران، یەمەن، عێراق، میسر، سووریا و تورکیا. ئیسرائیل پلانی هەیە 20 مانگی دەستکردی بچووکی دیکە هەڵبدات بۆ دابینکردنی چاودێرییەکی گشتگیر بۆ ناوچەکە، لەوانەش چاودێریکردنی چالاکییە ناوەکی و مووشەکییەکان و دابینکردنی زانیاری پێشوەختە لەسەر هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکان. ئەم مانگە دەستکردە توانای جیاکردنەوەی تەنەکانی خوار 50 سانتیمەتری هەیە لە بۆشایی ئاسمانەوە.

 

کاردانەوەی ئیسرائیل و گرنگی ستراتیژی

هەڵدانی "ئۆفێک 19" کاردانەوەی بەرفراوانی لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا لێکەوتەوە. ئایزک ھێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئەم دەستکەوتەی بە بەڵگەی تواناکانی پیشەسازی ئیسرائیل و وڵاتێکی ئاسمانی وەسف کرد. یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، مانگە دەستکردەکە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت بۆ دوژمنان کە "بەردەوام چاودێری دەکرێن".

بەرپرسانی دیکەش جەختیان لەوە کردەوە ئەم مانگە دەستکردە توانای ئۆپەراسیۆنی دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی باڵادەستی ئیسرائیل لە بۆشایی ئاسماندا، بەتایبەتی دوای شەڕەکانی غەززە و ئێران، کە گرنگی چاودێری ئاسمانییان دەرخست.

پرۆفیسۆر یتژاک بن یسرائیل، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی بۆشایی ئاسمان، ئاماژەی بەوەدا مانگە دەستکردەکە تەنیا کامێرای ئاسایی بەکار ناهێنێت، بەڵکو ڕادارێک بەکاردەهێنێت کە بە لەرەلەرەکانی، توانای جیاکردنەوەی وردترین وردەکارییەکانی هەیە لە هەموو بارودۆخێکدا. ئەمەش سوودێکی ناوازە دەداتە ئیسرائیل بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان.

چاودێریی مانگی دەستکرد و وڵاتانی ئامانج

مانگی دەستکردی "ئۆفێک 19" توانای زیاتری سیخوڕیی ئیسرائیلی لە بۆشایی ئاسماندا زیاد دەکات بۆ چاودێریکردنی ئامانجە نوێیەکان لە ئێران، یەمەن و گۆڕەپانەکانی دیکە. زانیارییە کۆکراوەکان دەنێردرێن بۆ یەکەی 9900 لە بەشی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل، کە پسپۆڕە لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە بیناییەکان لە مانگە دەستکردەکانەوە. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتگیری لە بەرنامە سەربازییەکان و بڕیارە ئەمنییەکان دەکات. وڵاتانی وەک عێراق، میسر، سووریا، لوبنان، وڵاتانی باکووری ئەفریقا و وڵاتانی دەرەوەی بازنەی سێیەم وەک ئێران، یەمەن، پاکستان و تورکیا لەناو لیستی ئەو وڵاتانەن کە چاودێری دەکرێن. ئەم مانگە دەستکردە نوێیە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانبوونی توانای هەواڵگری ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا نیشان دەدات.

تێچوون و ئایندەی چاودێری ئاسمانی

تێچووی پرۆژەی "ئۆفێک 19" نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە و تەمەنەکەی بە 10-15 ساڵ مەزەندە دەکرێت. کێشی مانگە دەستکردەکە نزیکەی 380 کیلۆگرامە. سەرەڕای ئەو جەژنە گەورەیەی ئیسرائیل، هەندێک شیکەرەوەی سەربازی وەک ئودی عتزیۆن پێیانوایە کە پرۆژەکە کەمبودجەیە و وەک مووشەکەکانی "ئارۆ" و تەقەمەنییە وردبینەکانی دیکە زیادکردنی بودجەی پێنەدراوە. لە داهاتوودا، ئیسرائیل ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان لە دروستکردنی کۆمەڵێک مانگی دەستکردی دیکەدا دەکات بۆ دابینکردنی چاودێری بەردەوام بەسەر هەموو خاڵێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە یەک کاتدا. ئەمەش گرنگی ستراتیژیی بۆشایی ئاسمان لە سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیلدا نیشان دەدات.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ