ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک هەیە

شەیری بکە لە:
ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک هەیە

نموونەی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک

ئاڤا نیوز

دوای وەستانی ئەپلیکەیشنی پسوولەی خۆراک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاڤا میدیا زانیویەتی ئەگەر درێژکردنەوەی ماوەی پرۆسەکە هەیە.

چیرۆکی سەرەکی: ماوەی 13 ڕۆژە ئەپلیکەیشن و سیسمتی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق وەستاوە، هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەکەی ئەپلیکەیشنەکە و کارابوونەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئەپلیکەیشنەکە بۆ هاووڵاتیان ڕانەگەیێنراوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا میدیا زانیویەتی هەوڵەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پڕکردنەوەی پسوولەی خۆراک هەیە، ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا ڕابگەیێنرێت و هاووڵاتیان بتوانن بەبێ بەرامبەر پسوولەکانیان بکەنە ئەلیکترۆنی. ئەگەر ئەو پێشنیازەش قبووڵ نەکرێت، ئەوا پێویستە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هەر ئەندامێکی خێزان، بڕی 11 هەزار دینار بدرێت.

لێدوانی فەرمی: سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: هیچ وادەیەکمان بۆ دەسپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئەپلیکەیشنی پسوولەی خۆراک بەدەست نەگەیشتووە و نازانین کەی خزمەتگوزارییەکان چالاک دەبنەوە.

ژمارەکان وا دەڵێن: زیاتر لە 700 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان پسوولەی خۆراکیان بە ئەلیکترۆنی نەکردووە، لە بەرامبەریشدا لە هەولێر 89%، سلێمانی 87%، دهۆک 83%، هەڵەبجە 89%ـی هاووڵاتیان پسوولەکانیان بەئەلیکترۆنی کردووە.

باکگراوند: هەرێمی کوردستان خاوەنی پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 پسوولەی خۆراکە، بەپێی دوایین داتا زیاتر لە چوار ملیۆن و 600 هەزار پسوولەکانیان بە ئەلیکترۆنی کردووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ