ڕوونکردنەوەیەک لە کۆمیسیۆنەوە لەبارەی بەشداریکردنی نەوەی نوێ و بەرەی گەل لە هەڵبژاردن

شەیری بکە لە:
ڕوونکردنەوەیەک لە کۆمیسیۆنەوە لەبارەی بەشداریکردنی نەوەی نوێ و بەرەی گەل لە هەڵبژاردن

لۆگۆ نەوەی نوێ و بەرەی گەل

ئاڤا نیوز

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سەبارەت بە دۆسیەی زیندانییکردنی سەرۆکی بەرەی گەل و نەوەی نوێ چاوەڕێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی حیزبەکانن و دواتریش بڕیاری پێویستییان لەسەر دەدرێت، ئاشکراشی دەکات کە کاندیدی ئەو دوو لایەنە ئەگەر هیچ تێبینییەک لەسەر شیاویەتییان نەبێت کێشەیان نابێت و بەشداری کێبرکێی هەڵبژاردن دەکەن.

وێنە گەورەکە: لە 12ی ئابەوە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  و لە 22ی ئابیشەوە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەهۆی بوونی داواکاریی لەسەریان لەلایەن دادگاوە، لە سلێمانی زیندانییکراون ئەوەش چارەنوسی حیزبەکانیانی بەنادیاریی هێشتووەتەوە و دیار نییە لەنەبوونی سەرۆکەکانیان دەتوانن پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکەن یاخوود نا.

لێدوانی فەرمی: جومانە غەڵای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لەبارەی دۆسیەی نەوەی نوێ و بەرەی گەل کە سەرۆکەکانیان زیندانییکراون، چاوەڕێن فەرمانگەی حیزب و ڕێکخراوەکان ڕاپۆرتی خۆیان بەرزبکەنەوە و دواتریش ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەدات.

وتیشی، بەڵام سەبارەت بە کاندیدەکانی نەوەی نوێ و بەرەی گەل ئەگەر مەرجەکانی شیاویەتییان تێدابێت، کێشەیان نابێت و دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن.

بەشێکی دیکە لە قسەکانی جومانە غەڵای، وتەبێژی کۆمیسیۆن:

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێویستی بە 250 هەزار کارمەندی سەر سندووق هەیە و زیاتر لە 800 هەزار کەسیش داواکاری پێشکەش کردووە.

پاداشتی کارمەندان لە 150 هەزار بۆ 400 هەزار دینار دەبێت، ڕۆژی هەڵبژاردنیش زیاتر لە هەشت هەزار بنکە و 39 هەزار وێستگەی دەنگدان دادەنرێن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەر دەنگدەرێک پەنجەمۆرەکەی نەیخوێنێتەوە وێنەی بایۆمەتری بۆ بەکاردەهێنرێت.

بۆ ئەوەی ئامێرەکانی دەنگدان هاکنەکرێن کۆی پرۆسەی دەنگدان بە کێبڵ پێکەوە دەبەسترێتەوە نەک ئینتەرنێت.

لەسەر بانگەشەی پێوەخت چەند کاندیدێک بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادراون و تائێستاش کۆمیسیۆن هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیارینەکردووە.

هەر کاندیدێک لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان تێبینی لەسەربێت کۆمیسیۆن بڕیاری پێویستی لەسەر دەردەکات ئەوەشی هیچ تێبینی لەسەر نەبێت بەشداری هەڵبژاردن دەکات.

ئەو بابەتە (نەوەی نوێ و بەرەی گەل کە سەرۆکەکانیان زیندانییکراون) پەیوەندی بە فەرمانگەی حیزبەکانەوە هەیە و ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمیسیۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەڵام چونکە سەرۆکەکانیان کاندید نین، بۆیە کاندیدی لیستەکانیان دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ