کاتژمێر حەوتی ئاڤا کاریگەرترین کاتژمێری هەواڵە لە تەواوی کوردستان

شەیری بکە لە:

کاتژمێر حەوتی ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

کاتژمێر حەوتی ئاڤا میدیا، پڕ بینەرترین و کاریگەرترین کاتژمێری هەواڵە لە تەواوی کوردستان کە لەلایەن هەوراز گوڵپی پێشکەشی دەکرێت و هەواڵەکان بۆ بینەران بەشێوازێکی جیاواز و داهێنەرانە بۆ بینەران دەگێڕێتەوە. 

چیرۆکی سەرەکی: "سەعات حەوت، هەوراز هاتە خوار", ئەمە یەکەم ڕستەی دەستپێکی کاریگەرترین و پڕ بینەرترین کاتژمێری هەواڵە لە تەواوی کوردستان, هەر پلیکانەیەک و دەیان هەواڵ, هەر دەست جوڵاندنێک و دەیان چارەسەر, لە سەکۆی هەواڵی ئاڤا تەنیا هەواڵ ناگێڕدرێتەوە و کێشە باس ناکرێت، بەڵکو چارەسەریش دەکرێت، فایلی خەڵکیش یەکێکە لە تایبەترین بڕگەکان. 

زانیاریی زیاتر: 15ـی 9ـی 2024 کاتژمێر حەوتی ئێوارە یەکەم کاتژمێری وەرچەرخانە مێژوویەکەی هەواڵ بوو لە ئاڤا میدیا، دوای ساڵێک دەبێتە 315یەمین جار هەوراز دێتە خوارەوە و ڕستەی نە کراوە و نە بینراوە دەکاتە کراوە و بینراوە. 

لە سەعات حەوت هەوراز گوڵپی، زمانی فەرمی و ڕۆتینی هەواڵی میدیای کوردی کە زۆرێک لە چین و توێژەکان لێی تێناگەن یان چێژی لێ نابینن، تێدەپەڕێنێت و ڕیتمێکی میللی لە گێڕانەوەی هەواڵ بە شێوازی گێڕانەوەی ڕووداوەکان پێشکەش دەکات.

بەم کارە ئاڤا میدیا مۆدێلێکی نوێی پێشکەشکردنی هەواڵی هێنایە ناو میدیای کوردییەوە. بۆیە ئاڤا میدیا هەر زوو جێی خۆی لە کۆمەڵگەدا گرت و ژمارەیەک نەبوو بچێتە پاڵ ژمارەکانی تر،  بەڵکو دەرگایەکی نوێ بوو بەڕووی هەواڵ و میدیادا کرایەوە کە بە ماوەیەکی کەم چاوی لێکراو لە زۆر شتدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەدرێت.

 هەربۆیە هەواڵی مووچە و خانەنشینان لەپێشی پێشەوەی هەواڵەکانی کاتژمێری حەوتی ئاڤا میدیا بوون، تا کار گەیشتە ئەوەی هەوراز بە زمانی خەڵک ئەوەی لە ناخی خەڵکدا بوو سەبارەت بە مووچە ئاراستەی نوێنەرانی کوردی کرد لە بەغدا و داوای لێکردن تووندبن لە داکۆکی لە مافی مووچەخۆرانی کوردستان.

بەمە هەوراز بەتەواوی چووە ناو دڵی خەڵک، بەشێوەیەک لە جەژنەوە تا دوای پشووەکەی تامەزرۆی گەڕانەوەی بوون و دیارنەبوونی بووە باس و خواسی زۆربەی مەجلیسەکانی جەژن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەواڵی ئاڤا میدیا دوو چینی گرنگی گەڕاندەوە بۆ گوێگرتن لە هەواڵ، گەنجان لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانەوە و هەروەها چینی بەتەمەنەکانیش بۆ بەردەم شاشە گەورەکەی ماڵەوە.

لەلایەکی دیکەوە: ڕەنگە ئاڤا وەک کەناڵێک لەدایک بووبێت، بەڵام بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی، هەمووان ناچار دەکات بە هەڵوێستەکانی خۆیاندا بچنەوە: لە هاووڵاتیانەوە تا سیاسەتمەداران، تا کەناڵەکانی تر کە ئێستا هەست بە پابەندبوون دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردەکانیان.

ئاڤا بووە گەینەری دەنگی خانەنشینان و وەڵامی دەیان پرسیار و کێشەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی بۆ وەرگرتنەوە.

ئاڤا میدیا هەر بەوەش نەوەستا و هێڵی گەرمی کاتژمێر حەوتی بڵاوکردەوە و تیمێکی پێکهێنا بۆ وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی کێشەی خەڵک و سەدان کێشەی وەرگرت و سەدانیشێ چارەسەر کرد

هەواڵەکانی سەعات حەوت تەنیا هەواڵ نەبوون، بەڵکو بوو بە سەکۆییەکی بێ سنوور بۆ ڕەخنە و کێشە گەورەکان، کەچی لە شوێنی دەستخۆشی سکاڵا دژی هەوراز و ئاڤا تۆمار دەکرێت، بۆ نموونە ڕەخنەگرتن و باسکردنی کەموکوڕییەکانی لووتکەی عەرەبی و مووچەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراقدا داواکراوە هەوراز گوڵپی دەستگیر بکرێت و ئاڤاش سزا بدرێت.

ئەمەش بزانە: لە سەردەمێکدا کە میدیا بووەتە پلاتفۆرمی حیزبی و هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان زیاتر خەمی پۆلیشکردنی سەرکردەکانن نەک لێپرسینەوە لەگەڵیاندا، ئاڤا تیڤی وەک میدیایەکی تایبەت دەرکەوتووە و لە شوێنی حیزب هاوڵاتی یەکەمە، ڕاستی پێش چەپڵە لێدان و پیشەییبوون لە سەرووی هەموو بابەتەکانەوە.

چی وا دەکات کەناڵێک بەو خێراییە دڵی خەڵک بەدەست بهێنێت؟ وەڵامەکە هەم سادە و هەم ئاڵۆزە: ڕاستگۆیی و قسەکردن بە زمانی خەڵک. لە ماوەیەکی کورتدا کەناڵی ئاڤا سەلماندی کە تەنها دەنگێک نییە لە سەرەوە، بەڵکو دەمبڕێکە لە ناوەوە.

زمانی نووخبەی وەلاناوە و بە زمانی گەل قسەی کردووە. ئەو پرسیارانەی وروژاند کە هەمووان خۆی لێ بەدوور دەگرن، هەروەها باسی لەو پرسانە کرد کە میدیاکان بەشێوەیەکی نەریتی بریقەیان لێ داوە نەک ڕووبەڕوویان ببنەوە.


ژمارەکان درۆ ناکەن، لە ماوەیەکی پێوانەییدا، ئاڤا تیڤی بەربەستی تەقلیدی بینەری شکاند و ژمارەیەکی بێوێنەی بینەری بەدەستهێنا، چ لەسەر شاشەکەی و چ لەسەر پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بووە ملیۆنی.


یەک پەخشی ڕاستەوخۆی بەرنامەیەکی سیاسی یان ڕاپۆرتێکی مەیدانی بەسە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەدان هەزار بینەر کۆبکاتەوە و مشتومڕی بەرفراوان لە شەقامی کوردیدا هەڵگیرسێنێت.

ئاڤا تیڤی خۆی وەک کەناڵێکی "بێلایەن" بە مانا ساردەکە نیشان نادات، لایەنگرییە، بەڵێ، بەڵام لایەنگرییە بەرەو ڕاستییەکان. لایەنگرییەکەی بەرامبەر بە هاووڵاتییە نەک سەرکردە؛ بەرەو دەستوور، نەک مانیفێستی حیزبی؛ بەرەو دەوڵەتێکی سەقامگیری کوردی، نەک ناوچەی خۆڵەمێشی نێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن.


لە کۆتاییدا.. میدیا چەک نییە لە دەستی کەسدا، میدیا هۆشیارییە. ئاڤا تیڤی سەلماندی کە میدیای کوردی دەتوانێت خزمەت بە گەلی کورد بکات نەک بەرژەوەندی ڕووکەش.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ