لە گوندێکی شنگال دوو گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە

شەیری بکە لە:
لە گوندێکی شنگال دوو گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە

دیمەنی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان

ئاڤا نیوز

لە گوندی (سیبا شێخ خدر)ـی سنووری شنگال، دوو گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە. لە یەکێکیاندا ڕووفاتێک دۆزراوەتەوە و ناسنامەکەی ئاشکرا بووە، گەنجێکە بەناوی "سیدۆ عەباس."

چیرۆکی سەرەکی: گوندی سیبا شێخ خدر بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە دووری سەنتەری شنگال. لەم چەند ڕۆژە ئاوارەیەکی گەڕاوەی سنوورەکە شۆفڵی بردووە بۆئەوەی لە نزیک وێستگەی کارەبای ناوچەکە پارچە زەویی ڕاست بکات بۆ ئەوەی خانووی لەسەر دروست بکات، لەو کاتە ڕووفاتێکی کەسێک دەردەکەوێت.

لێدوانی فەرمی: خەیری عەلی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پتریکۆر بۆ مافی مرۆڤ لە شنگال بە ئاڤا میدیای وت، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە گوایە تەنیا یەک ڕووفات لەو شوێنە دۆزراوەتەوە، بەڵام کاتێک تیمەکان سەردانی شوێنەکەیان کرد. دەرکەوت ئەم شوێنە گۆڕێکی بە کۆمەڵی لێیە، دواتریش لە دووری 20 مەتر گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە. هێشتا نازانرێت چەند ڕووفات لەو گۆڕانەدان و چاوەڕێی تیمە پسپۆڕەکان دەکەین تاوەکو بێن و ئەو گۆڕانە هەڵدەنەوە.

بەوتەی خەیری ئیبراهیم، ناسنامەی کەسێک دەرکەوتووە بەناوی "سیدۆ عەباس جوکۆ" کە گەنجێکی خێزاندارە و لە ڕۆژی 3ـی ئابی 2014 لەگەڵ ژمارەیەک خەڵکی تری گوندی سیبا شێخ خدر لەم شوێنە کۆمەڵکوژ کراون.

ژمارەکان وادەڵێن: بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی پتریکۆر، تا ئێستا لە سنووری شنگال، 95 گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیە هێشتا 27 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵنەدراوەتەوە و 68 گۆڕیش هەڵدراونەتەوە. لە گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە 850 ڕووفات دەرهێنراون، بەڵام تەنیا ناسنامەی 96 کەس ناسراوەتەوە.


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ