سبەی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە کوردستان لێدەدرێت

شەیری بکە لە:
سبەی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە کوردستان لێدەدرێت

ژمارەیەک خوێندکار بە ئاڵای کوردستانەوە وەستاون بۆ لێدانی زەنگی نوێ

ئاڤا نیوز

سبەی یەکشەممە دەرگای نزیکەی حەوت هەزار 500 ناوەندی خوێندن بە ڕووی زیاتر لە یەک ملیۆن و 950 هەزار قوتابی و زیاتر لە 180 هەزار مامۆستا و فەرمانبەردا دەکرێتەوە و یەکەم زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن 2025-2026 لێدەدرێت.


وێنە گەورەکە: وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 21ی 9 ی 2025ی وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (2025 - 2026)ی دیاریکرد، بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بۆ ئەمساڵی خوێندن تاوەکو ئێستا 160 هەزار قوتابی نوێ تۆمارکراون، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بەرز ببێتەوە بۆ 180 هەزار قوتابی.

لێدوانی فەرمی: د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئێستا 434 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، کارکردن لە 30 قوتابخانە بەردەوامە، 28 قوتابخانە کە دەکاتە 309 ژووری نوێ خوێندن بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن ئامادە کراوە و 214ی دیکە تەواو کراون.

- بەگشتیی چوار هەزار و 441 هۆبەی نوێی خوێندن لەڕووی ژێرخانەوە دروستکراوە کە شوێنی زیاتر لە 110 هەزار قوتابی دەبێتەوە.

- لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن لە ماوەی ئەو کابینەیە 33 هەزار و 341 قوتابی کە لە خوێندن دابڕابوون، گەڕێنراونەتەوە بەر خوێندن، لە 1ی 10 لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف پرۆسەیەکی دیکە دەستپێدەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی لە خوێندن دابڕاون.


لێدوانی فەرمی: حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەكانی خوێندن پێشتر بە ئاڤای ڕاگەیاند: ئەمساڵ سەرەڕای ئەو فشارە ئابوورییەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، حکومەتی  هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 ملیار دیناری بۆ چاپی کتێب تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی بە باشترین کوالێتی بخرێتە بەردەستی منداڵانی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش 22 ملیۆن و 134 هەزار پەرتووکی نوێ تەنیا بۆ ئەمساڵی خوێندن چاپکراون.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن، کاریشی لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایی سەردەم و ژیریی دەستکرد کردووە وەک بەشێک لە هۆکارەکانی پەروەردەیی و هێنانەکایەی ئاسانکاری و نوێگەری لەو بوارەدا. 

پەیوەست بەم بابەتەوە: وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە دروستکردنی پلاتفۆرمێک بەناوی "زانا" کرد و بە پلاتفۆرمێکی گرنگ و ناوازە ناوی برد و گوتیشی: یەکەمین کارە کە حکومەت، دەوڵەت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیکات. پرۆگرامەکە وابەستەکراوە بە زیرەکیی دەستکرد لە سنووری پەروەردەو فێرکردن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ