نەخشەڕێی نێردەی ترەمپ بۆ عێراق

شەیری بکە لە:
نەخشەڕێی نێردەی ترەمپ بۆ عێراق

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق

ئاڤا نیوز

 

دەستنیشانکردنی نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، گۆڕانکاریی دەکات لە سیناریۆکانی پێكهێنانی حکومەت لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئامانجی یەکەمیش دوورخستنەوەی هەژموونی هێز و لایەنە پشتیوانەکانی ئێرانە.

 

چیرۆکی سەرەکی: بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی، یەکێک لە ئەرکەکانی مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، دوورخستنەوەی هەر لایەنێکی نزیک لە ئێرانە لە حکومەتی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی ئەو هێز و لایەنانەی گرووپی چەکدارییان هەیە.

 

بڵاوکراوەی فەرمی: ڕۆژنامەی مەدا، بەپشتبەستن بە زانیاری و شیکاری سیاسیی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، مارک ساڤایا ڕەنگە گرووپێکی سیاسی نوێ بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتووی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دابمەزرێنێت.

 

زانیاریی زیاتر: هەر سەبارەت بەم بابەتە، مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بەگرووپە چەکدارەکان ئەوەیە کە هیچ جێگەیەک بۆ ئەو گرووپانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نابێتەوە، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراقیش بە بوونی هێزێکی ئەمنیی یەکگرتوو لەژێر سەرکردایەتی یەک حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەدیدێت، بەبێ ئەمەش سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئەم پەیامەی ساڤایا ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرت و بۆچوون و شیکارییانە سەبارەت بە ئەرکەکانی ساڤایا پشت ڕاست دەکاتەوە. 

 

لە لایەکی دیکەوە: ئیحسان شەممەری، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی بەغدا، ڕایگەیاند: ڕەنگە چوارچێوەی هەماهەنگی بە دوورخستنەوەی هەندێک لە لایەنەکانی لە هاوکێشە نوێیەکەدا سازش بۆ رازیکردنی ئەمریکا بکات.

 

کۆتا هۆشداریی: بەپێیی هەندێک زانیاری، واشنتن بە سەرکردایەتیی عێراقی ڕاگەیاندووە،  ڕێگە نادات جارێکی دیکە وڵاتانی هەرێمی لە دامەزراندنی حکومەتی داهاتووی عێراق دەستوەردەن بەتایبەتی لە بەشێک لە وەزارەت و دەستە و ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەکان، نێردەی نوێی ئەمریکاش بۆ عێراق کارەکانی لەسەر ئەم بنەمایە دەستپێدەکات.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ