پێشمەرگە لە دانووستانی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەشدار دەبێت

شەیری بکە لە:
پێشمەرگە لە دانووستانی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەشدار دەبێت

دیمەنی فەرماندەیەکی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیێنێت، نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپاڵ بەرپرسانی ئەمنیی حكومەتی فیدراڵ لە دانووستانی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەشدارە كە دوێنێ پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025 گەڕێكی دیكەی بەڕێوەچوو.

وێنە گەورەكە: پەیوەست بە دانانی خشتەیەكی زەمەنی بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، چەندین گەڕی دانووستان لەنێوان بەرپرسانی ئەمریكا و عێراق بەڕێوەچووە، دانووستانەكان لەپێناو بەردەوامیدانە بە دابینكردنی هاوكاریی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزكردنەوەی توانای هێزە عێراقییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەك كە مەترسیی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دروست دەكات.

چیرۆكی سەرەكی: گەڕێكی دیكەی دانووستانی ستراتیژی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەنێوان بەرپرسانی بەغدا و واشنتن دەستیپێكردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، ڕۆژی 6ـی 11ـی 2025، ڕاوێژێكی تەكنیكیان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەكانی هەردوولا ئەنجامدا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانووستانەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیێنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەم گەڕەی دانووستانەكان بەشدار بووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، نوێنەرانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی، لە مانگەكانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە درێژخایەنەکان لە نێوانیاندا، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردن و بەرگریکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە.

لە ڕاگەێنراوەکە ئەوەش هاتووە، هاوكاریی ئەمریكا بۆ عێراق لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پاراستنی سەروەری عێراق و تێکشکاندنی یەكجارەكیی تیرۆرە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: