دوای 55 ساڵ مەسرور بارزانی کێشەی دەیان جووتیاری هەولێر چارەسەر دەکات

شەیری بکە لە:
دوای 55 ساڵ مەسرور بارزانی کێشەی دەیان جووتیاری هەولێر چارەسەر دەکات

دیمەنی زەوییەکی کشتوکاڵی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ چاوەڕوانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی 96 جووتیاری سنووری پارێزگای هەولێری دا، کە لە ساڵانی حەفتاکانەوە بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەرکرابوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکرابوو. 

چیرۆکی سەرەکی: 55 ساڵ پێش ئێستا، ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵی لە دەرەبەگ و ئاغاکان وەرگیرایەوە و درایە جووتیاران بۆ بەکارهێنان. ئەم جووتیارانە کە زۆرینەیان لە ناوچەکانی بەحرکە و خەبات و چەند ناوچەیەکی ترن، کاتێک بەشێک لەو زەوییانە کەوتنە ناو ماستەر پلانی شاری هەولێر، بەهۆی ئەوەی زەوییەکان بە ناوی خۆیانەوە نەبوون، جووتیاران نەدەکرا قەرەبوو بکرێنەوە.

لێدوانی فەرمی: هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە ئاڤای وت،"بەپێی یاسایی چاکسازی ژمارە 117 ساڵی 1970 زەوی لە دەرەبەگ و ئاغاکان وەرگیرایەوە و دراوەتە جووتیاران و بەکاریان دەهێنا، بەڵام کاتێک زەوی ئەم جووتیارانە کەوتووەتە ناو ماستەر پلانی شاری هەولێر، بەهۆی ئەوەی زەویەکانیان بەناوی خۆیان نەبوو، نەدەکرا قەرەبوو بکرێنەوە."

هێمن ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم جووتیارانە زۆرینەیان لە بەحرکە و خەبات و چەند ناوچەیەکی دیکەن، لەم چەند رۆژانە ڕێکارەکانی قەرەبووکردنەوەیان دەستپێدەکەن."

شەیری بکە لە: