داوای ناساندنی تاوانە ئۆنلاینەكان دەكرێت لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان

شەیری بکە لە:
داوای ناساندنی تاوانە ئۆنلاینەكان دەكرێت لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

ئاڤا نیوز

لە هەرێمی كوردستان، داوای دەركردنی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی یاسا بەركارەكان دەكرێت، بەمەبەستی بەڕوونی ناساندنی تاوانە ئۆنلاینەكان، ئەوەش لەپێناو پاراستنی مافی قوربانییانی ئەو تاوانانە كە زۆربەیان ژن و منداڵن لەلایەک و بەسزاگەیاندنی تاوانباران لەلایەكی دیكەوە.

چیرۆکی سەرەکی: 
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری بەرپرسانی باڵای وەزارەتەكە، لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی سیید بۆ شیاندنەوەی ڕزگاربووانی دەستی تووندوتیژی و مەترسییەكان كۆبوونەوە، هەردوولا كۆک بوون لەسەر پێویستیی دەرچوواندنی یاسای نوێ لەپاڵ هەمواركردنەوەی یاسا بەركارەكان، بەجۆرێك كە بەڕوونی تاوانە ئۆنلاینەكان بناسێنرێن.

لێدوانی فەرمی: ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە ئاڤای ڕاگەیاند، لەپێناو پاراستنی مافی قوربانییانی تاوانە ئۆنلاینەكان كە زۆرینەیان ژنان و منداڵانن، هەروەها فەراهەمكردنی میكانیزمی لێپرسینەوەی كارا، بەپێویستی دەزانین ئەو تاوانانەی بە ئۆنلاین دەكرێن، لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا بناسێندرێن.

- وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ڕوونیشی كردەوە، زۆرێك لە تاوانەكانی گێچەڵی سێكسی، قوماركردن، توندوتیژیی زمانی و هەڕەشە، فرۆشتنی و بڵاوكردنەوەی خواردنەوە كحولییەكان و جگەرە و ماددە هۆشبەرەكان، جنێودان بە ئایین و پیرۆزییەكان و بەها باڵاكانی كۆمەڵگە و چەندین تاوانی دیكە، ئێستا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە سزا بدرێن، بەڵام هیچ یاسایەك بەڕوونی سزادانی تاوانبارانی ئۆنلاینی ڕێكنەخستووە، بۆیە داوای دەرچوواندنی یاسای نوێ یاخود هەمواركردنەوەی یاسا بەركارەكان دەكەین.

گۆشەیەكی دیكەی دیمەنەکە: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاكێجی ئینتەرنێتی خێزانی دابین كردووە لەپێناو پاراستنی خێزان و بەها ئەخلاقییەكان، سەرجەم كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێتی پابەند كردووە بە دابینكردنی ئەو پاكێجە بەهەمان نرخی ئۆفەرەكانی دیكە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ