
ئەمریکا کۆتایی بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەهێنێت
ئاڤا نیوز
دوای چەند جارێک هۆشداریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئێران سەربارەت بە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی و سنووردارکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، واشنتن بڕیاریدا بە شەش فڕۆکەی جۆری B2، سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمی ئێران بۆردوومان بکرێت.
وێنە گەورەکە: لە دەیەمین ڕۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانی و پۆستەکانیدا لە سۆشیاڵ میدیا، هۆشداریی بە ئێران کە دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت یاخود خۆی کۆتایی بە کاری وێستگە ئەتۆمییەکان بهێنێت، دواجار کاتژمێر 02:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، واشنتن ڕاستەخۆ بەشداریی لەو شەڕەدا کرد و بە شەش فڕۆکەی جەنگی سێ وێستگەی ئەتۆمی لە ئێران بۆردوومان کرد.
چۆن ڕوویدا؟
دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی مۆڵەتە دوو هەفتەیەکەی بە ئێران، تاوەکو بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دانوستان لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بڕیارێکی زۆر خێرا و نهێنیدا و بێ ئاگاداری، دەستپێکی هێرشەکەی بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگەیاند، دواتر ترەمپ گوتی: فۆردۆ کۆتایی هات.
وردەکاریی هێرشەکە: میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن شەش فڕۆکەی بی-2 لە هێرشەکەدا بەشدار بوون، 12 مووشەکی پەناگەبڕیان بۆ لێدان لە دامەزراوەی فۆردۆ بەکارهێناوە، (مووشەکی جۆری GBU57)، کە کێشی هەریەکەیان زیاتر لە 13 تۆنە.
هەروەها باسی ئەوە دەکەن؛ ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکاش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە؛ 30 مووشەکی کرۆز لە جۆری TLAMـیان ئاراستەی دامەزراوەکانی نەتەنز و ئەسفەهان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆکەیەکی بی-2 دوو بۆمبی پەناگەبڕی ئاراستەی دامەزراوەی نەتەنز کردووە.
کاردانەوەکان:
دوای بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە، ئاییندەی جەنگی ئیسرائیل - ئێرانی بەرەو ئاقارێکی نادیار برد، وڵاتان نیگەرانی خۆیان لەم پەرەسەندنە دەڕبری و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند:
- بەسەرکەوتوویی هێرشەکانمان بۆ سەر سێ پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوانیش نەتەنز و فۆردۆ و ئەسفەهان ئەنجام دا و گوتی هێرشەکان کۆتاییان بە فۆڕدۆ هێنا و ئەگەر ئێران ئاشتی بەدینەهێنێت ئەوا هێرشەکانی داهاتوومان زۆر وێرانکەرتر دەبن.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند:
-ئەمریکا و ترەمپ بەهێزێکی گەورەوە مامەڵەیان کرد و زۆرجار وتوومانە ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە دروست دەبێت و بڕیارە بوێرانەکەی ترەمپ بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران مێژوو دەگۆڕێت و وێنای نەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی دەڕبری و ڕایگەیاند:
-نیگەرانین لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە کاربکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
سوپای پاسداران دوای هێرشەکە ڕایگەیاند:
-ئێستا جەنگ لای ئێمە دەستی پێکرد، و پێشتریش وڵاتەکە ڕایگەیاندبوو گەر ئەمریکا بەشداریی بکات لە جەنگەک،ە ئێمە بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەینە ئامانج و بی وەڵام نابین.
یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:
لەسەر هەموو لایەنەکان پێویستە بەزووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.
عومان لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا ڕایگەیاند:
بە ئامانجگرتنی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پەرەسەندنەکان فراوانتر دەکەن.
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند:
-هێرشی ئەمریکا پێشێلکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە، بەڵام پشکنینمان بۆ دەوروبەری ئەم پێگانە کرد هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوەی ئەتۆمی دروست نەبووە.
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند:
-نابێت هەرگیز ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەم هێرشەی ئەمریکاش هەنگاوێک بۆ سنووردارکردنی ئەم مەترسییە .
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوەیە گرتووەکان ڕایگەیاند:
-زۆر نیگەرانم لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە دژی ئێران، ئەوەی ڕوویدا، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لە ناوچەکە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێکدەهێنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:
-ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئاشتیخوازەکانی ئەتۆمیی ئێران، پێشێلکارییەکی گەورەی لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە و ئێران مافی خۆیەتی هەموو ڕێگە و بژاردەیەک بۆ بەرگریی لە سەروەری خاکی وڵاتەکەیی و بەرژەوەندییەکانی بگرێتەبەر.
کاردانەوە عێراقییەکان بەرامبەر هێرشەکەی ئەمریکا:
-عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانیی: بەتووندی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکەین و هۆشداریی لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دەدەین، کە بەهۆیەوە لەوانەیە ناوچەکە و جیهان ڕابکێشرێتە ناو جەنگێکی گشتگیرەوە
٠ داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هەنگاوی پابەندکار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بگرنەبەر، ئیسرائیلیش لە پێشێلکردنی بەردەوامی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ڕابگرن.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بەبێ ئەوەی ناوی ئەمریکا بهێنێت، لە ڕاگەیێنراوێکدا باسی لەوە كرد:
-بەغدا لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نیگەرانە و سەرکۆنەی دەکات، باوەڕیشی وایە هێرشەکە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئارامی هەرێمیی دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
ئێران بۆ یەکەمجار مووشەکی خەیبەری بەکارهێنا
دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، میدیای ئێران ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ڕۆژی ئەمڕۆ، ئێران 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئەمە جگە لەوەی بۆ یەکەمجار مووشەکی خەیبەری بەکارهێنا کە مووشەکێکی دوورمەودایە و ئێران بە مووشەکێکی پێشکەوتووی دادەنێت.
ئەوەی لەبارەی زیانەکانەوە باسکراوە:
مەهدی محەممەدی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی لە ئێکس ڕایگەیاند، ئەو هێرشە بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەو شوێنە چۆڵ کرابوو، هێرشەکە زیانێکی وای نەبووە کە نەتوانرێت چاک بکرێتەوە، تاران پێشوەختە ئامادەکاری بۆ ئەم سیناریۆیە کردبوو.
هاوکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد، پێش هێرشەکەی ئەمریکا ئێران زۆرترین یۆرانیۆمی لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ گواستووەتەوە و زیانێکی وای بەرنەکەوتووە.
ئامانجی ئەمریکا لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە چییە؟
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئەمریکی باسیان لەوەکردووە، ئەمریکا ئامانجی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی سنووردارکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، هاوکات کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 15 خولەک لەمەوپێش
دڵشاد هیرانی: لە هەرێمی کوردستان هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەو ژەنەراڵە بناسە کە ترەمپ لەدوای هێرشەکەی سەر ئێران دەستخۆشی لێ کرد
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئێران بۆ یەکەمجار مووشەکی خەیبەری لە دژی ئیسرائیل بەکارهێنا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
پاکستان ترەمپ بۆ نۆبڵی ئاشتیی کاندید دەکات
21 حوزەیران
جگە لە پێنج شوێن ئینتەرنێتی هەموو کوردستان دەوەستێت
21 حوزەیران
هەموو شتێک لەبارەی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ دوای بۆردوومانکردن مەترسییان چەندە؟
20 حوزەیران
پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران کەی ئاشکرا کرا؟
20 حوزەیران
- هەواڵ
- 12 خولەک لەمەوپێش
دەستەی عێراقیی چاودێریی ئەتۆم بۆ ئاڤا: تیشكدانەوەی ئەتۆمی تۆمارنەکراوە
- کوردستان
- 15 خولەک لەمەوپێش
دڵشاد هیرانی: لە هەرێمی کوردستان هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 45 خولەک لەمەوپێش
عێراقچی: ئەمریکا و ئیسرائیل دیپلۆماسییەتیان هەڵوەشاندەوە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەو ژەنەراڵە بناسە کە ترەمپ لەدوای هێرشەکەی سەر ئێران دەستخۆشی لێ کرد
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
دەرگای وەرگرتنی گەنم بەڕووی جووتیارانی کۆیە کرایەوە