جووتیارانی مەخموور ناڕەزایەتییان هەیە لە دیاریکردنی بڕینی گەنمی وەرگیراو

شەیری بکە لە:
جووتیارانی مەخموور ناڕەزایەتییان هەیە لە دیاریکردنی بڕینی گەنمی وەرگیراو

دیمەنی وەستانی بارهەڵگرەکان لە بەردەم سایلۆی مەخموور

ئاڤا نیوز


جووتیارانی مەخموور ناڕازین لە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی بۆیان دیاریکراوە و داوا دەکەن بۆیان زیاتر بکرێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داوکارییەکەیان نەدراوەتەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: بە بیانووی ئەوەی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، پێشتر گرێبەستە کشتوکاڵییەکانیان لەسەر پارێزگای هەولێر و دهۆک کردووە، ئەمساڵ دەرگای سایلۆکان بە ڕووی جووتیارانی ئەو ناوچانە نەکرایەوە و گەنمیان لێوەرنەگیرا، دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە دەر لە ڕێنماییەکانی پلانی وەرگرتنی گەنم بڕیاردرا 86 هەزار تۆن لە گەنمی جووتیارانی سنووری قەزای مەخموور و ناحیەکانی وەربگیرێت، ئەمەش ناڕەزایی جووتیارانی لێکەوتەوە.

 

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: هەر دۆنمێک زەوی داچێنراو بە گەنم لە مەخموور 371 کیلۆ و قەراج 250 کیلۆ گەنم وەردەگیرێت، بڕیار بوو دوێنێ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی مەخموور دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی جووتیاران پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە و بڕیارە ئەمڕۆ دەستپێبکات.

 

لێدوانی فەرمی: مەروان حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور بە وەکالەت بە ئاڤای گوت: داوکاری جووتیارانمان گەیاندووەتە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای نەینەوا و حکومەت و پەرلەمانی عێراق، چاوەڕێی ئەوە دەکەین وەڵامی داوکارییان بدرێتەوە.

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: زیاتر لە مانگێکە دروێنەی گەنم لە سنووری قەزای مەخموور کراوە، لەو کاتەوە ئەو بەرهەڵگرانەی گەنم دەگوازنەوە بۆ سایلۆ لە نۆرەی ڕادەستکردنی گەنم وەستاوون و ئەمەش وایکردووە کرێی زیاتر لە جووتیاران وەربگرن، ئەمەش خەرجی جووتیارانی ئەو سنوورەی زیاتر کردووە.

 

شێوازی جێبەجێکردن: هەر جووتیارێک بەپێی ڕووبەری داچێنراوە گەنمیان لێوەردەگیرێت و پارەی گەنمیشیان بەمجۆرە پیدەدرێت: 

ئەو جووتیارانەی 1 بۆ 25 تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت، 100% پارەکەیان بە یەک قست پێدەدرێت.
ئەو جووتیارانەی 25 بۆ 50 تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت, پارەکەیان بە دوو قست پیدەدرێت.
ئەو جووتیارانەی 50 بۆ 75 تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت, پارەکەیان بە چوار قست پیدەدرێت.
ئەو جووتیارانەی 75 بۆ 100 تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت, پارەکەیان بە پێنج قست پێدەدرێت.

 

زیانە سەرەکییەکان: جووتیارانی سنووری مەخموور بڕێکی کەم لە بەرووبوومی گەنمی ئەمساڵیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش جووتیاران ناچار دەکات بڕێکی زۆری گەنمی ئەمساڵیان بە نرخێکی کەمتر بفرۆشن بەمەش زیانێکی زۆریان پێدەگات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ