تورکیا داوای زیادکردنی ناردنی بەرهەمی نەوت لە عێراق دەکات

شەیری بکە لە:
تورکیا داوای زیادکردنی ناردنی بەرهەمی نەوت لە عێراق دەکات

ئاڵای عێراق - ئاڵای تورکیا - گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، پێشنیازی ڕێککەوتنێکی نوێی وزە لە نێوان تورکیا و عێراقدا کراوە و دەبێت میکانیزمێک لەخۆبگرێت بۆ مسۆگەرکردنی بەکارهێنانی تەواوی هێڵی بۆریی نەوتی نێوان هەردوو وڵات.

لێدوانی فەرمی: ئەلپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان داواکارییە سەرەکییەکانی تورکیای خستەڕوو و وتی، "داوای ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکمان کردووە کە 'میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی بەکارهێنانی تەواوی ئەم هێڵە بۆرییە' لەخۆبگرێت."

هەروەها وتیشی، "ئەو یاداشتەی ناردوومانە لەم چوارچێوەیەدایە. ئەم هێڵە بۆرییە توانای نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە. ئێستا هیچ هەناردەیەک نییە، تەنانەت کاتێکیش کاری دەکرد، هەرگیز بە توانای تەواوەوە نەبووە."

بایراکدار ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشنیازەکەی تورکیا بژاردەی درێژکردنەوەی هێڵی بۆرییەکە بۆ باشووری عێراقیش لەخۆدەگرێت. وتیشی، "پێویست ناکات هێڵی بۆرییەکە بە تەواوی بە نەوتی عێراق پڕبکرێتەوە. بۆ گەیشتن بەو ئامارانە، پێویستە هێڵی بۆرییەکە بگاتە باشوور." وتیشی کە دوا وادە بۆ ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستێکی نوێ، مانگی حەوتی 2026ە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هێڵی بۆری عێراق-جەیهان لە ساڵی 2023ەوە ڕاگیراوە، بە بەهای زیاتر 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری کوردستان و عێراق گەیاندووە.

باکگراوند: هەفتەی ڕابردوو، ئەنقەرە ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتنی دەیان ساڵەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-جەیهان لە تەمموزی 2026 کۆتایی دێت. بەرپرسێکی عێراقیش وتبووی تورکیا پێشنیازی فراوانکردنی ڕێککەوتنەکەی کردووە بۆ ئەوەی هاریکاری لە بواری نەوت، غاز، پترۆکیمیایی و کارەبادا بگرێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ