جەهەپە 22هەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی دەبەستێت

شەیری بکە لە:
جەهەپە 22هەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی دەبەستێت

کۆنگرەی پێشووی جەهەپە

ئاڤا نیوز

 

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، دوای کۆکردنەوەی واژۆی زیاتر لە 900 نوێنەر، داوای بەستنی 22هەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی لە دەستەی هەڵبژاردنی قەزای چانکایا دەکات. بڕیارە کۆنگرەکە لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 2025 بەڕێوەبچێت.


وێنە گەورەکە: ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە جەهەپە بەهۆی ڕووداوەکانی دوای دانانی قەییووم لە شوێنی سەرۆکی پارێزگای ئیستەنبووڵ – کە گورسەل تەکین، ئەندامی جەهەپە، وەک قەییووم دانرا – تووشی لێکترازان و ئاڵۆزی ناوخۆیی بووەتەوە.


لێدوانی فەرمی: گوڵ چیفتجی، بەرپرسی هەڵبژاردن و کاروبارە یاساییەکانی جەهەپە، لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بڕیارەکەی ڕاگەیاند و گوتی: "بە واژۆی ئەندامانی جەهەپە، بڕیارمان دا لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 2025 کۆنگرەیەکی نائاسایی ببەستین."


لەلایەکی دیکە: پارتەکە داوای لە ئیدارەی شارۆچکەی چانکایا کردووە ئاسایشی کۆنگرەکە بپارێزن، کە تێیدا سەرۆکی گشتیی جەهەپە و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتەکە هەڵدەبژێردرێن.


گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: لەم دواییانەدا و دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، سەرۆک شارەوانیی ئیستەنبووڵ، چەند ئەندامێکی جەهەپە لە ڕێگەی میدیاکانەوە چەند نهێنییەکی پشت پەردەی کۆنگرەی 8ی تشرینی یەکەمی 2023یان ئاشکرا کردبوو، بەوەی "ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، بەرتیلی بە ئەندامەکان داوە بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن." لە ئەنجامی ئەمەشدا، دادگای ئەنقەرە بڕیاری دا کۆنگرەی 38ی جەهەپە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەندام و بەرپرسانی ئەو کۆنگرەیەش لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە.


ئەمەش بزانە: جێگای سەرنجە کە ئەمە دووەمین کۆنگرەی نائاسایی جەهەپەیە لە ماوەی یەک ساڵدا، کۆنگرەی پێشووی لە6ی نیساندا ئەنجام درابوو.


ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: پرسیارێکی سەرەکی کە جەماوەری جەهەپە سەبارەت بەم کۆنگرەیە هەیانە، ئەوەیە کە ئایا ئەم کۆنگرەیە ئیستەنبووڵ دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا زیاتر لە 100 ئەندامی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بەشێکیشیان لە زینداندان. ئەمەش وادەکات نەتوانرێت دەنگی پێویست بۆ کۆنگرەکە کۆبکرێتەوە.


ئەوەی پێشبینی دەکرێت: چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەی 39ی ئاسایی جەهەپەش ببەسترێت. بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ئەگەری دواخستنی ئەم کۆنگرەیە هەیە بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ