ئیسرائیل چەند سەرکردەیەکی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج

شەیری بکە لە:
ئیسرائیل چەند سەرکردەیەکی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج

دیمەنی دوای بۆردوومانی ئیسرائیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر

ئاڤا نیوز

 

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە چەند سەرکردەیەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج.


زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەم هێرشەی ئەنجامداوە و شاندی دانوستانکاری حەماسی کردووەتە ئامانج. لە کاتی هێرشەکەدا، شاندەکە لە کۆبوونەوەدا بوون و سەرقاڵی تاوتوێ کردنی پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بوون کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە خراوەتەڕوو.


ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: کەناڵەکانی 12 و 14ی ئیسرائیلیش هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە. کەناڵی 12 ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج.

 

شێوازی جێبەجێ کردن:  کەناڵی 14 ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکان بە فڕۆکەی جەنگی ئەنجامدراون.


لێدوانی فەرمی: ئەفیغای ئەدرعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەوان سەرکردایەتی حەماسیان کردووەتە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان چوار سەرکردە کراونەتە ئامانج، هەریەکە لە خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین دووان لەو بەرپرسانەن کە کراونەتە ئامانج، کە دوو سەرکردەی دیاری حەماسن. تا ئێستا ناسنامەی سەرکردەکانی دیکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

- بەگوێرەی زانیاریی میدیاکان، خەلیل حەییە کە یەکێک بوو لەو سەرکردانەی ئیسرائیل کردیە ئامانج، نەکوژراوە بەڵام دیار نییە بریندار بووە یاخود نا.


پێشتر چی ڕووی دا؟ ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیل ژمارەیەک سەرکردەی حەماسی لە دەرەوەی کەرتی غەززە و کەناراوەکانی ڕۆژئاوای فەلەستین وەک ئامانج دیاری کردبوو.

 

کاردانەوەکان: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هێرشەکەی بە ترسنۆکانە وەسف کرد و ڕایگەیاند، پێشێلی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیانی قەتەر و نیشتەجێبووانی ئەو وڵاتە.


بۆچی گرنگە: هێرشەکە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، بەتایبەت لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە چڕبوونەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕووداوە کاریگەریی گەورەی لەسەر دانوستانەکانی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ