سوودانی چۆن گرووپە چەکدارەکانی ناچار کرد گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە بەجێبهێڵن؟
- ڕاپۆرت
- 14 ئەیلوول

دیمەنی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی عێراق
ئاڤا نیوز
چەند ساڵێک لەمەوبەر، دەنگی تەقینەوەکان کە بنکەکانی ئەمریکای لە عێراق دەکردە ئامانج، ڕووداوێکی نزیکەی ڕۆژانە بوو، کە زیان و ڕاگەیێنراوی هەڕەشەئامێزی بەدوای خۆیدا دەهێنا و وڵاتەکەی دەخستە سەر لێواری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوەی هەرێمی.
ئەم هێرشانە تەنیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەبوون، بەڵکو ئامرازی گوشار بوون کە لە یاریی نێوان واشنتن و تاراندا بەکاردەهاتن. بەڵام ئەمڕۆ، دیمەنەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە، خێرایی هێرشەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە کەمبووەتەوە، دەنگی هەڕەشەکان کز بوون، لە کاتێکدا ئەو گرووپانەی هەمیشە پێشەنگی پەرەسەندن بوون، ئێستا هەنگاوەکانیان بە وریاییەوە دەنێن، لەژێر گوشاری حیساباتی سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، بە پاڵپشتی ناڕاستەوخۆ لە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی.
زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاژانسی "شەفق نیوز" ئاشکرای دەکات یەکەم ساڵی دەسەڵاتی سوودانی 2022 تا 2023 بە تەواوی بێ هیچ هێرشێک بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا تێپەڕیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی پێشووی مستەفا کازمی لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 150 هێرشی تۆمارکردووە، بە بەراورد بە نزیکەی 50 هێرش لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتی سوودانیدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاساكانی پێکداداندا.
شەپۆلی دووەمی هێرشەکان و "یەکیەتیی گۆڕەپانەکان"
دوای ساڵێک لە بێدەنگی، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی 10ـی 2023 سەریهەڵدا، گرووپەکان وەک "یەکیەتیی گۆڕەپانەکان" وەسفیان کرد. لە مانگەکانی 10 و 11 و 12 2023 تا مانگی 1ـی 2024، زنجیرەیەک هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر بنکەکانی وەک عەین ئەسەد و هەریر ئەنجامدران. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا 23 هێرشیان کراوەتە سەر. لە مانگەکانی 7 و 8ـی 2024 چەند هێرشێکی دیکە ئەنجامدران.
بێدەنگیی پاشەڕۆژ و بەرژەوەندییەکان لەسەرووی چەکەکانەوە
دوای ئەو ماوەیە، هێرشەکان بە تەواوی وەستان، تەنانەت لە کاتی ڕووداوە هەرێمییە گەورەکانی وەک کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە سەرەتای 2025. تەنیا یەک هێرشی بچووک لە 19ـی ئازار 2025 بۆ سەر عەین ئەسەد تۆمار کرا و دواتر بێدەنگی باڵی بەسەر دیمەنەکەدا کێشا.
ئەحمەد شەریفی، شارەزای بواری ئەمنی، ئەم گۆڕانکارییە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی گرووپەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پێکهێنانی حکومەتی سوودانیدا هەبوو، پێیان باشتر بووە حکومەتەکە تووشی شەرمەزاری یان لاوازبوون نەکەن بە پەرەسەندن، بەتایبەتی دوای ئەو "ئیمتیازاتانەی بەدەست هێناوە کە سەرچاوەی ئابوورییان زیادی کردووە". شەریفی ئاماژە بەوەش دەدات، ئێران سەرەڕای چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، گرووپە عێراقییەکانی هان نەداوە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکەدا، وای بە باش زانیوە گۆڕەپانی عێراق ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.
هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان
لە کاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا وەستابوون، هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دەستیپێکرد، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتییان بگرێتە ئەستۆ. گرووپە چەکدارەکان نکۆڵییان لە بەرپرسیارێتی خۆیان کرد، بەڵام سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن بۆ تێکدانی دۆخی ناوخۆ و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت. شارەزایانی ئەمنی پێیانوایە ئەم هێرشانە زیاتر پەیوەندییان بە ململانێکانی وەبەرهێنان لەسەر کەرتی غاز لە نێوان ئێران و ڕووسیادا هەیە.
گۆڕانی یاساکانی یارییەکە و ئازادکردنی تسۆرکۆڤ
ئاگادارییەکی کتوپڕ لەبارەی ئازادکردنی توێژەری ئیسرائیلی - ڕووسی، تسۆرکۆڤ، کە لە ئاداری 2023 لە بەغدا لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵا ڕفێنرابوو، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ گۆڕانی بیرکردنەوەی گرووپەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەوە بۆ تێگەیشتن. ئەم ئازادکردنە لە ڕێگەی سێ کەناڵی هاوکاتەوە ڕاگەیێنرا: تویتێکی دۆناڵد ترەمپ، ڕاگەیێنراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لێدوانێکی فەرمی لە سوودانی. ئەمەش پرسیاری دروست کرد سەبارەت بەوەی ئایا ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی نافەرمی نێوان واشنتن و کەتائیبی حیزبوڵڵادا بووە. ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و دوو جەمسەری کاریگەری - واشنتن و تاران. لە کاتێکدا ئەمریکا کەمکردنەوەی هێرشەکان بە دەروازەیەک بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی عێراق بە ئابووری دەبینێت، گرووپەکان لە کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارەکانیاندا دەرفەتێک دەبینن بۆ جێگیرکردنی کاریگەری سیاسی و دارایی خۆیان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە بری ڕووبەڕووبوونەوە لە دەرەوەیان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤای خەڵک؛ له سۆران 420 کارگوزار 47 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە
- ژینگە
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
شێخ دارا: بارانبارینی لاواز چەند وڵاتێکی ناوچەکەی گرتووەتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
سەرۆک مەسعود بارزانی.. فریادڕەسی ئێزدییەکان
11 کاتژمێر لەمەوپێش
توێژینەوەیەک: بەرزبوونەوەی فشاری خوێن یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئاوی سپی چاوە
11 کاتژمێر لەمەوپێش
لەبارەی دەنگۆی تووشبوونی زەکەریا عەبدوڵڵا بە شێرپەنجە ڕوونکردنەوە دەدرێت
15 کاتژمێر لەمەوپێش
توێژینەوەیەک هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی مۆبایل لە توالێتدا
17 ئەیلوول
لە هەولێر مامۆستایەک بە بڕوانامەی بنەڕەتییەوە بە زۆر دەگوازرێتەوە بۆ ئامادەیی
17 ئەیلوول