ئاگرێكی گەورە لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر دەكەوێتەوە

شەیری بکە لە:
ئاگرێكی گەورە لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر دەكەوێتەوە

دیمەنی دوای کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە. وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ئاگرێكی گەورە لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە شاری هەولێر كەوتەوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و بەخێرایی ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد. بە گوتەی چەند شایەدحاڵێك، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە.

چیرۆكی سەرەكی: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئەیلوولی 2025، ئاگرێكی گەورە لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت كەوتەوە، ژمارەیەك نەخۆش و سەردانیكار لەنێو نەخۆشخانەكە گیریان خواردبوو، دوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، دەستبەجێ شەش تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتن و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد و دەیان كەسیش كە لەنێو نەخۆشخانەكە گیریانخواردبوو، ڕزگار كرد.

لێدوانی فەرمی: مقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند، كاتژمێر 2:33 خولەكی پاشنیوەڕۆ، ئاگاداركراینەوە بە ڕوودانی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ژین، شەش تیمی ئێمە بەزوویی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و لەنزیكترین كاتدا ئاگرەكەمان كۆنترۆڵ كرد، خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، تەنیا چەند دۆخێکی تێكچوونی  تەندروستیی نەخۆشەكان هەبوو كە بە ئەمبوڵانس گەیێنرانە نەخۆشخانەی دیكە.

زانیاریی زیاتر: وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، كەسێك لەنێو ئاسانسۆری نەخۆشخانەكە گیریخواردبوو، تیمەكانمان توانییان ڕزگاری بكەن، سەرجەم نەخۆشخانەكانی نێو نەخۆشخانەكەش، بە ئەمبوڵانس بەرەو نەخۆشخانەی دیكە گواسترانەوە.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: دوای كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، هێزە ئەمنییەكانی سەر بە پۆلیسی هەولێر و بەرگریی شارستانی، سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیارین لەڕێگەی سەیركردنەوەی كامێراكانی چاودێری و وەرگرتنی وتەی شایەدحاڵەكان و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكان، بۆ ئەوەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بزانین و دواتریش ڕای گشتی لێ ئاگادار بكەینەوە.

لەلایەكی دیكەوە: محەممەد عەبدولواحید، شایەدحاڵی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەیە و لەكاتی ڕووداوەكە لەنێو نەخۆشخانە بووە، تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، بەر لە گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانی بەشێك لە نەخۆشەكانیان بردووەتە دەرەوەی نەخۆشخانەكە بۆ ئەوەی دووچاری تەنگەنەفەسی نەبن.

ئەو شایەدحاڵە وتیشی بەئەگەری زۆرەوە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بەهۆی شۆرتی تەزووی كارەباوە بووە، بەڵام پێویستە تیمە شارەزاکان لێكۆڵینەوەی ورد لەمبارەیەوە بكەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ