لە هەولێر ڤایرۆسێکی مەترسیداری پەلەوەر بڵاودەبێتەوە

شەیری بکە لە:
لە هەولێر ڤایرۆسێکی مەترسیداری پەلەوەر بڵاودەبێتەوە

دیمەنی مریشک. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ڤایرۆسێکی مەترسیداری پەلەوەر بە ناوی "نیوکاسڵ" لە سنووری قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان مریشک و قاز و مراوی مرداربوونەتەوە. پزیشکێکی پسپۆڕی ڤێتێرنەری هۆشداری دەداتە خاوەن پەلەوەرەکان لە سەرتاسەری کوردستان و داوای خۆپارێزی و کوتان دەکات، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە فەرمی هیچ حاڵەتێکی تۆمارنەکردووە.

چیرۆکی سەرەکی: نزیکەی مانگێکە ڤایرۆسی نیوکاسڵ، کە ڤایرۆسێکی کوشندەی پەلەوەرە، لە سنووری قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاوبووەتەوە. ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بووەتە هۆی مرداربوونەوەی سەدان پەلەوەر لە ناوچەکەدا، بەتایبەت مریشک و قاز و مراوی. ماڵی وا هەیە لە ماوەی یەک یان دوو ڕۆژدا 10 پەلەوەریان لەدەستداوە.

بەدواداچوونی ئاڤا: ڤایرۆسی نیوکاسڵ تەنیا لە سنووری خەبات بڵاونەبووەتەوە، بەڵکو لە چەند ناوچەیەکی تریش تەشەنەی سەندووە. ئەم ڤایرۆسە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی هەواوە و زیاتر حەزی لە کەشوهەوای ساردە؛ هەتا کەشوهەوا ساردتر بێت تەمەنی ڤایرۆسەکە درێژتر دەبێت.

لێدوانی فەرمی: سوبحی کاکەیی، فەرمانبەری پزیشکی ڤێتێرنەری، بە ئاڤای گوت: "نزیکەی مانگێک دەبێت ڤایرۆسی نیوکاسڵ لەنێو پەلەوەر بڵاوبووەتەوە بەتایبەت مریشک و قاز و مراوی. ڕۆژانە چەندین کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ پەلەوەرەکانیان سەردانی دەکەن."

سەبارەت بە کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەر مرۆڤ، دکتۆر سوبحی ڕوونیکردەوە: "ڤایرۆسەکە مەترسیی لەسەر مرۆڤ نییە، بەڵام باشترە خۆی لێ بپارێزرێت. خەڵک بە دەستکێش و دەمامکەوە بچنە ناو پەلەوەرەکانیان باشترە." هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: "ئەو پەلەوەرانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن نابێت بکوژرێنەوە و گۆشتیان بخورێت، دەبێت فڕێبدرێن، باشتریشە ژێرخاک بخرێن."

زانیاریی زیاتر: لەسەر پرسی چارەسەر و خۆپاراستن، دکتۆر سوبحی گوتی: "باشترین ڕێگا خۆپاراستنە، پێویستە هەموو خەڵک پەلەوەرەکانیان بە ڤاکسینی نیوکاسڵ بکوتن، چونکە کاتێک پەلەوەرێک تووش دەبێت چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە: "مەترسی لەسەر دەواجنەکانیش هەیە و پەلەوەرەکانی ئەوانیش تووشی دەبن، بەڵام  خاوەن دەواجنەکان بەردەوام ڤاکسینی جۆراوجۆر لە پەلەوەرەکانیان دەدەن."

لەلایەکی دیکەوە: فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ئاڤای گوت: "ساڵانە لە کۆتایی وەرزی پایز و سەرەتای زستان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا چەند نەخۆشییەک لەنێو ئاژەڵ و پەلەوەر بڵاودەبنەوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا بەفەرمی هیچ کەسێک سەردانی نەکردووین و هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ