هۆزە عەرەبییەکانی مەخموور وەڵامی حەلبووسی دەدەنەوە: زیان بەپێکەوەژیان دەگەیێنیت

شەیری بکە لە:
هۆزە عەرەبییەکانی مەخموور وەڵامی حەلبووسی دەدەنەوە: زیان بەپێکەوەژیان دەگەیێنیت

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم

ئاڤا نیوز

هۆزە عەرەبییەکانی مەخموور وەڵامی سەرۆکی حیزبی تەقەدووم دەدەنەوە و دەڵێن، قسەکانی حەلبووسی زیان بە پێکەوەژیانی دووسەد ساڵەی ناوچەکەیان دەگەیێنێت و "ڕاستیش نین"، جەختیش دەکەنەوە لەوەی حکومەتی کوردستان هەم پارێزەر و هەمیش هۆکاری ئاسایش و ئاوەدانی ناوچەکانیانە.

چیرۆکی سەرەکی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوومی سوننەکان باسی لەو ناوچە کوردستانییانەی پارێزگای نەینەوا کرد لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەن و ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک لە مووسڵەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چووەتە کەرکووک، بازگەی پێشمەرگە و حەشدی بینیووە و لە بازگەی حەشدی هەستی بە دڵنیایی زیاتر کردووە، پرسیاری ئەوەشی کرد پێشمەرگە لەو ناوچانە چی دەکات کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن؟، ئەم قسەیەی حەلبووسیش ناڕەزایی خەڵکی کورد و عەرەبی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هۆزە عەرەبییەکانی قەزای مەخموور لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەیان بەوەکرد، هۆزە عەرەبییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان ماوەیەکی دوور و درێژە لەگەڵ کورد و کاکەییەکان بە ئاشتی پێکەوەدەژین، تائێستاش هەستیان بە هیچ سیاسەتێکی بە ئامانجگرتنی عەرەب لەلایەن حکومەتی کوردستان و هێزی پێشمەرگەوە نەکردووە، ئەگەر هەندێکجاریش ڕەفتاری تاکەکەسی یان کێشەیەکی کارگێڕی هەبێت ئەوە شتێکی ئاساییە وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق.

ئاماژە بەوەش دەکەن، حکومەتی کوردستان هاوکاری ناوچەکانیانە و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات، ئاسایش و ئارامیشی بۆ دابین کردوون بۆیە دژی ئەوەن دۆخی ژیانی خەڵک وەک کارتێکی سیاسیی بەکاربهێنرێت، چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە ئارامی و ئاوەدانی دەوێت، بۆیەش داوا لە سەرکردەکانی عێراق و لەناویاندا محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حیزبی تەقەدووم دەکەن بە کرداری بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بکات پێش ئەوەی قسەیان لەسەر بکات و زیان بە پێکەوەژیان بگەیێنێت.

سەرۆک هۆزەکانی گوێر و مەخموور لێدوانەکانی حەلبووسی دژی هەرێمی کوردستانیش سەرکۆنە دەکەن و بە ناڕاست ناوی دەبەن، داواش دەکەن دەستوور جێبەجێ بکرێت و دۆخی ناوچەکانیان یەکلایی بکرێتەوە، سوپاسی سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەن کە  گرنگییان بە ناوچەکانیان داوە و لە هەموو شەڕ و پشێوییەک پاراستوویانن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ