ئاڤای خەڵک؛ گوندی سوسێی خۆشناوەتی لە ناحیەی شۆڕش گرفتی ڕێگاوبانی هەیە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

خراپی شەقامی گوندی سوسێی ناحیەی شۆڕش، کە تەنیا چوار کیلۆمەتر و نیو دەبێت، بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی زۆر لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە.

چیرۆکی سەرەکی: دانیشتووانی گوندی سوسێی خۆشناوەتی، سەر بە ناحیەی شۆڕشی قەزای کۆیە، بۆ چەندین ساڵە چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی قیرتاوکردنی شەقامی گوندەکەیان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی دەکەن. خراپی رێگاوبان و نەبوونی ئاوی خواردنەوە ژیانێکی سەختی بۆ ئەو گوندنشینانە دروست کردووە، تا ئاستێک کە بە "گوندە بێ نازەکە" ناوی دەبەن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: فەرهاد عەبدوڵڵا، یەکێک لە خەڵکی گوندەکە، بە ئاڤای وت، بەهۆی خراپی رێگاکەوە، ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی زۆریان بەردەکەوێت، هاوکات لە وەرزی زستاندا قوڕ و لیتە قوتابییان لە گەیشتن بە قوتابخانە دوادەخات و ڕێگر دەبێت.

قارەمان عومەر، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە، بە ئاڤای وت، "گوندی ئێمە ناوی گوندە بێ نازەکەیە، بەهۆی خراپی ڕێگاکە ناتوانین تەنانەت جەنازەش ببەینە دوو قەبرستانەکەی سەرەوەی گوند."

لەلایەکی دیکەوە: جگە لە کێشەی رێگاوبان، کەمئاوی گرفتی سەرەکی دیکەی گوندەکەیە. دانیشتوویەکی دیکە دەڵێت: "ئێمە ئاوی خواردنەوەمان نییە و بە دەبە و جەلیکان دەیگوازینەوە. بەهۆی بێ ئاویەوە، ڕەز و باخەکانمان وشک بوون."

لێدوانە فەرمییەکان: سۆران ئەکرەم، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش، بە ئاڤای ڕایگەیاند: "با ڕۆژی یەکشەممە تەواوی داواکارییەکانیان لە ڕێگەی موختارەوە بۆ ئێمە بهێنن، بەسەرچاو هەوڵی جدییان بۆ دەدەین و خزمەتیان دەکەین."

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕەزامەندییان لەسەر دروستکردنی ڕێگاکە داوە، بەڵام گرفتی بودجەیان هەیە. ڕوونی کردەوە: "هەرکاتێک پارەی پێویست لە بانک هەبوو، دەست بە دروستکردنی دەکرێت." 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ