پەڵەی چاندنی گەنمی ئەمساڵ دەکەوێتە چ کاتێک؟

شەیری بکە لە:
پەڵەی چاندنی گەنمی ئەمساڵ دەکەوێتە چ کاتێک؟

کێڵانی زەوی لەلایەن جووتیارانەوە لە وەرزی داچاندن

ئاڤا نیوز

شەپۆلێكی چڕێ بارانبارین شار و شارۆچكەكانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام بەوتەی شارەزایانی بواری کشتوکاڵ پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆری باران هەیە بۆ ئەوەی پەڵە بدات.

وێنە گەورەکە: بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەرزییە و پاییز دەست پێ دەکات، لە وەرزی بەهاریشدا کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی بارانبارین بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، لە ناوچە شاخاوییەکان بارانیان مسۆگەرە، ناوچەکانی دیکەش ڕێژەی بارانبارینیان جیاوازە، لە هەندیک شوێن بارانی پێویست دەبارێت و هەندێک شوێنیش دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی کەمبارانییەوە.

لێدوانی فەرمی: مەروان حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور بە ئاڤای ڕاگەیاند: بۆ ئەوەی پەڵە بدات، پێویستە ئەو بارانەی باریوە لەسەرخۆ بووبێت و بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە وەستا بێت، نەک لە ماوەیەکی کەمدا و بە شێوەیەکی خێرا ببارێت، چونکە بارانی بەخوڕ بەسەر زەویدا دەڕوات و زەوییەکە دەرفەتی هەڵمژینی ئاوەکەی کەمتر دەبێت.

زانیاریی زیاتر: لە سنووری مەخموور نزیکەی چوار ملیم باران باریوە، ناوچەکە بۆ پەڵەدان پێویستی بە نزیکەی 150 ملیم هەیە، دوایین وادەش بۆ پەڵەدان لە سنوورەکە 15-12-2025، ئەگەر تا ئەوکاتە پەڵە نەدات، ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە.

جووتیارەکان چۆن پەڵەدان دیاری دەکەن؟

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور دەڵێت: جووتیارەکان بۆ ئەوەی پەڵە دەستنیشان بکەن، گاسنی تراکتۆر وەک پێوەر وەردەگرن، تەڕبوونی زەوی بەگوێرەی قووڵیی گاسنی تراکتۆر، پەڵەدان مسۆگەر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە: پەڵەدان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە ناوچە دەشتاییەکان و باشووری هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان و ناوچە شاخاوییەکان، بارانێکی زۆرتری پێویستە. دەکرێت لە ناوچەیەک بە 30 بۆ 50 ملیم بارانبارین پەڵە بدات، لە ناوچەیەکی دیکە ڕێژەکە جیاوازتر بێت و بچێتە سەرووی 150 ملیمەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: