سەندیکای مامۆستایانی عێراق هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکات

شەیری بکە لە:
سەندیکای مامۆستایانی عێراق هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکات

ئەندامانی سەندیکای مامۆستایانی عێراق

ئاڤا نیوز

سەندیکای مامۆستایانی عێراق، داواکارییەکانی ئەنجوومەنی ناوەندیی خۆی ڕاگەیاند، کە هەڕەشەی خۆپیشاندان لە سەرجەم پارێزگاکان و مانگرتن لەناو ناوەندەکانی خوێندن دەکات، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن.

چیرۆکی سەرەکی: هەرچەندە نزیکەی سێ مانگ بەسەر پەسەندکردنی هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕدەبێت، بەڵام بەم دواییانە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە سکاڵا لەسەر هەموارەکە لە دادگای فیدراڵی تۆماربکات، بەهۆکاری ئەوەی یاساکە بارگرانی خستووەتە سەرشانی حکومەت و ناتوانێت جێبەجێی بکات.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی سەندیکای مامۆستایان، ئەنجوومەنی ناوەندیی سەندیکا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی تانەی وەزارەتی دارایی لە یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە 22ـی ساڵی 2011. داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی تانەکە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بۆ جێگیرکردنی ماددەی 4/سێیەمی هەموارکراوی یاساکە لە بودجەی ساڵی 2026ـدا بکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەندیکا داوای خەرجکردنی سەرجەم شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی مامۆستایان دەکات، لەوانە:

•  خەرجکردنی زیادە مووچە و پلەبەرزکردنەوە.
•  جێگیرکردنی گرێبەستەکان.
•  دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دانی مووچەی گرێبەستەکان بەبێ دواکەوتن.
•  جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 271ـی ساڵی 2025.

پەیامی فەرمی: سەندیکا داوا لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی کوتلە براوەکانی هەڵبژاردنەکان دەکات، ڕێز لە ڕۆڵی نیشتمانیی مامۆستایان بگرن، کە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هەیانبوو و پشتیوانی لە مافەکانیان بکەن.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەنجوومەنی ناوەندیی ڕێوشوێنی تووندتر دەگرێتەبەر:

• خۆپیشاندان لە سەرجەم پارێزگاکان ڕۆژی چوارشەممە 19ـی 11ـی 2025 کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، لەبەردەم بارەگاکانی سەندیکا بەرەو دیوانی پارێزگاکان. لە بەغدا لەبەردەم وەزارەتی دارایی دەبێت.
• مانگرتن لەناو ناوەندەکانی خوێندن ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی 11ـی 2025.
• خۆپیشاندانێکی گەورەی یەکگرتوو ڕۆژی یەکشەممە 23ـی 11ـی 2025 کاتژمێر 11:00ـی بەیانی لەبەردەم وەزارەتی دارایی.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەندیکا جەخت دەکاتەوە کە مافی مامۆستایان کایەی گۆڕینەوە یان دواخستن نییە و ڕێگە بە دەستکاریکردنی کادرانی پەروەردەیی نادات.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ