زانیاریی له‌باره‌ی شه‌پۆلی بارانبارین و ڕاگه‌یاندنى پشوو

شەیری بکە لە:
زانیاریی له‌باره‌ی شه‌پۆلی بارانبارین و ڕاگه‌یاندنى پشوو

ئاڤا نیوز

ماوەی 24 کاتژمێرە شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی و ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان. 

چیرۆکی سەرەکی: شێخ دارا، پێشکەشکاری کەشوهەوای ئاڤا و شارەزای کەشناسی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین چڕ لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بێت و لە هەندێک ناوچەش بەفربارین دەبێت.

زانیاریی زیاتر: لە ڕۆژی ڕابردووەوە بارانبارینێکی باش باریوە، لەماوەی 24 کاتژمێریشدا زۆرترین بڕی باران لە ناحیەی دێرەلوكی سنووری ئامێدی باریوە کە 87 ملم بووە، كەمترین بارانیش لە كەركووك بووە تەنیا دوو ملم بووە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەپێی پێشبینیییەکانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، ئەم شەپۆلە سبەینێ بەردەوام دەبێت و لە زۆرینەی ناوچەكان بارانی بەلێزمە دەبارێت، لە هەندێك شوێن هەورەبروسكە و هەورە گرمەیشی لەگەڵدا دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانیش بەفر دەبارێت.

بەدواداچوونی ئاڤا: لەبارەی ئەگەری ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی ئاڤا بەدواداچوونی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ئەو مەبەستە نییە. 

لێدوانە فەرمییەکان: سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، كەشناسی هەڵسەنگاندن بۆ مەترسیی ڕووداوە سرووشتییەكان دەكات، بەڵام ڕاگەیاندنی پشوو لە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن، تەنیا لە دەسەڵاتی پارێزگار و سەرپەرشتیاریی ئیدارە سەربەخۆكانە، بەڵام بۆ ئێستا، دۆخەكە بەمجۆرە مەترسیدار نییە كە پشوو ڕابگەیێنرێت.

- ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: جارێ هیچ بڕیارێک نییە بۆ ڕاگرتنی دەوام، چونکە هیچ هۆکارێک نییە.

- سمکۆ سالار، قائممقایمی هەڵەبجە  و  پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت بە ئاڤای گوت، تاوەکو ئیستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی لە دامودەزگا حکومییەکان و ناوەندەکانی خوێندن  بکرێتە پشوو، چاوەڕێی بڕیاری کەشناسی و هەرێم دەکەین.

- یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش بە ئاڤایان ڕاگەیاند، دوام ئاسایی دەبێت.

- سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش ڕایگەیاند: لە هەر شار و شارۆچکەیەک لە ئەگەری دروستبوونی لافا و پاڵپشت بە ڕاپۆرتی کەشناسی،  دەستەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەدە  بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە دەوامی قوتابخانەکان ڕابگرن.

- عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش بە ئاڤای وتووە، جارێ هیچ بڕایارێکمان نەداوە بۆ وەستانی دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکان. 

نوێ دەکرێتەوە.. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ