ئاڤا دەقی ڕەشنووسی بەڵگەنامەی هاوبەشی کوردی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا بڵاودەکاتەوە
- ڕاپۆرت
- 26 نیسان

ئاڤا نیوز
ئەمڕۆ شەممە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە قامشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەنێوان لایەنە کوردییەکان و بە بەشداریی نوێنەری سەرۆک بارزانی دەستیپێكرد.
وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ شەممە ڕێککەوتنی 26ـی 26ـی 2025، بە بەشداری پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) کۆنفرانسی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد. بڕیاریشە ڕەشنووسێک لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا لە کۆنفرانسەکە ڕابگەیێنرێت.
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی وێنەیەکی ئەو ڕەشنووسەی کە دەست ئاڤا میدیا کەوتووە و لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد" لە سووریا ئامادە کراوە، باس لە هەردوو کایەی نیشتمانی سووریا و نەتەوەیی کورد دەکات.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەقی ڕەشنووسی بەڵگەنامەی هاوبەشی کوردی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا کە بڕیارە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد ڕابگەیێنرێت.
پێشەکی
لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانیی سووریدا، هەوڵ دەدەین بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵ و بەشداریی نیشتمانی لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی، دیموکراتی و ئازادیی ژنان. لەسەر ئەم بنەمایە، بەڵگەنامەی کوردی هاوبەش دیدگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردی لە سووریا پێشکەش دەکات:
یەکەم - لە بواری نیشتمانیی سووریدا:
1- سووریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوە، فرەئیتنیک، فرەکولتوور، فرەئایین و فرەتایفییە کە دەستوورەکەی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر دەکات لە عەرەب، کورد، سریان، ئاشووری، چەرکەس و تورکمان... و عەلەوی، دروز، ئێزیدی و مەسیحی... بەپێی بنەما سەرووی دەستوورییەکان.
2- دەوڵەتی سووریا پابەندە بە پەیماننامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بنەمای هاونیشتمانی یەکسان.
3- سیستمی حوکمڕانی لە سووریا پەرلەمانییە بە دوو ژوور کە پشت بە فرەیی سیاسی، دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەبەستێت، هەروەها ئەنجوومەنی ناوچەکان لە چوارچێوەی سیستمی لامەرکەزیدا دادەنێت.
4- سووریا دەوڵەتێکی لامەرکەزییە کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و لایەنەکان دەستەبەر دەکات.
5- ناوی دەوڵەت و ئاڵا و سروودی نیشتمانی دەبێت گوزارشت لە فرەیی نەتەوەیی و کولتووری کۆمەڵگای سووری بکات.
6- بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر بە ئایین و بیروباوەڕەکان و مافی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و دانپێدانان بە ئایینی ئێزدی وەک ئایینێکی فەرمی لە دەوڵەتدا.
7- دانانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر کە ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان بکات.
8- دەستەبەرکردنی یەکسانیی دەستووری لە نێوان پیاو و ژن و نوێنەرایەتیکردنیان لە هەموو دامەزراوەکاندا.
9- پاراستنی مافەکانی منداڵ وەک لە ڕێککەوتننامەی دەرچووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، یارمەتیدانیان لە دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان و فراوانکردنی ئەو دەرفەتانەی بۆ پەرەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانیان بەردەستن، لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە تایبەتەکانیان کە لەگەڵ سروشت و تەمەنیاندا دەگونجێن.
10- پێداچوونەوە بە دابەشکارییە کارگێڕییەکانی ئێستا، بەجۆرێک کە ڕەچاوی چڕی دانیشتوان (مرۆیی) و ڕووبەری جوگرافی بکات.
11- گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەوار و کەلەپوورە سوورییە دزراوانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات گوازراونەتەوە، بۆ شوێنە ڕەسەنەکانیان.
12- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردییەکان و هەموو ناوچەکانی سووریا و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەر و ئەوانەی بە زۆر دوورخراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، لەوانەش خەڵکی سەرێ کانیێ (ڕەئس العەین)، گرێ سپی (تل ئەبیەز) و عەفرین.
13- پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی دامەزرێنەر بە چاودێریی نێودەوڵەتی کە نوێنەرانی هەموو پێکهاتە سوورییەکان لەخۆ بگرێت بۆ داڕشتنی دەستوورێک لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراندنی حکومەتێک لە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانی سووری و پێکهاتەکانی بە دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی تەواوەوە.
14- مافی دەربڕین و فێرکردن بە زمانی دایک و مومارەسەکردنی کولتوور وەک مافێک بۆ هەموو پێکهاتەکان.
15- ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەشتی مارس وەک جەژنێک بۆ ژنان.
دووەم - لە بواری نەتەوەیی کوردیدا:
1- یەکخستنی ناوچە کوردییەکان وەک یەکەیەکی سیاسی و کارگێڕی تەواو لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا.
2- دانپێدانان بە بوونی نەتەوەیی گەلی کورد لە سووریا وەک گەلێکی ڕەسەن و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی بە شێوەیەکی دەستووری بەپێی پەیمان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش مافی لە پیادەکردنی ئازاد و یەکسانی مافە سیاسی، کلتووری و کارگێڕییەکان.
3- ڕێزگرتن لە قوربانیدانی شەهیدانی شۆڕشی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزە ئەمنییەکان و گیراوەکان کە لە زیندانەکان بوون، هەروەها شەهیدانێک کە لە شەڕی دژی داعش و کۆمەڵکوژییەکانیدا گیانیان بەختکرد، پشتگیریکردنی خێزانەکانیان و دابینکردنی مافەکانیان بەپێی یاسا.
4- لەبەرچاوگرتنی گەنجان وەک هێزێکی چالاک لە کۆمەڵگادا و دەستەبەرکردنی بەشداری و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەیان لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
5- دانپێدانانی دەستووری بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبی و دەستەبەرکردنی فێربوون و پەروەردە بەو زمانە.
6- دامەزراندنی ناوەند و بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە زمان، کەلەپوور، مێژوو و کولتووری کوردی، کردنەوەی ناوەندی میدیایی بە کەناڵی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی بە زمانی کوردی، بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار و چاپەمەنی بە زمانی کوردی، کردنەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوە، و دامەزراندنی پەیمانگا و زانکۆ لە ناوچە کوردییەکان.
7- دڵنیاکردنی نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن و ئەمنییەکانی دەوڵەت.
8- دانانی 21ی ئازار (مارس) وەک جەژنی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی لە وڵاتدا و 12ی ئازار (مارس) وەک ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی ڕاپەڕینی قامشلۆ.
9- هەڵوەشاندنەوەی هەموو سیاسەت، ڕێکار و یاسا نائاساییەکان کە دژی کورد پیادەکراون، وەک پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی و کردەوەکانی بەعەرەبکردن لە ناوچە کوردییەکان، قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانمەند بوون لە سیاسەتە جیاکارییەکان، و گەڕاندنەوەی بارودۆخەکان بۆ ئەوەی کە پێش دەرچوونی ئەم سیاسەتانە هەبوون، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە نهێنی و ئاشکراکان کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری سووریا و بوونی کورد هەیە.
10- گەڕاندنەوەی هاووڵاتیبوونی سووری بۆ هاووڵاتیانی کورد کە لە ئەنجامی سەرژمێری نائاسایی ساڵی 1962 لێی بێبەش کران، لەوانەش ئەوانەی تۆماركراون و تۆمارنەکراون.
11- پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە کوردییەکان و تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی سەرچاوەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەهۆی پەراوێزخستنی سیستماتیک و فەرامۆشکردنی ئەنقەست لە قۆناغەکانی پێشوودا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات
- عێراق
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
لەموسەننا دەستبەسەر 440 تۆن برنجی خراپ و ماوە بەسەرچوو دەگیرێت
- کولتوور
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوبەش جیهان گۆرانی "چاوەکەم" بڵاودەکاتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
قاقێ لە هەولێر دەستگیر کرا؛ کێ بوو و چی کردووە؟
5 کاتژمێر لەمەوپێش
یەکێتیی زانایان داوا دەکات کارئاسانی لە پرۆسەی هاوسەرگیری و مارەیی بکرێت
27 نیسان
شارەزایانی تەندروستی: کاهوو بەکتریای مەترسیدار لەخۆدەگرێت
27 نیسان
لە هەولێر دەنگۆی دروستکردنی تاوەری خەلیفە ڕەتدەکرێتەوە
27 نیسان
سپۆتیفای نرخی بەشداریکردن لە ئەپەکە بەرزدەکاتەوە
27 نیسان