
وێنەی ڕۆژنامەنووسێک و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
لە ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور RSF ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وڵاتی عێراق وەک ناوچەی سوور بۆ سەلامەتیی گیانی ڕۆژنامەنووسان ناوی هاتووە.
وێنە گەورەکە: بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە کۆی 180 وڵاتی ڕیزبەندییەکە، عێراق ڕیزبەندی 155ـی وەرگرتووە و لە هێڵی سووری کاری ڕۆژنامەنووسییە، نەرویج بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لە پلەی یەکەمدایە.
ساڵانە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور RSF ڕیزبەندی پێشێلکاری ڕۆژنامەنووسی لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەکاتەوە. بەپێی ڕیزبەندییەکە ئەمساڵ لە 42 وڵاتدا کە نیوەی دانیشتوانی جیهان لێی دەژین، ئازادی ڕۆژنامەگەری بەهیچ جۆرێک نەماوە.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئان بوکاندی، بەڕێوەبەری نووسین لە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت: لە چەند شوێنێکی جیهان ئازادی ڕۆژنامەگەری دابەزینێکی مەترسیداری تۆمار کردووە، فشاری ئابووری یەکێکە لەو پێشێلکارییانەی ڕووبەڕی ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە، ڕۆژنامەنووسان لەنێوان پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان و دابینکردنی توانا داراییەکان گیریان خواردووە.
کێشەی دارایی مۆتەکەی دامەزراوە میدیاییەکانە
ڕاپۆرتی ئەمساڵی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، خراپی دۆخی ئابووری ڕۆژنامەنووسان وەک پێشێلکارییەکی زەق دەخاتەڕوو.
لە کۆی 180 وڵاتی دەسنیشانکراو لەلایەن ڕێکخراوەکەوە، میدیای 160 وڵات ناتوانن سەقامگیریی دارایی بەدەستبهێنن، لەگەڵ ئەوەدا نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتان بەهۆی قەیرانی دارایی دەزگا میدیاییەکانیان دادەخەن، وەک ئەوەی لە ئەمریکا، ئەرجەنتین و تونس ڕوودەدات.
34 وڵات بەشێوەیەکی بەرفراوان دەزگای میدیاییان داخستووە، بەو هۆیەوە ڕۆژنامەنووسان بێ کار ماونەتەوە لەوانە؛
٠ نیکاراگوا پلەی 172
٠ بیلاڕووسیا پلەی 166
٠ ئێران پلەی 176
٠ ئەفغانستان پلەی 175
٠ ئەمریکا.. بیابانی ڕۆژنامەنووسان!
ڕاپۆرتی ڕێکخراوی RSF دەریدەخات، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا کە لە پلەی 57ـدایە و بە بیابانی ڕۆژنامەنووسان وێنا کراوە، لەو ماوەیە 14 خاڵ پاشەکشەی کردووە، %60ـی ڕۆژنامەنووسانی ویلایەتەکانی ئەریزۆنا، پەنسلڤانیا، فلۆریدا و نیڤادا پێیان وایە بە ئەستەم دەتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.
بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئاژانسی ئەمریکی میدیای جیهانی USAGM وەک ئەوەی لە دۆسیەی داخستنی دەنگی ئەمریکا VOA و داخستنی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا RFE/RL ڕوویدا، دۆخێکی سەختی دارایی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئەو دامەزراوانە دروستکردووە.
هاوکات ڕاگرتنی هاوکاریەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاژانسی ئەمریکا لە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی USAID بەلایەنی کەمەوە سەدان دەزگای میدیای خراونەتە ناو دۆخێکی دارایی زۆر قورسەوە بە تایبەت داخستنی دەزگای میدیاییەکانی سەر بەو ئاژانسە لە ئۆکرانیا.
بە مشتەکۆڵەی ئاسنین لە ڕۆژنامەگەری دەدرێ!
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی (گووگڵ، ئەپڵ، مێتا، ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت) بە مشتێکی ئاسنین زانیاری و ڕیکلامیان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم پلاتفۆڕمانە پابەندی هیچ جۆرە یاسایەک نین، قازانجی ڕیکلام لەو پلاتفۆڕمانە لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە زیاتر لە 247 ملیار دۆلار، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی بەڕێژەی %14 بەرز بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئەم پلاتفۆڕمانە ڕۆڵێکی گەورە لە چاوەشەکاری میدیایی دەبینن و دۆخی ئابووریی میدیا تێکدەدەن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ڕووبەرە سوورەکە
لەسەر نەخشەی وڵاتانی پێشێلکار، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەک پارچەی تەواو ڕەنگی سووری سەر نەخشەکەیان گرتووە، ئەمەش وەک ئاماژەی دۆخی مەترسیداری ڕۆژنامەنووسان کە ڕێژەی %52.63ـی مەترسییەکان پێکدەهێنن.
عێراق بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕووبەری سوور نەهاتووەتە دەرەوە و بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی زۆر مەترسیدارە.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی 18 مانگی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، نزیکەی 200 ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و چەندین باڵەخانەی ڕاگەیاندن وێران کراون، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل بخرێتە پلەی 112ـی وڵاتانی مەترسیدار.
چین؛ گەورەترین زیندانی ڕۆنامەنووسانە
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هاتووە؛ وڵاتانی ئاسیا بەڕێژەی %40.63 ڕێژەی مەترسیی کاری ڕۆژنامەنووسی پێکدەهێنن، چین لە پلەی 178 دێت تا ئێستا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسان دادەنرێت.
ڕاپۆرتەکەی RSF ئەمانەش لەخۆدەگرێت:
٠ لە ڕووسیا میدیاکان لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن.
٠ لە هەنگاریا دەوڵەت بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە کۆت و بەند لەسەر دابەشکاری ریکلام بۆ میدیاکان دادەنێت.
٠ جۆرجیا یاسای دەرەکی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکاردێنێت.
٠ لە تونس و پیرۆ و هۆنک گۆنگ، دەوڵەت تەنیا پشتگیری ئەو میدیایانە دەکات کە لایەنگری خۆین.
٠ ئوستورالیا، فینلاند و کەنەدا لە ڕیزبەندی وڵاتە باشەکانن بۆ ڕۆژنامەنووسان.
٠ ئەریتیریا لە پلەی 180 دێت هیچ جۆرە ئازادییەکی ڕۆژنامەگەری تێدا نییە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 4 خولەک لەمەوپێش
ئاڤا یەکێک لە گەندەڵییە گەورەکانی عێراق ئاشکرا دەکات
- کوردستان
- 51 خولەک لەمەوپێش
ئەو ژن و مێردە سواڵکەرەی فێڵیان لە هاووڵاتیان دەکرد دەستگیر کران
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
600 هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنرێت