
وێنەی ئاماژەیی بۆ ڤایرۆسی HIV، ئایدز
ئاڤا نیوز
بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کەمبوونەوەی بەرگریی لەش "ئایدز" لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، نیگەرانی لە ناوەندە تەندروستییەکاندا دروستکردووە، لە سایەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ناوچەکە کە زۆرتر گرنگی بە بابەتەکانی "لەکەدارکردن و نکۆڵیکردن" دەدات.
وێنەگەورەکە: ڤایرۆسی HIV کە هۆکاری نەخۆشیی ئایدزە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکان دادەنرێت، کە هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی لەش و توانای بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاواز دەکات، ئەمەش تووشبووان ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی دەکاتەوە. سەرەڕای بوونی چارەسەری نوێ کە ڕێگە بە تووشبووان دەدات لەگەڵ ڤایرۆسەکە بژین، بەڵام وەک پسپۆران ئاماژەی بۆ دەکەن دۆزینەوەی پێشوەختە بەردی بناغەیە لە سنووردارکردنی و بڵاوبوونەوەیدا.
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی سەرچاوەیەکی پزیشکی لە زیقار، نزیکەی 200 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە، لەگەڵ ترسی بوونی دەیان و ڕەنگە سەدان حاڵەتی نەدۆزراوە، بەهۆی ملکەچنەبوون بۆ پشکنینی خۆبەخشانە، یان بەهۆی ترس لە "شەرمەزاریی کۆمەڵایەتی" یان بەهۆی کەمیی هۆشیاری دەربارەی مەترسیی نەخۆشییەکە.
پارێزگای زیقار کە ژمارەی دانیشتوانی زیاترە لە دوو ملیۆن و 380 هەزار کەس، لە پلەی چوارەم دێت لە ڕووی چڕیی دانیشتوانەوە، هاوکات بە پابەندبوون بە داب و نەریتی عەشایەرییەکانیەوە ناسراوە. ئەم هۆکارانەش بەپێی پسپۆڕان "بەربەستێکی گەورە لەبەردەم هۆشیاریی تەندروستیدا دروست دەکات"، بەتایبەت ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندی بەو هەڵسوکەوتانەوە هەیە کە کۆمەڵگا بە "قەدەغە" یان "شەرمئامێز"ی دەزانێت.
ژمارەکان وا دەڵێن: یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز لە عێراق لە ساڵی 1986 تۆمارکرا، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 و لەگەڵ کرانەوەی سنوورەکانی عێراق بەڕووی دەرەوە، - لەوانەش زیقار - زیادبوونێکی بەرچاوی لە ژمارەی تووشبوونەکاندا بەخۆیەوە بینی، ئامارەکانی دەزگای ناوەندیی ئامار ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە عێراق لە ساڵی 2018ـدا 111 تووشبوون بووە، لەوانە چوار حاڵەت لە زیقار، بەڵام لە ساڵی 2022 ژمارەکە گەیشتە 430 حاڵەت، لەنێویشیاندا زیقار 29 حاڵەت.
چارەسەرەکان: بە بڕوای پسپۆڕان گرنگترین هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە لە بڵاوکردنەوەی کلتووری پشکنینی خۆبەخشانە و پەیڕەوکردنی گوتارێکی تەندروستیی ژیرانە دایە کە نەخۆشییەکە لە بازنەی "ڕیسوایی"یەوە دەردەهێنێت بۆ "خۆپارێزی و چارەسەر".
لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەکی پزیشکی لە فەرمانگەی تەندروستیی زیقار بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان بە ڤایرۆسی "ئایدز" لە پارێزگاکە تۆمارکراون، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕێژەی 70%ـی ئەم تووشبوونانە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە سێکسییە نایاساییەکان و زۆربەی جار بەرهەمی گەشتکردنە بۆ وڵاتانی هەرێمی و دراوسێ.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە "خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە لە ڕۆشنبیریی تەندروستیی پێشوەخت دەست پێدەکات، بەتایبەتی لە ژینگەی قوتابخانەدا.
جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی پشکنینی مەیدانی لە ناو گەڕەکەکاندا کارێکی زۆر قورسە، بەهۆی ئەو لەکەدارکردنە کۆمەڵایەتییە بەهێزەی کە نەخۆشییەکە هەڵیدەگرێت کە لەوانەیە ڕێگر بێت لە قبوڵکردنی پشکنینی خۆبەخشانە و ڕێگری بکات لە کرانەوە بۆ ئەم جۆرە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە دابەشبوونی تووشبووەکان، ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە "پیاوان زیاتر لە 60%ـی کۆی تووشبووان پێک دەهێنن و زۆربەیان لە گرووپی تەمەنی نێوان چل و پەنجا ساڵیدا چڕ دەبنەوە، لە کاتێکدا ڕێژەیەکی نزم لە تووشبووەکان لە نێو گرووپی گەنجاندا تۆمار دەکرێت".
پەیوەست بەو بابەتە، پێشتر ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو کە عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کەمبوونەوەی بەرگریی لەش (ئایدز)ـی تۆمارکردووە، لەوانە 470 حاڵەتی مردن، جەختیشی کردەوە کە ئەم ژمارانە هێشتا لە چوارچێوەی ڕێژە جیهانییەکاندا زۆر کەمترە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە چەند حاڵەتێکی دەگمەن هەن لەنێو تازە لەدایکبوواندا بەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە دایکەوە بۆ منداڵ، یان لە ڕێگەی گواستنەوەی خوێنەوە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی نوێ تۆمار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە: دکتۆر سادق موسەوی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵگا لە تەندروستیی زیقار، بۆ ئاڤا میدیا جەختی لەوە کردەوە کە "تووشبووان بە ڤایرۆسی کەمبوونەوەی بەرگریی لەش (HIV) دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و سەلامەت بژین بە مەرجی پابەندبوون بە چارەسەرەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێکی و ئەنجامدانی پشکنینی خولی بۆ چاودێریکردنی ڕێژەی ڤایرۆسەکە لە خوێندا".
موسەوی ڕوونی کردەوە کە "چارەسەری بەردەست لە ئێستادا، یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی کاریگەر دەدات، کە وا لە تووشبوو دەکات لە بارودۆخی ئاساییدا ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دیکە نەگوازێتەوە، چ لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەرگیری یان کۆمەڵایەتی بێت، بە مەرجی سەرپێچی نەکردن لە پلانی چارەسەر".
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 5 خولەک لەمەوپێش
قەڵای هەولێر ڕووناک دەکرێتەوە
- کوردستان
- 14 خولەک لەمەوپێش
داوای پێکهێنانی دادگایەکی تایبەتمەند بە زێدەڕۆیی دەکرێت
- تەندروستی
- 38 خولەک لەمەوپێش
پزیشکێکی کورد دەرمان بۆ جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجە دەدۆزێتەوە
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێف ئای بی و چەندین بانک ڕاکێشانی پارە لە دەرەوە زۆر سنووردار دەکەن
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
هۆکارەکانی پشت دابەزینی خێرای بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق
9 کاتژمێر لەمەوپێش
50 ملیۆن دۆلاری خەڵک بەناوی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنییەوە مایەپووچ دەکرێت
23 کاتژمێر لەمەوپێش
لە سنووری هەولێر سەفاری پارکێک دروست دەکرێت
7 ئایار
گەلەریی جەلال عازەبانی لە هەڵەبجە داخرا
2 ئایار
دوو گەنجی ژینگەدۆست زبڵ و خاشاکی سەیرانکەران پاک دەکەنەوە
2 ئایار
- ڕاپۆرت
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.. باشترکردن یان ئاڵۆزیی بەردەوام؟
- جیهان
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەو جەنگەی هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە خەریکە دەستپێدەکات
- بزنس
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆکارەکانی پشت دابەزینی خێرای بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق