ئایا دەسەڵاتدارانی عێراق لە چارەسەرکردنی مەتەڵی درۆنەکاندا شکستیان هێناوە؟

شەیری بکە لە:
ئایا دەسەڵاتدارانی عێراق لە چارەسەرکردنی مەتەڵی درۆنەکاندا شکستیان هێناوە؟

دیمەنی درۆنێک. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

عێراق چوارەمین هێرشی تووند و نهێنی ئامێزی بەخۆیەوە بینی، کە بە درۆن و مووشەکی نەناسراو لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە و بنکەی سەربازی و ئابووریی گرنگی کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی ئەو لایەنەی لەپشتی هێرشەکانەوەیە یان شوێنی هەڵدانی درۆن و مووشەکەکان ئاشکرا بکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی دووشەممە 2025-06-30، عێراق هێرشێکی مووشەکیی تۆمار کرد کە بنکەی سەربازیی کەرکووکی کردە ئامانج کە دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە. چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، بەدیاریکراوی بەرەبەیانی سێشەممە، 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر پاڵاوگەی نەوتیی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەددین.

لە 24ـی حوزەیرانی ڕابردوودا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر هەردوو بنکەی تاجی لە بەغدا و بنکەی ئیمام عەلی لە ناسرییە، کە بووە هۆی تێکشکاندنی دوو ئامێری ڕاداری سەر بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.

پێش ئەوەش، بەدیاریکراوی لە 18ـی ئایاری ڕابردوودا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر یەکێک لە بەشە هەستیار و گرنگەکانی پاڵاوگەی بێجی و بەتەواوی وێرانیان کرد، وەک چۆن ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنرابوو، جەختی لێکردەوە.

زانیاریی زیاتر: خاڵی هاوبەشی هەر چوار هێرشەکە ئەوەیە کە بە "نەناسراو" تۆمارکراون، چونکە ناسنامەی درۆنەکان و لایەنی ئەنجامدەر بە شێوەیەکی ڕوون دیاری نەکراوە.

سەبارەت بە دوو هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر بنکەی سەربازیی کەرکووک و پاڵاوگەی بێجی، دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان کردووە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کارگێڕیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە ڕاگەیێنراوێکدا کەوتنەخوارەوەی سێ مووشەکی سەرچاوە نادیاری لە فڕۆکەخانەکە پشتڕاست کردەوە و ڕوونیکردەوە کە دوو مووشەک لە بەشە سەربازییەکەی فڕۆکەخانەکە و یەکێکیشیان لە بەشە مەدەنییەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە.

کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە جەختیشی کردەوە کە ڕووداوەکە تەنیا بووەتە هۆی برینداربوونی کەسێک بە سووکی و هیچ زیانێک بەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانە و دامەزراوەکانی نەکەوتووە و خشتەی گەشتەکانیش وەک خۆی بەردەوامە.

لەلایەکی دیکەوە: دەسەڵاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، کەمپێکی ئاوارەکان لە شارۆچکەی زاخۆ، کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج، کە لەسەر قوتابخانەیەک لەناو کەمپەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.

لە پارێزگای سەڵاحەددینیش، میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە بەرگریی زەمینیی سوپای عێراق درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە ویستوویەتی پاڵاوگەی بێجی بکاتە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک تۆمار بکرێت. لەکاتێکدا هەواڵی دیکە لە ئاژانسە ناوخۆییەکانەوە باس لەوە دەکەن کە چەندین درۆن هێرشەکەیان ئەنجام داوە بۆ کردنە ئامانجی گرنگترین پاڵاوگەی عێراق، بەڵام پێش گەیشتنیان بەرپەرچ دراونەتەوە.

لێدوانی فەرمی: بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند: "دەسەڵاتداران دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان کردووە و بانگهێشتی ئەفسەران و فەرماندە ئەمنییە مەیدانییەکانیان کردووە سەبارەت بە هێرشەکان".

وتیشی: "هێشتا زووە بۆ زانینی ئەو لایەنەی ئەم هێرشانەی ئەنجام داوە، بەڵام دەتوانرێت بوترێت داعش لە ڕووی سەربازییەوە توانای ئەنجامدانی هێرشی لەم جۆرەی نییە لە ئێستادا. لێکۆڵینەوەش دەکرێت لە بوونی گرووپی دەرەوەی دەوڵەت کە بەرپرس بن لەم دەستدرێژیانە". جەختیشی کردەوە کە "ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، تەواو عێراقین و هیچ چالاکییەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدا نییە".

هەنگاوەکانی پەرلەمان

لەم نێوەندەدا، عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، ئاشکرای کرد کە لیژنەکەیان هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکارییە دووبارەبووەکانی درۆنە نەناسراوەکان کە دامەزراوەی سەربازی و مەدەنییان لە چەندین پارێزگای عێراق کردووەتە ئامانج.

بەنداوی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لیژنەکە بڕیاری داوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی ئەم دواییە و بەزاندنی ئاسمانی عێراق و کردنەئامانجی ڕاداری بەرگریی ئاسمانی لە سەربازگەی تاجی".

وتیشی: "درۆنەکان کردەوە دوژمنکارییەکانیان دووبارە کردەوە بە کردنەئامانجی فڕۆکەخانەی کەرکووک و هەوڵدان بۆ کردنەئامانجی پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین".

جەختیشی کردەوە کە «لیژنەی پەرلەمانی دوای 10ـی مانگی موحەڕەم لە هەفتەی داهاتوودا کۆدەبێتەوە و میوانداریی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی بەرگری دەکرێت بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاریی پێشێلکارییەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەت لەمبارەیەوە گرتوویەتیەبەر".

لێکدانەوەی شارەزایان:  هۆکاری سیاسی و دەستی دەرەکی

ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی و ستراتیژی، پێشبینی دەکات ئەو لایەنانەی هێرشەکانیان ئەنجام داوە، ناوخۆیی بن و هێرشەکانیان لەناو سنووری عێراقەوە بۆ مەبەستی سیاسی ئەنجام دابێت.

شەریفی لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیا عێراقییەکان وتی: "داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەت دەکرێت بە تووندی و بەهێزی مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشانەدا بکەن کە دەستیان کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی گریمانەی خۆبەدوورگرتن کە حکومەتی عێراق پەیڕەوی دەکرد" وتیشی: "پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و سپاردنی دۆسیەکە پێیان، چیتر جێی باوەڕی ڕای گشتیی عێراق نییە".

وتیشی: "ئەو زانیارییانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەوە وەردەگیرێن، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەوە ئەنجام نەدراون، بەڵکو لەناوخۆی عێراقەوە و لەلایەن لایەنی ناوخۆییەوە بووە، بەتایبەتی کە ئەو مووشەکانەی ئاراستەی بنکە و فڕۆکەخانەی کەرکووک کران (کە بەکارهێنانی مەدەنی و سەربازیی هەیە)، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە شوێنی هەڵدانیان لە دەرەوەی عێراق نەبووە".

شەریفی ئاماژەی بەوەش کرد کە "پاڵنەری پشت ئەم هێرشانە سیاسییە، بەڵام هیچ پاساوێکیان نییە، چونکە دەبوو لە ڕێگەی سیاسییەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن" و هۆشداریی دا لەوەی کە "بەکارهێنانی تووندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان، عێراق بەرەو مەترسی دەبات، بەتایبەتی کە ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتیی دادەنرێت ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن و دەسەڵاتداران ڕێگرییان لێ نەکەن". ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی سزا یان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نێودەوڵەتی ببێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانە".

شەریفی هەروەها ڕایگەیاند: "ئاشکرانەکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان جێگەی سەرسوڕمانە، بەتایبەتی کە شوێنی هەڵدانی فڕۆکەکە و ناسنامەکەی لە ڕێگەی دیزاین و ڕێکارەکانی چاودێریکردنی ئەو فڕۆکانەوە دەزانرێت". جەختیشی کردەوە کە "هێرشکردنە سەر پاڵاوگەی بێجی دوای ئەو هەوڵە سەختەی بۆ ئاوەدانکردنەوە و کارپێکردنی درا، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو لایەنانەی ئەنجامیان داوە، وەلائیان بۆ دەرەوەی سنوورە نەک بۆ عێراق و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم کارانەوە وڵات بەرەو نادیار و هەڵدێر ببەن".

تۆمەتی ناڕاستەوخۆ بۆ گرووپە چەکدارەکان

لەگەڵ بەردەوامیی بێدەنگیی حکومەت بەرامبەر هێرشەکان، پەرلەمانتار ماجد شنگالی ئاماژە بە تێوەگلانی لایەنێکی سیاسی دەکات کە خاوەنی گرووپێکی چەکدارە لەو هێرشانەدا.

پەرلەمانتار ماجد شنگالی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: "ئەو لایەنەی نزیکترینە لە ئەنجامدانی هێرشەکان بە درۆن و مووشەک، گرووپە چەکدارەکانن" جەختیشی کردەوە کە "ئامانج لێی سیاسی و ئابوورییە، بۆ دوورخستنەوەی گومانی گەندەڵی لەو لایەنەی وەبەرهێنانی لە پاڵاوگەی بێجیدا کردووە، کە هەر خۆی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەکە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا پێکهێنا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی درۆن بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو گەندەڵییە گەورەیەی لایەنی وەبەرهێنەر کە بووە هۆی شکست لە کارپێکردنی پاڵاوگەکە و تەقینەوەی یەکێک لە تانکییە سەرەکییەکانی".

سەرەڕای ئەوەی هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی لەئەستۆ نەگرتووە و حکومەتی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە، بەڵام هاوکاتیی هێرشەکان لەگەڵ گرژییەکانی ناوچەکەدا، ئاماژەیە بۆ ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم سەروەری و سەقامگیریی وڵاتەکە.

پەیوەندی بە ململانێی ئێران - ئیسرائیلەوە

هیلال عوبەیدی، توێژەر و شیکاری سیاسی، جەخت دەکاتەوە کە دیارترین ئاماژەی هێرشە دووبارەبووەکان ئەوەیە کە دۆخی ئەمنی لە عێراقدا هێشتا لەرزۆکە و سەروەریی ئاسمانیی عێراق بوونی نییە و پێشبینی دەکات عێراق لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هێرشی لەم جۆرە ببێتەوە.

عوبەیدی لە وتووێژێکدا میدیای عێراقی ڕایگەیاند: "ئاماژەکانی هێرشەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ لەرزۆکیی دۆخی ئەمنی لە عێراق و کۆنترۆڵنەکردنی ئاسمانی عێراق، ئەمەش وا دەکات پێشبینیی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە لە داهاتوودا بکرێت".

وتیشی: "ئەو لایەنانەی تێوەگلاون، هەوڵ دەدەن ناوخۆی عێراق بشێوێنن بۆ ئەوەی خزمەتی بەرژەوەندیی دەرەکی بکەن، بەتایبەتی کە عێراق لە دۆخی جەنگدا نییە و لایەنیش نییە لەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە".

ڕوونیشیکردەوە: "ئەوەی ڕوویداوە لە کردنەئامانجی دامەزراوە سەربازی و ئابوورییەکانی عێراق، هاوشێوەی ئەو پێشێلکارییەیە کە لەناوخۆی ئێراندا ڕوودەدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێوەگلانی لایەنی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە لەو هێرشانەدا، هەرچەندە بەدووریشی نەزانی کە گرووپە لایەنگرەکانی ئێران ئەنجامیان دابێت".

لە درێژەدا وتی: "هێرشی لەم جۆرە لە داهاتوودا پەرەدەسێنێت و ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستا زەمینە بۆ ئۆپەراسیۆنی دیکە خۆش دەکەن، بەتایبەتی کە گەڕی یەکەمی شەڕی ئێران-ئیسرائیل کۆتاییهات بەبێ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بوو". ڕوونیشیکردەوە کە "پێشبینی دەکرێت گەڕی دووەمی شەڕ بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران ڕووبدات".

عوبەیدی جەختی کردەوە کە "هێرشەکان بێتوانایی حکومەتیان سەلماند لە ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییانە یان لانی کەم ئاشکراکردنیان، بەبێ ئەوەی بزانرێت بێتواناییەکە لە نەزانینی لایەنی هێرشبەرە، یان لە ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرە". ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەموو ئەم کارانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدایە کە بانگەشە بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی ئێران، کە بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەری لەسەر داهاتووی گرووپە عێراقییە لایەنگرەکانی ئێران دەبێت".

زانیاریی نوێ: درۆنەکان لەناو ئێرانەوە هەڵدراون

پێشتر، نزار حەیدەر، شیکاری سیاسیی نیشتەجێی ئەمریکا، ئاشکرای کردبوو کە زانیاریی لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی لە بەغداوە پێگەیشتووە کە دەڵێت هەموو ئەو فڕۆکانەی هێرشیان کردووەتە سەر سەربازگەکانی تاجی و ئیمام عەلی، فڕۆکەی مەودا دوور بوون و لە ئاراستەی سنووری عێراق-ئێرانەوە هاتوون.

حەیدەر وتیشی: "ئێرانییەکان جەختیان کردووەتەوە کە لەو ماوەیەدا هیچ چالاکییەکی سەربازی لەسەر سنوور نەبووە و بۆ لایەنی عێراقی دەرکەوتووە کە فڕۆکەکان لەلایەن ئەندامانی مۆسادەوە لەناو ئێرانەوە هەڵدراون، بۆ پاککردنەوەی ئاسمانی عێراق لە هەموو ئەو شتانەی کە ڕێگری لەو مووشەک و فڕۆکە ئیسرائیلییانە دەکەن کە لە بۆردوومانی ئاسمانیی ئەگەریدا بۆ تیرۆرکردنی ئەو سەرکردانەی گرووپەکان بەکاردەهێنرێن کە بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە".

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ