بۆ چارەسەرکردنی گرفتی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، فەرمانبەران لە ڕۆژانی پشوو دەوام دەکەن

شەیری بکە لە:
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، فەرمانبەران لە ڕۆژانی پشوو دەوام دەکەن

فۆرمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان

ئاڤا نیوز

بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی فۆرمی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان و ڕەوانەکردنی زانیارییەکان بۆ بەغدا، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی پشوودا دەوام دەکەن و ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.

وێنە گەورەکە: پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک زیاتر لە دوو مانگە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستپێکردووە، کۆتا وادەش بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، ڕۆژی 25ـی ئەم مانگەیە، بەشێک لە هاووڵاتیان گرفتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەیان هەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگاکان هەڵدەستن بە پڕکردنەوەی فۆرمەکان لە بری هاووڵاتیان و ناردنی بۆ بەغدا بە ڕێگەی ئیمەیڵ، بۆ ئەوەی ناویان داخیڵی سیستم بکرێت و لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، ڕایگەیاند: بە مەبەستی تۆمارکردنی فۆرمی ئەو هاووڵاتیانەی کە گرفتی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنییان هەیە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕۆژانی پشووشدا لە ئەرک بەردەوامن، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دروست بووە.

چارەسەر چییە: لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی شارەکان، فۆرمێک بە هاووڵاتیان دەدرێت کە بەدەستنووس پڕی دەکەنەوە، دوای داخیڵکردنی زانیارییەکان لە داتابەیسی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و بەدواداچوون سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکرێت لە بەغدا، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بۆیان چارەسەر بکرێت.

لێدوانی فەرمی: نەوزاد شێخ کامێل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بەو پێیە پرۆسەی پرکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تا 25ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتیان خێراتر دەکەن و هەوڵدەدەن سوود لە دەرفەتی کات وەربگرن و لە ڕۆژانی پشووشدا دەوام دەکەن.

زانیاریی زیاتر: کۆی گشتیی ڕێژەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنیان پڕکردۆتەوە 83%ـی تێپەڕکردووە، بڕیارە دوای 1-9-2025 خزمەتگوزارییەکانی زیادکردنی ناوی منداڵ و جیاکردنەوەی فۆڕمی خۆراک، ئەوانەی هاوسەرگیریان کردووە، زیادکردنی تاک و گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک دەستپێبکات.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ