ئاڤا نووسراوی فەرمی حکومەتی عێراق لەبارەی داهاتی ناوخۆی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بڵاو دەکاتەوە

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ئاڤا نووسراوی فەرمی حکومەتی عێراق لەبارەی داهاتی ناوخۆی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بڵاو دەکاتەوە

گرافیکی پرسی مووچە

ئاڤا نیوز

ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر داهاتی ناوخۆیی و شێوازی دابەشکردنی، گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. دوای شکستخواردنی هەوڵەکانی دانوستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەفەرمی نووسراوی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی یاسایی و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە. شارەزایانی یاساییش مەترسی ئەوەیان هەیە پرسەکە لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلا ببێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرا و تاووتوێی ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان شاندەكانی هەولێر و بەغدا كرا،  سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، هەولێر و بەغدا بۆچوونیان جیاوازە، لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكە خرایەڕوو و زۆرینەی وەزیرەكان ڕایان لەگەڵ بۆچوونەكەی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام تەیف سامی لە دژی بوو بۆیە ناچار سوودانی بڕیاری دا تۆپەكە بخاتە گۆڕەپانی ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە و نووسراو بكات و ڕاوبۆچوونی ئەو ئەنجوومەنە بزانێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت.

کێشەکە چییە: ناکۆکی سەرەکی لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانە. لە سەرەتادا حکومەتی عێراق داوای کردووە کە هەرێم 100%ـی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، لە بەرامبەردا بەغدا 50%ـی داهاتی گومرگی بۆ هەرێم بنێرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە و وتوویانە تەنیا 50%ـی داهاتی گومرگ رادەست دەکەن و ئەوی تر بۆ خۆیان دەمێنێتەوە.

لە هەوڵێکی دواتردا و بەمەبەستی دڵنیابوون لە ناردنی مووچە و خێراکردنی پرۆسەکە، شاندێکی کوردستان نەرمی نواندووە و ڕازی بوون کە 50%ـی داهاتی فیدراڵی و گومرگ و باج بدەنە حکومەتی عێراق، تەنیا داوایان کردووە کە 100%ـی ڕسووماتی ناوخۆ بۆ کوردستان بێت، ڕسووماتی ناوخۆش شتێکی ئەوتۆ نییە کێشەی لەسەر بێت و مانگانە بڕێکی کەمە، بەڵام ئەم پێشنیازەش لەلایەن بەغداوە ڕەتکراوەتەوە.

مەترسییە پێشبینیکراوەکان: شیکردنەوەی ئاڤا بۆ نووسراوەکە لەلایەک و شارەزایان و پسپۆرانی یاسایی لەلایەکی دیکەوە، دەریدەخەن کە سپاردنی ئەم پرسە بە ئەنجوومەنی دەوڵەت هەڵەیە و دوو مەترسی گەورەی لەسەرە:

کات: فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە کە کات لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستان نییە. هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی خراپی لەگەل دادگاکان، بەتایبەت دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی دەوڵەت هەیە، ئەگەر ئەنجوومەنی دەوڵەت بیەوێت کێشەکە درێژ بکاتەوە، ئەوا ناردنی مووچە زیاتر دوادەکەوێت. بۆیە ئێستا ترس هەیە کاریگەری سیاسی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت هەبێت، سەرچاوەیەکی باڵای کوردیش لە بەغدا رایگەیاندووە، ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەکە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام ئەگەر نا، کاتێکی زۆری پێدەچێت.

بڕیار لە دژی کوردستان: فازڵ نەبی هۆشداری دەدات کە مەترسی هەیە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بڕیار بدات. ئەو یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراقی بە "مەتاتی" وەسف کردووە کە "مەجالی تەفسیری تێدایە"، و ئەگەر ئەوان تەفسیر بۆ یاساکە بکەن، لەوانەیە کێشەکە لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق یەکلایی بکەنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر ئەو ئەنجوومەنی دەوڵەتە (کە پێشتر ناوی ئەنجومەنی شوورا بوو) یاسای نەوت و گازی عێراقی تێکداوە و نەیانهێشتووە تا ئێستا یاساکە دەربچێت، بۆیە ترس هەیە کاریگەری سیاسی لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە: شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێک بۆ ئاڤا، پشتگیری ئەم بۆچوونە دەکات و دەڵێت نووسراوەکەی حکومەتی عێراق "لە بەرژەوەندیی خۆیان نووسیویانە، بە دڵی خۆیان بەڵگە و پاساوی یاساییان بۆ هێناوەتەوە."

چارەسەرەکان: فازڵ نەبی پێشنیاز دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات داوا لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات نووسراوەکە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت رابگرێت. ئەو دەڵێت: "ئەگەر بەو جۆرەی عێراق دەیەوێت ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیاری لێ بدات، ئەوا بۆ هەتا هەتایە دەبێتە ماڵ لەسەر حکومەتی کوردستان."

جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم بەپێی یاساکان مافی خۆیەتی پابەند نەبێت بە بڕیارێک کە زوڵمی لێ دەکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات کە ئەگەر کوردستان پابەند نەبێت، بەغدا مووچە نانێرێت و بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەتیش دەکاتە بیانوو.

بۆیە، فازڵ نەبی پێی وایە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا بکات دەرفەتێکی تر بە شاندەکانی دانوستانکاری هەردوولا بدرێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن. ئەمەش پێویستی بە نەرمی نواندنی زیاتری هەردوولا هەیە بۆ ئەوەی خۆیان کێشەکە یەکلایی بکەنەوە نەوەک ئەنجوومەنی دەوڵەت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ