تەیف سامی وادەی ناردنی مووچەی مانگی حەوت ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
تەیف سامی وادەی ناردنی مووچەی مانگی حەوت ئاشکرا دەکات

گرافیکی مووچەی مانگی حەوت

ئاڤا نیوز

بەپێی نوێترین زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراقەوە دەست ئاڤا کەوتوون، بڕیارە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، بەغدا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. 

چیرۆکی سەرەکی: دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی کوردستانی دا. چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارەکە ڕەوانە بکرێت.

زانیاریی تایبەت: بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، کە لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق قسەی کردووە، بە ئاڤای وت، تەیف سامی وتویەتی، ناتوانن ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە پارە بنێرن، چونکە لەو دوو ڕۆژەدا مووچەی چەند وەزارەتێکی عێراق دابەش دەکرێت، ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە ڕۆژی سێشەم یان چوارشەم ڕەوانەی دەکەین. ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق خۆیشی کێشەی نەقدی هەبووە و مووچەی فەرمانبەرانی نزیکەی 10 ڕۆژ دواکەوتووە.

هۆکارە زانراوەکان: هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچە، کێشەی نەقدی بووە لە عێراق. ئەگەر پارەکە وەک بەڵێنی دراوە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بگات، ئەوا پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت بکرێت.

هەنگاوی داهاتوو: لەبارەی مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی داهاتوو، بەرپرسانی باڵای کورد لە بەغدا داوایان لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە کە لە سەرەتای مانگی 10 تاوەکو ناوەڕاستی هەمان مانگ،  خەرجیان بکات.

لەلایەکی دیکەوە: ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجامدا. لەم پەیوەندییەدا، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ مووچەیەک لە مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی کوردستان بفەوتێت. هەروەها داوای لە سوودانی کرد کە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ